لەسلێمانی پەردە لەسەر پەیكەری ئەختەری ڕەشۆڵ لادرا 

لە مەراسیمێكی جەماوەریدا، پەردە لە سەر پەیكەری ژنە شەهید ئەختەری ڕەشۆڵ لادرا.


ئێوارەی ئەمڕۆ لە بەردەم ڕەشەمۆڵ لە سەرای سلێمانی، پەردە لە سەر پەیكەری ژنە شەهید ئەختەری ڕەشۆڵ لادرا.

مەراسیمەكە، بە بەشداری كەسایەتییە سیاسی و هونەرمەندەكانی شاری سلێمانی بەڕێوەچوو و دوای خوێندنەوەی چەند وتارێك و پێشكەش كردنی گۆرانی و میوزیك، لە لایەن هەڤاڵ ئەبوبەكر پارێزگاری سلێمانی و شاناز ئیبراهیم ئەحمەد پەردە لەسەر پەیكەرەكە لادرا.

ژنە شۆڕشگێڕ ئەختەر ساڵح ناسراو بە ئەختەری ڕەشۆڵ، هاوسەری هونەرمەندی گۆرانیبێژ ڕەشۆڵ بووە لە ساڵی ۱۹۲۹لە سلێمانی لە دایك بووە.

ئەختەر بەردەوام خولیای ئازادی و خەبات لە مەیدانی سیاسی و شۆڕشگێڕیدا بووە و وەك ژنە شۆڕشگێڕێك لە خەبات دانەبڕاوە، لە كاتی هێنانەوەی تەرمی شێخ مەحمودی حەفید لە 11-10-1956، بۆ سلێمانی و دروستبوونی ئاڵۆزی لەنێوان خەڵك و پۆلیس لەبەردەم سەرای سلێمانی شەهید بوو، هەر لەو ڕۆژەدا چەند هاوڵاتیەكی شاری سلێمانی برینداربوون.

پەیكەری ئەختەری ڕەشۆڵ كاری هونەرمەندی پەیكەر ساز چێنەر نزارە و ئەم پرۆژەیە لەلایەن دكتۆر تەها ڕەسوڵ و كۆمەڵگەی پەروەردەیی مارگرێت-ەوە ئەنجام دراوە.

د.ح