لەلایەن ڕۆشنبیرانەوە لەسەر گڵكۆكەی یادی شێركۆبێكەس كرایەوە

لە شاری سلێمانی لەلایەن ژمارەیەك لە ڕۆشنبیر و چالاكوان، یادی شەشەمین ساڵڕۆژی كۆچی دوایی شاعیری نەتەوەیی شێركۆبێكەس كرایەوە.


لەگەڵ ئەوەی ئەمساڵ بەفەرمی هیچ مەراسیمێك بۆ ساڵیادی كۆچی دوایی ڕێكنەخرا، ئێوارەی ئەمڕۆ كۆمەڵێك لە ڕۆشنبیر و چالاكوانی شاری سلێمانی، لە یادی شەشەمین ساڵڕۆژی كۆچی دوایی شێركۆبێكەس، سەردانی گڵكۆكەیان كرد لە پاركی ئازادی و ئامادەبووان بەگرنگییەوە باسیان لە كەسایەتی ئەم شاعیرە گەورەیە كرد.

سەرەتای یادەكە بە خولەكێك ڕێزگرتن بوو لە شەهیدانی ڕێگای ڕزگاری، دواتر حەسەن جوودی نووسەر و ڕۆشنبیر بەناوی ئامادەبووانەوە وتەیەكی پێشكەش كرد.

حەسەن جوودی وتی: شێركۆبێكەس شاعیرێكی دیموكراتخوازی گەلەكەمان بوو كە دەیان ساڵ بە ئەدەب و شیعرەكانی خەباتێكی گەورەی بۆ گەلەكەی كرد و زیاد لە پەنجا ساڵ شیعری بۆ ئازادی، ژن، مرۆڤایەتی وت و هەمیشە بەرەنگاری زوڵم و نادادپەروەری دەبووەوە و لای ئەو شتێك نەبوو بەواتای پارچە پارچەیی كوردستان.

حەسەن جوودی وتیشی:"ئەم خەسڵەتانەی شاعیر وای كردبوو بە مانای وشە شاعیری هەموو پێهكاتەكان بوو، بۆیە تا ئەو ڕۆژەی ئەم گەلە مابێت شێركۆ بێكەس هەمیشە بە نەمری دەمێنێتەوە و لە سەر مەزارەكەی دەڵێین كە هەست و وشە و شیعرەجوانەكانت لە ناو دڵی گەلدا زیندووە.

شێرکۆبێکەس کوڕی شاعیری ناوداری کورد فایەق بێکەس-ە و ڕۆژی ٢ی ئایاری ساڵی ١٩٤٠ لە گەڕەکی گۆیژەی شاری سلێمانی لە دایکبووە، نازناوەکەشی هەر لە باوکییەوە وەرگرتووە.

شێرکۆ خاوەنی چەندین ئەزموونی جۆراوجۆرە لە نووسین و شیعردا، ئەو بە شیعر، شانۆنامە، پۆستەر، دەقی کراوە، داستان و گەلێ بەرهەمی دیکەی ئەدەبی نووسیوە و خاوەنی ٤٣ بڵاوکراوەیە، بە شێکی زۆریان جگە لە زمانی کوردی وەرگێڕدراونەتە سەر چەندین زمانی دونیا، لە ساڵی ٢٠٠٩دا تەواوی بەرھەمەکانی تا ئەو ساڵە لە ھەشت ھەزار پەڕەدا لە چاپدا.

شێرکۆ بێکەس دوای ئەوەی لە شاری سلێمانییەوە بەهۆی نەخۆشییەوە سەردانی وڵاتی سوید-ی کرد، لە ڕۆژی ٤-٨-٢٠١٣ لە ستۆکهۆڵمی پایتەخی ئەو وڵاتە کۆچی دوایی کرد و لەسەر وەسێتی خۆی لە پارکی ئازادی لە شاری سلێمانی بە خاک سپێردرا.

د.ح