لە سلێمانی شانۆیی دوو منداڵە ئاوارەكە نمایشكرا

تیپی هونەری منداڵانی سلێمانی لە نمایشكردنی شانۆیی دوو منداڵە ئاوارەكەدا پەیامی ئاشتی و شێوازی پەروەردە كردنی منداڵیان خستە ڕوو.


ئێوارەی ئەمڕۆ، لە لایەن تیپی هونەری مندڵانی سلێمانی، لە تەلاری هونەر، شانۆیی-یەك، بە ناونیشانی(دوو منداڵە ئاوارەكە)نمایشكرا.


شانۆییەكە، بریتی بوو گێڕانەوەی چیرۆكی ماڵێكی دەوڵەمەند و پیاوێك كە كچێكی هەبوو بە ناوی شیلان، كە لە هەموو جۆرە ژیان كردنێكی ئاسایی بێ بەشە و لە چوارچێوەی ماڵێكدا و دوور لە تێكەڵاوی خەڵك و ناو كۆمەڵگا منداڵی دەگوزەرێنت، خوێندن و خۆشی و منداڵی هەر لە تەنیایی و گۆشەگیری دایە، بە گشتی باوكی شیلان، شیلانی لە دەرەوە و هەموو جۆرە پەیوەندییەك بێبەش كردووە.


لە درێژەی چیرۆكەكەدا، باوكی شیلان دەچێتە سەفەرێك و بۆ ماوەیەك لە ماڵ نابێت، لەو ماوەیەدا دوو منداڵی بەهرەمەند كە ئاوارەبوون بە هۆی شەڕەوە و ڕوویان لە باشور كردوە، برسیەتی تەنگیان پێ‌ هەڵدەچنێ‌ و ناچار ڕوو لە ماڵی شیلان دەكەن و دەبنە هۆكارێك بۆ نەمانی گۆشەگیربوون و دوورە پەرێزی شیلان، لە كاتێكدا شیلان لە هەموو شتێكی ئاساییش دەترسا.


دوو منداڵە ئاوارەكە، بە هاتنیان گۆڕانكارییان لە ژیانی شیلاندا دروست كرد و  پەیامی پێكەوە بوون و هاوڕێیەتی منداڵانیان لە گەڵ یەكتردا.


شانۆیی دوو منداڵە ئاوارەكە ئەوەی خستە ڕوو، منداڵەكان بە قەتیس كردنی ژیانیان و هەروەها شەڕ و داگیركاری دەبنە كەسانی گۆشەگیر و ئاوارەی شوێنان.


شانۆییەكە و ئەو منداڵانە بە گۆرانی و قسەكانیان، پەیامی ئەوەیاندا، كە نەتەنیا هەڵە پەروەردە كردنی منداڵ لەلایەن دایك و باوك  زیان بە منداڵ دەگەیەنێت، بەڵكو شەڕ و داگیركاری و كەمتەرخەمی سەركردە و بەرپرسەكانیش، خێزان و منداڵەكان پەرتەوازە دەكات، لەسرووشتی منداڵانەی خۆیان دووریان دەخاتەوە.


شانۆیی دوو منداڵە ئاوارەكە، لە نووسینی ئاكۆ محەمەد سابیر و دەرهێنانی موەفەق عاف لهۆنی-یە و تا 27 ی ئەم مانگە بەردەوامە لەنمایشكردن.


د.ح