لە نەرویج هونەرمەندێکی کرماشانی هونەری منداڵانی عەفرین نمایش دەکات

هونەرمەندێکی یارسانی خەڵکی کرماشانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کارە هونەرییەکانی خۆی و منداڵانی عەفرین لە نەرویج نمایش دەکات.


دوێنێ لە ناوەندی هونەریى 'ئاکیرشوس' لە شاری ئۆسلۆی پایتەختى نەرویج لە پێشانگایەکدا گەلاوێژ وەلەدخانی، کە هونەمەندێکی یارسانی خەڵکی کرماشانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە و پار سەردانى ڕۆژئاواى کوردستان و کامپی شەهبای کردبوو، کارەکانى خۆی و وێنەکان و تابلۆ دروستکراوەکانى منداڵانى عەفرینى نمایش کرد.

گەلاوێژ وەلەدخانی لەو سەردانەیدا بۆ ڕۆژئاوای کوردستان لەگەڵ نزیکەی ٥٠ منداڵی ناو کەمپەکان قسەیکردووە تا ئەو منداڵانە دەرد و ڕەنجەکانی ئاوارەیی و نەهامەتییەکانی هێرشی داگیرکەرانەی دەوڵەتی تورک بخەنە سەر کاغەز.

دوای گەڕانەوەی گەلاوێژ کارە هونەریەکانی منداڵانی عەفرین و کارە هونەرییەکانی خۆی لەپێشانگایەک لە ناوەندی هونەریى 'ئاکیرشوس' لەگەڵ چەند هونەرمەندێکی وڵاتی نەرویج نمایش کرد کە لەلایەن خەڵکەوە پێشوازیی لێکراوە، ئەندامانی پلاتفۆرمی یارسانیش کە خۆیان گەیاندبووە پیشانگاکە، بە پێشکەشکردنی چەپکە گوڵێک ڕێزیان لە کارەکانی گەلاوێژ وەلەدخانی گرت.

پێشانگاکە کە بە ناوی "خەونی من" نمایش کراوە تا ڕۆژی ٢٢ی ئەیلولی ٢٠١٩ بەردەوام دەبێت و ئارەزومەندانی هونەر دەتوانن سەردانی بکەن.

ک.س