لە باخی گشتی باشترین وێنەکانی سێ ساڵی ڕابردوو نمایشدەکرێن

وێنە سەرنجڕاکێشەکانی ڕووداوەکانی جیهان لە سێ ساڵی ڕابردوودا کە لە لایەن چەندین فۆتۆگرافەری بیانییەوە گیراون لە پێشانگایەکدا لە باخی گشتی شاری سلێمانی نمایش دەکرێت و پێشانگاکە بۆ ماوەی ٢١ ڕۆژ بەردەوام دەبێت.


لە باخی گشتی پێشانگای هەڵبژاردەیەک لە باشترین وێنەکانی سێ ساڵی ڕابردوو لە پێشبڕکێی جیهانی وۆڵد پرێس فۆتۆ، لە لایەن ئاژانسی میترۆگرافی و بە پاڵپشتی کونسوڵی هۆڵەندا کرایەوە بۆ ماوەی ٢١ ڕۆژ کە ئەمڕۆ پێنجەم ڕۆژیەتی بەردەوام دەبێت.

پێشانگاکە چالاکییەکی ساڵانەیە و بەشێوەیەکی جیاجیا لە هەموو وڵاتان ئەنجام دەدرێت و ئەمەش بۆ یەکەم جارە لە عێراق و هەرێمی کوردستان ئەنجامدەدرێت، لە پێشانگاکەدا دەیان وێنە خراونەتەڕوو کە بە گشتی گوزارشتن لە ڕووداوەکانی جیهان لەوانە، سروشت، کۆمەڵگا، ژن و منداڵان و بە تایبەت بەشێکی زۆری وێنەکان باس لە شەڕ و کاولکاری و لە دەستدانی ئازیزان دەکات، هاوکات گۆشەیەکی دیکەی پێشانگاکە باس لە سروشت و باڵندەکان دەکات کە چۆن بە دەستی مرۆڤ ئازار دەدرێن و پیس دەکرێن و بۆ مەبەستی بازرگانی لە دونیای خۆیان دادەبڕێنرێن.

لە پێشانگاکەدا لە پاڵ نمایشکردنی وێنەکان کە لەناو چوارچێوەی گەورە دانراون، بە ڕستەیەک زانیاری و چیرۆکی هەر یەکەیان ڕوون کراونەتەوە.

یەکێک لە وێنانەکان باس لە بەکارهێنانی ژنان و کچانی تەمەن خوار شانزە ساڵ دەکات لەلایەن گروپە چەکدارەکانی نەیجیریاوە و بە ئامانجگرتنیان بۆ کارە تایبەتییەکانی خۆیان، کە ئەو گروپە، وایان کردووە ئەو ژنانە خۆیان جوان بکەن و لە ژێر جلوبەرگەکانیانەوە جەستەی خۆیان پڕ تەقەمەنی بکەن و لە شوێنە قەرەباڵغەکان خۆیان بتەقێننەوە.

پێشانگاکە ئەگەرچی وێنەی زۆربەی وێنەگرانی جیهانی تێدایە، بەڵام وێنەی هیچ فۆتۆگرافەرێکی کوردی تێدانییە.

ک.س