لە شەنگال کاتی بڕینەوەی مەڕە

لە گوندی شەڕکێ'ی سەربە شەنگال ئێستا کاتی بڕینەوەی مەڕە "برینە"و دانیشتووانیش بە هەرەوەزی ئەو کارە دەکەن و دەڵێن، وەک کلتورێک لە کۆنەوە بەردەوامییان پێداوە.


بڕینەوەی مەڕ لە شەنگال وەک کارێکی هەرەوەزی و گرنگ دەبینرێت، چەند ماڵێکی گوندی شەرکێ'ی سەربە خانەسۆر لە شەنگال، کە دوای فەرمانەکە گەڕاونەتەوە سەر گوندەکەی خۆیان، لەسەر خاکی خۆیان بە ئاژەڵداری بژیوی خۆیان دابین دەکەن و ئێستاش بە هەروەرزیی سەقاڵی بڕێنەوەی مەڕەکانیانن.

هاوڵاتییەک بەناوی حەسەن قادر لەو بارەوە دەڵێت: لەگەڵ خزم و کەسەکانمان لە دەستپێکی مانگی نیسانەوە دەست بە بڕینەوەی مەڕەکان دەکەین، ساڵانی ڕابردوو دەمانتوانی خورییەکانیان بفرۆشین، بەڵام ئێستا نا، بژێوی ژیانمان بەم ئاژەڵانە دابین دەکرێت، خاک و گوندی مرۆڤ لە هەر شوێنێ پیرۆزترە، داوا لە هەموو ئێزدیانی دەرەوە دەکەم بگەڕێنەوە سەر خاکی خۆیان.

هاوڵاتییەکی دیکە بەناوی قاسم سلێمان دەڵێت: کارەکەمان کارێکی هاوبەشە، هەموو خزم و کەسوکار لەم کاتەدا کۆدەبینەوە و بە هاوکاری یەکتر مەڕەکان دەبڕینەوە، کارمان بەخێوکردنی ئاژەڵە، ئێستاش دەیانبڕینەوە، بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا لە هاتووچۆدا ئاستتەنگی بۆ دروست کردووین، هیوادارین مرۆڤایەتی بەم زووانە لەم ڤایرۆسە ڕزگاری بێت.

س.ح