لە كەركوك فیستیڤاڵێکی شانۆیی ئەنجامدرا

فیستیڤاڵی شانۆی كەركوك، دەستی بەکارەکانی کرد و تێیدا بێجگە لەکاری شانۆکارانی شاری کەرکوک، بەرهەمی شانۆیی شارەکانی هەرێمی کوردستان و ناوڕاست و خوارووی عێراق نمایش دەکرێت.


ئێوارەی ئەمڕۆ لەهۆڵی سەنتەری ڕۆشنبیریی کەرکوک، لەشاری كەركوك، فیستیڤاڵی شانۆی كەركوك – خولی جیهاد دڵپاك بە ئامادەبوونی وەزیریی ڕۆشنبیری حكومەتی هەرێم و بەرپرسانی سیاسی و هونەرمەندانی شارەكان و ژمارەیەكی زۆری خەڵكی هونەر دۆست دەستیپێكرد.

فیستیڤاڵەكە بە وتاری وەزیری ڕۆشنبیریی و ڕێكخەرانی فیستیڤاڵ دەستی بە کارەکانی کرد، دواتر ئاهەنگی دەستپێكی فیستیڤاڵ دەستیپێكرد، كە خۆیی لە چالاكی میوزك و هەڵپەڕكێی پێكەوەژیان و گۆرانی نەتەوەكان و ژیان نامەی جیهاد دڵپاك دەبینیەوە.

لە درێژەی چالاکییەکانی فیستیڤاڵی شانۆ، لە شاری کەرکوک، شانۆیی (دونیا)، کە كاری شانۆکارانی شاری كەركوك بوو، لە هۆڵی سەنتەری ڕۆشنبیریی كەركوك نمایشکرا، هەروەها شانۆیی (ئێمە پارە نادەین) کە بەرهەمی شانۆکارانی شاری هەولێر بوو، لە هۆڵی چالاکی قوتابخانەکان نمایشکرا.

فیستیڤاڵی شانۆی كەركوك بۆ ماوەی چوار ڕۆژ بەردەوام دەبێت هەشت بەرهەمی شانۆیی لەخۆ دەگرێت، كە هەر ڕۆژە و دوو بەرهەم نمایش دەكرێت و هەروەها كۆڕی ڕەخنەیش بۆ شانۆكان دەبەسترێن.

لە فیستیڤاڵەكەدا بێجگە لە کاری شانۆکارانی شاری کەرکوک میوانداری بەرهەمی شانۆیی شارەكانی هەرێم، باشور و ناوەڕاستی عێراق کراوە، بڕیاریشە لە كۆتایی فیستیڤاڵەکەدا خەڵاتی ئاڵتونی دابەش بكرێت.

بۆ چوار ڕۆژی فیستیڤاڵ، جگە لەچالاكییەكانی نێو فیستیڤاڵەكە ڕۆژنامەیەكیش تایبەت بەفیستیڤاڵەکە بەناوی (شانۆكار)ەوە دەردەکرێت.

د.ع