لەسەر داوای خوێندکاران هەفتەیەکی دیکە نمایشی ١٤ی تەمموز درێژکرایەوە

لەسەر داواکاریی خوێندکاران و گەنجان هەفتەیەکی دیکە نیمایشکردنی فیلمی ١٤ی تەمموز درێژکرایەوە و کاتەی نمایشکردنەکەش گۆڕانکاریی تێداکرا.


لەسەر زۆری داواکاریی گەنجان و خوێندکارانی زانکۆ و پەیمانگاکان،ستافی سینەما سالم لە شاری سلێمانی، هەفتەیەکی دیکەیان بۆ نمایشکردنی فیلمی ١٤ی تەمموز(تیرمەهـ) درێژکردەوە.

نەگونجاویی کاتی نمایشکردن لە هەفتەی یەکەم و دووەم-دا گرفتی بۆ خوێندکاران دروستکردبوو، تایبەت خویندکارانی بەشە ناوخۆییەکان، چونکە ڕێگایان پێنادرێت تا دوای کاتژمێر ٥:٠٠ی ئێوارە لەدەرەوە بن، بۆیە ژمارەیەکی زۆری خوێندکار و گەنجان بە گشتیی داوایان لە ستافی سینەما سالم کردووە، هەفتەیەکی دیکە نمایشەکە درێژبکاتەوە و کاتی نمایشیش بەجۆرێک بگۆڕێت، کە لەگەڵ کاتی ئەواندا گونجاو بێت.

ستافی سینەما سالم، داواکاریی گەنجان و خوێنداکارانیان قبوڵ کرد و بڕیاریاندا لە هەفتەی سێیەمدا، کە لە ١٥/کانونی یەکەم دەستپیدەکات، لەکاتژمێر ٠١:٠٠ی پاش نیوڕۆ، کە بۆ خوێنکاران و گەنجان گونجاوە و ٠٧:٠٠ی ئێوارەش، کە زیاتر خێزانەکان لەوکاتەدا سەردانی سینەما دەکەن، فیلمەکە نمایش بکەن.

ئەمڕۆ و سبەینێ نمایشی فیلمەکە بەگوێرەی خشتەی پێشووتر دەبێت و لەکاتژمێر ٣:٠٠ی پاش نیوەڕۆ و ٧:٣٠ خولەکی ئێوارە نمایش دەکرێت.

لە هەفتەی یەکەمدا فیلمی ١٤ی تەمموز زیاتر لە ٥٠٠ بینەری هەبوو، ئەمەش بە دەستکەوتێکی گەورە بۆ سینەمای باشوری کوردستان ناوبرا، چونکە سینەما لە باشوری کوردستان بە دۆخێکی زۆر خراپدا تێدەپەڕێت و بینەری ١٤ی تەمموز چەندین بەرامبەری دیمەنی فیلمە سینەماییەکانی دیکەبوو.

ماوەی فیلمەکە دوو کاتژمێر و ٤٥ خولەکە و بە زمانی تورکیی بەرهەمهاتووە و ژێرنووسیی کوردیی بۆکراوە، باس لە بەرخۆدانی پێشەنگەکانی پەکەکە دەکات، لە زیندانی ئامەدی باکوری کوردستان، دژی ئەشکەنجە دەوەستەوە، بە شێوەیەک کە تەنها لەپێناو قسەکردن بە زمانی تورکی، بەرپرسانی زیندان هەموو جۆرە ئەشکەنجەیەک لەسەر پێشەنگەکانی پەکەکە تاقی دەکەنەوە، بەڵام پێشەنگەکانی پەکەکە ئەوە ڕەتدەکەنەوە و لەبەرامبەردا مانگرتن لە خواردن ڕادەگەیەنن.

ش.ف