لەبارەی دراما بیانییەكانەوە وەزارەتی ڕۆشنبیریی وەڵامی ئەوقاف دەداتەوە

وەزارەتی ئەوقاف دراما بیانییەکان و بەتایبەت تورکییەکان بە هۆکاری جیابوونەوەی خێزانەکان دەزانێت و داوا لە وەزارەتی ڕۆشنبیریی دەکات سنووریان بۆ دابنێت، وەزارەتەکەش دەڵێت: پێویستە لیژنەیەك لە كەسانی پسپۆر و لایەنە پەیوەندیدارەكان پێكبهێنرێت بۆ بابەتیانە مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو بابەتە.


ئەمڕۆ، شیروان عەزیز، بەڕێوبەری گشتیی ڕاگەیاندن و چاپ و بڵاوکردنەوە لە وەزارەتی ڕۆشنبیریی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بینای وەزارەت کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیی ئەنجامدا و وەڵامی نووسراوێکی وەزارەتی ئەوقافی دایەوە، کە چەند ڕۆژێک بەر لە ئێستا ئاڕاستەیان کردوون.

وەزارەتی ئەوقاف لە نووسراوە کەیدا کە ئاڕاستەی وەزارەتی ڕۆشنبیریی كردووە، دیاردەی جیابوونەوە و بەشێك لە كێشە كۆمەڵاَیەتییەكانی گەڕاندووەتەوە بۆ دراما بیانیەكان بە تایبەت توركییەكان، داواشی لە وەزارەتی ڕۆشنبیریی كردووە سنوورێك بۆ ئەو درامایانا دابنرێت، كە لەگەڵ ئادابی كوردەوارییدا ناگونجێت.

لە کۆنگرەکەدا، شیروان عەزیز، وتی: وەزارەتەکەمان کار بە ڕێنمایی ژمارە ١ی ساڵی ٢٠١٤ دەکات، کە تایبەتە بە ڕێکخستنی فریکیۆنسی و مۆڵەتی ڕادیۆ و تەلەفیزیۆنەکان، ئەویش بە پشت بە ستن بە ماددەی دوو بڕگەی نۆ لە یاسای وەزارەتی ڕۆشنبیریی و یاسای ژمارە ٣٥ی کاری ڕۆژنامەگەریی ساڵی ٢٠٠٧ کە لە پەرلەمانی هەرێمی کوردستان دەرچووە.

ڕوونیشیکردەوە: بەپێی ئەو ڕێنماییە پێویستە میدیای بینراو و بیستراو زیان نەگەیەنن بە نەریت و بەرژەوەندیی گشتیی، هەروەها دوورکەونەوە لە تێکدانی ئاشتەوایی کۆمەڵایەتیی و خێزان، پەخشنەکردنی ئەو بەرنامە و بڕگانەی کە هانی جیاکاریی ڕەگەزیی و توندڕەویی و دەمارگیریی دەدەن لە هەموو بوارەکانی ژیان، ئاینیی، نەتەوەیی، تایفەگەریی و ناوچەگەریی.

شیروان عەزیزی، باسی لەوەش کرد، کە لە حاڵەتی پابەندنەبوونی كەناڵەكان و دیارییكردنی سەرپێچییەكان لەلایەن یەكێك لە وەزارەتی ڕۆشنبیریی، سەندیكای ڕۆژنامەنووسان، داداگا یان داواكاری گشتیی، ئەوا دەتوانین و سزا دیارییبكەین وەك ئەوەی لە ڕێنماییەکاندا دیارییکراوە.

بەڕێوبەری گشتیی ڕاگەیاندن و چاپ و بڵاوکردنەوە لە وەزارەتی ڕۆشنبیریی وتیشی: ئەو نووسراوەی وەزارەتی ئەوقاف پشتی بە داتا و زانیاریی زانستیی نەبەستووە، تەنیا بۆچوونێكە، پێشنیار دەكەین لیژنەیەكی هاوبەش لە خەڵكی شارەزا و وەزارەتە پەیوەندیدارەكان پێكبهێنرێت و بابەتیانە مامەڵە لەگەڵ ئەو بابەتە بكات و كار لەسەر ئەو پرسە بكات.

 

ش.ف