لە هەرێمی كوردستان قەیرانی نەخوێندنەوە هەیە

لە هەرێمی كوردستان خوێندنەوەی كتێب كەمیكردووە، نوسەرێك، لاوازیی فەلسەفەی حوكمڕانی و زاڵبوونی ئایدۆلۆژیای حزبی و قەیرانەکانی هەرێم، بە هۆكارە سەرەكییەكانی كەمبوونەوەی خوێندنەوە دەزانێت، گومانیشی هەیە ئەگەر دیوانەكەی گۆران-ی شاعیر لەچاپبدرێتەوە، ١٠ دانەی لێنافرۆشرێت.


بەپێی ئەو بەدواداچوونەوەی ڕۆژنیوز لە کتێبخانەکانی شار و شارۆچکە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان کردوویەتی، ڕێژەی سەردانیکەرانی کتێبخانەکان بە ڕادەیەکی زۆر کەمبووەتەوە، ئەمەش نیشانی دەدات، کە ئاستی خویندنەوە زۆر دابەزیوە.

بەنمونە لە کتێبخانەی ئاوێر، کە سەر بە ناوەندی ئاوێر بۆ چاپ و بڵاوكردنەوەیە و یەکێکە لە گەورەترین کتێبخانەکانی ئەو شارە، ڕۆژانە ١٥ تا ٢٠ كەس سەردانی ناوەند و كتێبخانە دەكەن، کە وەک حەسەن عەلی، بەرپرسی کتێبخانەکە باسی دەکات، مەرج نییە هەمووشیان بۆ كڕینی كتێب و خوێندنەوە سەردان بکەن، ڕەنگە تەنیا بۆ گفتوگۆکردن و دیدار بچنە کتێبخانەکە.

حسێن عەلی، بەراوردی ئێستا و ساڵی ٢٠١٣ی کرد، کە بەپێی وتەکانی ئەو لە ساڵی ٢٠١٣ ڕۆژانە ٣٠٠ تا ٥٠٠ كەس سەردانی  ناوەند و كتێبخانەكەیان دەكرد، کە ئەمە نیشانی دەدات ڕێژەی خوینەر تا ئاستێکی زۆر دابەزیوە.

حسێن عەلی، هۆکاری کەمبوونەوەی خوێنەر دەگەڕێنێتەوە بۆ قەیرانەکانی هەرێمی کوردستان و شەڕی داعش، کە هاوڵاتیانیان سەرقاڵ کردووە و لە خوێندنەوە دووری خستوونەتەوە.

بەرپرسی ناوەندی ئاوێر ڕەخنەش لە وەزارەتی ڕۆشنبیری دەگرێت و پێیوایە، کە نەیتوانیوە پرۆژەی باشی هەبێت لەو ڕووەوە، دان بەوەدا دەنێت كە هیچ هەماهەنگییەك لەنێوان وەزارەت و ناوەندەكەیاندا نییە، لەو بارەیەوە وتی:"كاتێك وەزارەتی ڕۆشنبیریی دێنە لامان باسی زۆر پرۆژە دەكەن، بەڵام دواتر زۆر كەم دەیانبینینەوە، تەنها لە كاتی كردنەوەی پێشانگاكانی كتێب دەیانبینیینەوە،  ئەگەر نا هیچ هەماهەنگییەكمان نیە".

هەروەها، مومتاز حەیدەری، ڕووناكبیر و نووسەر كۆمەڵێك هۆكاری بۆ كەمبوونەوەی خوێندنەوەی كتێب باسكرد، پێی وایە، فەلسەفەی حوكمرانی لاوازە، ڕۆشنبیران دابەشبوون، ئایدۆلۆژیای حزب زاڵكراوە و هەموو بەدوای بەرژەوەندیی خۆیان كەوتوون، بۆیە ڕەوتی ڕۆشنبیریی و خوێندنەوەی كتێب تووشی قەیران بووەوە.

ئەو نووسەرە، نییگەرانە لەوەی، بەهۆی ڕەوشی نالەباری هەرێمی كوردستان نەتوانراوە ڕەوتی ڕۆشنبیریی و خوێنەرانی كتێب لەگەڵ سەردەمی خۆی بڕوات و وتی:"پێشتر لەگەڵ ئەوەی كە دوەژمنان هەوڵیانداوە كتێب نەگاتە باشوری كوردستان، بەڵام ڕۆشنبیرە گەورەكانی كورد لە ئەستەنبوڵەوە هاتنەوە باشور، وەك پیرەمێرد و مستەفا پاشای یاموڵكی و كۆمەڵێك كەسی دیكەی گەورە کە دەستیاندایەوە شۆڕشی ڕۆشنیبریی، لە ساڵانی دوای ١٩٧٥-ی سەدەی ڕابردووش دەسەڵاتی بەعس هەموو هەوڵێكیدا بۆ ئەوەی ڕەوتی ڕۆشنبیری كپبكاتەوە، بەڵام هەر بەردەوامی دراوە بە ڕەوتی ڕۆشنبیریی".

مومتاز حەیدەری بە ڕەخنەوە ئاماژەی بەوەكرد "لە ئێستادا لەگەڵ بوونی ئەو ژمارە زۆرە لە زانكۆ و خوێندنگا و دەزگاكانی ڕاگەیاندن، بەڵام كەمترین خوێنەری كتێبمان هەیە، بۆیە ئەگەر لە هەشتاكانی سەدەی ڕابردوو دیوانی مامۆستا گۆران ٣٠ هەزار دانەی لێ چاپكراوە و فرۆشراوە، ئێستا چاپ بكرێتەوە، ١٠ دانەی لێنافرۆشرێت".

ش.ف