لە خورماڵ دیدارێكی شیعری بەڕێوەچوو

لە شارەدێی خورماڵ-ی سەر بە پارێزگای سلێمانی یەكەم دیداری شیعری یاوەر هەورامی بەڕێوەچوو، كە تیایدا چەند شاعیر و هونەرمەندێك بە شیعر و لاوانەوە بەشداری دیدارەكەیان كرد.


ئێوارەی ئەمڕۆ لە هۆڵی گوڵ عەنبەر لە شارەدێی خورماڵ بە دروشمی "یاوەر، خامەیەك لە داری زەیتوون و مورەكەبێك لە ئاوی گوڵ" ئۆفیسی خورماڵی سەنتەری گەشەپێدانی چالاكی لاوان، یەكەم دیداری شیعری (یاوەر هەورامی) سازكرد.
 
سەرەتای دیدارە شیعریەكە لەڕێگەی داتاشۆوە بە خستنەڕووی ژیاننامەی شاعیری كۆچكردوو یاروەر هەورامی، دەستیپێكرد كە تیایدا وێستگە جیاجیاكانی ژیانی شاعیری كۆچكردوو نمایشكران و هاوكات باس لە كۆی ئەو بەرهەمە شیعریانە كرا كە یاوەر هەورامی لە ماوەی ژیانیدا بە بەرهەمی گەیاندوون.
 
لە بەشێكی دیكەی دیدارەكە بە بەشداری هەریەكە لە شاعیران ئازاد محیەدین و نەعمان هەورامی بە خوێندنەوەی چەند دەقێكی شیعری كە بەشێكیان گوزارشت بوون لە بەتوانایی یاوەر هەورامی، لە نوسینی شیعردا و هەروەها بەشێكی تری شیعرەكانیان گوزارشت بوون لە دەربڕینی سۆز و خۆشەویستی بۆ شاعیرانی كۆچكردووی سنوری هەورامان.
 
هەر لەو دیدارە شیعرییەدا، هونەرمەند یەعقوب سۆسەكانی، بە لاوانەیەك بەشداری دیدارە شیعریەكەی كرد، كە تێكستی لاوانەوەكەی شیعری شاعیری كۆچكردوو یاوەر هەورامی بوو، كە ئەویش لە ژیانیدا بۆ كۆچی دوایی دایكی نوسیووە.
 
لە كۆتایی دیداری شیعری یاوەر هەورامیدا، لە ڕێگەی داتاشۆوە شاعیری كۆچكردوو (یاوەر هەورامی) چەند پارچە شیعرێكی خوێندەوە، كە لەماوەی ژیانیدا لە چەند ناوچە و شوێنێكی جیاواز و بە چەند بۆنیەكی جیاواز شیعرەكانی نوسیوە و خوێندویەتییەوە.
 
ئیبراهیم عەبدولكەریم، ناسراو بە یاوەر هەورامی، لە ساڵی 1968 لە گوندی هانەی قوڵ سەربەشارەدێی خورماڵ لە دایك بووە، 15 بەرهەمی چاپكراوی شیعری لە بوارە جیاوازەكاندا هەیە، لە دەیان گۆڤار و ڕۆژنامە شیعری بڵاوكردوەتەوە، یاوەر لە 13/5/2018 لە مەراسیمی یادی شەهیدانی ساڵی 1987ی سنوری شارەدێی خورماڵ و لە كاتی خوێندنەوەی شیعردا، كۆچی دوایكرد.

 

ك.ك/هــ