لەدەستدانی دەستەکانی نەی وەستاندوە و بە قاچەکانی هیوا دەنەخشێنێت

ئاراسی هونەرمەند، یەکێکە لە خاوەن پێداویستیە تایبەتەکان، لەدەستدانی هەردوو دەستی نەبۆتە هۆی وەستاندنی لە ژیان و خولیا و هیواکانی سەرەڕای ئەو ئاستەنگیانەی دێنە پێشی، باوەڕی وایە هیوا لەسەرکەوتن بەهادارترە و بە قاچەکانی ڕۆژانە هیوا و جوانی و خەم و ئازارەکانی کۆمەڵگاکەی لە ڕێگەی تابلۆکانییەوە دەخاتەڕوو، تائێستاش پێنج پێشانگای کردوەتەوە.


ئاراس عوسمان، لە دایکبووی ساڵی ١٩٧٩یە و لە شارەدێی ڕزگاری سەر بە شارۆچکەی کەلاری ناوەندی ئیدارەی گەرمیان دادەنیشێت، لە ساڵی ١٩٩١ بەهۆی ڕووداوێکی نەخوازراوە وە کە نەیتوانی بیهێنێتە سەر زمان و بیگێڕێتەوە، تەقەمەنییەک پییادا تەقیوەتەوە و هەردوو دەستی لە بنەوە لەدەستداوە و بەشێکی لەشی برینداربووە.

 

ئاراس بەهۆی نەداری خێزانەکەیانەوە هەر لە منداڵییەوە کەوتۆتە بەر کارکردنی شوانی، بەوهۆیەشەوە تا پۆلی پێنجی سەرەتایی خوێندووە و نەیتوانیوە خوێندن تەواوبکات، بەڵام وەک خۆی ئاماژەی پێدا هەر لە منداڵییەوە حەز و خولیای بۆ هونەری وێنەکێشان هەبووە و دەرفەت و زەمان و بارودۆخ ڕێگای پێنەداوە لە سەرەتای ژیانییەوە بەردەوامی بەو خولیایەی بدات.

سەبارەت بە سەرەتای دەسپێکردن و بەدیهێنانی خولیاکەی بەمشێوەیە بۆ ڕۆژنیوز، دەدوێت: دوای ئەو ڕووداوەی بەسەرمداهات بەشیوازێک بێ هیوابووم لە ژیان لەو باوەڕەدابووم جارێکیتر ژیانم بۆ ناگەڕێتەوە، بەڵام لە ساڵی ١٩٩٩بەمەبەستی چارەسەری  وەرگرتن ڕۆشتمە نەخۆشخانەی ئیمێرجێنسی لە شاری سلێمانی، لەوێ پزیشکێکی بەشی چارەسەری سروشتیم ناسی، پێیوتم بۆچی پەرە بە خولیاکەت نادەیت؟ وتم ناتوانم!.

درێژەی بە گێڕانەوەکەیدا و وتی: پزیشکەکە داوەی لێمکرد کە جارێکیتر هیوا بدەمەوە بەرخۆم و وتی سەرەتا خۆت فێربکە بە قاچەکانت خواردن بخۆیت و هەندێک پێداویستی و کاری سەرەتایت ئەنجامبدەیت، وەکوو ئێستا لە بەرچاومە قەڵەم و کاغەزی هێنا و وتی ئەمەوێت فێرتکەم چۆن بە قاچەکانی خۆت وێنە بکێشیت و هەستیتەوە و پێویستت بەکەس نەبێت، لەوە بەدوا وردە وردە دەستم بە ڕاهێنان بە قاچەکانم لە خەت کێشانەوە دەستمپێکرد، تا وای لێهات توانیم وێنەبکێشم بە قاچەکانم و ڕۆژبەڕۆژ کارەکانم سەرکەوتوتر دەبوو.

ئاراس وتیشی: هەوڵدانی بەردەوام وایکردووە ئێستا دەتوانم هەموو وێنەیەک بکێشم و بە دەیان تابلۆی جۆراوجۆریشم کێشاوە و تا ئێستاش پێنج پێشانگام بۆیان کردۆتەوە و زۆربەی تابلۆکانیشم واتابەخشن، هەروەها هیوا و حەزی ژیانم بۆ گەڕایەوە و لە ئێستادا زۆر دڵخۆش و بە ئومێدم بە ژیان و خەون و هیوای گەورەتریشم لا دروست بووە.

ئەو هونەرمەندە سەبارەت بە گوزارشتی تابلۆکانی ئاماژەی بەوەدا: زۆرینەی تابلۆکانم گوزارشتن لە سروشت و هیوا و هەڵسوکەوتی مرۆڤ لە گەڵ مرۆڤەکانیتر و نیشاندانی دڕندەیی مرۆڤ و چەوساندنەوە و ستەم لە چینی هەژاران، ئامانجیشم ئەوەیە بە هونەرەکەم بە هەموو کۆمەڵگا بەتایبەتی خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان بڵێم کە بێ هیوا مەبن و بەردەوام لە هەوڵداندا بن و بەدوای ژیاندا بگەڕێن، چونکە هیچ شتێک مەحاڵ نییە.

ئاراس خێزاندارە و باوکی سێ منداڵە، بەهۆی ئەوەی خاوەن پێداویستی تایبەتە ناتوانێت کار بکات و مانگانەش تەنها بڕی ١٥٠هەزار موچەی کەمئەندامی وەردەگرێت و دۆخی ئابوری خێزانەکەی زۆر خراپە، لەو بارەیەوە وتی: تاکە خەونم ئەوەیە کە هونەر و تابلۆکانم بێنرخ نەکرێن و گرنگی پێبدرێت و ڕۆژێک بتوانم جێگایەکی تایبەت بەخۆم هەبێت بۆ پەرەپێدان بە تواناکانم و هونەرەکەم ببێتە داهاتی ڕۆژانەم بۆ ئەوەی لە نەداری و هەژاری ڕزگارم ببێت.

ئاراس ڕەخنەی لە کەمتەرخەمی و بێباکی حکومەت گرت بەرامبەر خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان و وتی: زۆرینەی کەمئەندامان خاوەن هونەر و داهێنان و توانای جیاوازن، بەڵام بەداخەوە لەلایەن حکومەتەوە پشتگوێخراون و گرنگییان پێنادرێت نە لە ڕووی مەعنەوی و نە مادیشەوە هەروەها تواناکانمان بێنرخ دەکەن، بۆیە داواکارم چیتر حکومەت ئاوڕێک لە کۆمەڵگا و کەمئەندامان بداتەوە و بێ هیوامان نەکەن.

ک.س