لە هەڵەبجە دیداری گۆران-ی شاعیر بەڕێوەدەچێت

لە ساڵیادی كۆچی دوایی گۆران-ی شاعیر، لە هەڵەبجە دیدارێكی تایبەت دەستیپێكرد، بەوتەی وەزیری ڕۆشنبیریی، بەنیازن ساڵانە ئەو دیدارە سازبكەن، ڕۆشنبیریی هەڵەبجەش دەیەوێت بودجەی تایبەت بۆ شارەكە تەرخانبكرێت بۆ ئەنجامدانی دیداری ئەدەبیی و هونەریی.


ئەمڕۆ ساڵیادی كۆچی دوایی گۆران-ی شاعیرە، لەو چوارچێوەیەدا، نیوەڕۆی ئەمڕۆ لە هۆڵی د.مستەفا زەڵمی لە شاری هەڵەبجە، دیداری گۆران دەستیپێكرد و بڕیارە سبەینێش بەردەوام بێت.

لە ڕۆژی یەكەمی دیداری گۆران-دا، کە یەکەم ساڵە بەڕێوەدەچێت، پەروێز نیازی، بەڕێوەبەری گشتیی ڕۆشنبیری و هونەری هەڵەبجە، ئاماژەی بە هۆكاری ئەنجامدانی ئەم دیدارە كرد، كە دەیانەوێت ئاوڕی جدیی لە بواری شیعر و نووسین بدەنەوە و وەزارەتی ڕۆشنبیریش هانبدەن بودجەیەكی تایبەت تەرخان بكات بۆ شاری هەڵەبجە بۆ ئەنجامدانی ئەم چالاكییانە.

هەروەها، خالید دۆسكی، وەزیری ڕۆشنبیری و لاوانی حكومەتی هەرێمیش قسەیكرد، وتی:"ئەنجامدانی دیداری گۆرانی شاعیر لە شاری هەڵەبجە، گەواهیدەری ئەو ڕاستییەیە كە ئەم شارە هەمیشە لانكەی شاعیران و نووسەرانی دیاری گەلەكەمان بووە، بۆیە كاری جدیی دەكەین، كە لە ساڵانی داهاتوودا درێژە بە دیداری گۆران بدرێت و بە شێوەیەكی فراوانتر و ناوازەتر ساڵیادی كۆچی گۆران-ی شاعیر بكرێتەوە.

هەر لە دیداری گۆران-دا، چەند پارچە شیعرێكی  گۆران خوێندرانەوە، دواتر تیپی مۆسیقای بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ڕۆشنبیری و هونەر لە شاری هەڵەبجە، بە چەند گۆرانییەك درێژەیان بە یەكەم ڕۆژی چالاكییەكانی دیداری گۆران دا، بڕیاریشە ئێوارەی ئەمڕۆ چەند لێكۆڵینەوەیەك لەسەر شیعر و نووسینەكانی گۆران پێشكەشبكرێن، سبەینێش بە ئەنجامدانی چەند چالاكییەك درێژە بە دیداری گۆران بدرێت.

عەبدوڵا سلێمان، ناسراو بە گۆران، یەكێك بووە لە شاعیر و نووسەر و ڕۆژنامەنووسەكانی گەلی كورد، لە ساڵی ١٩٠٤ لە شاری هەڵەبجە لە دایك بووە، خوێندنی لە هەڵەبجە تەواوكردووە هەر لە خوێندنگاكانی هەڵەبجە بووەتە مامۆستا، دەیان هونەرمەندی كورد سودیان لە هۆنراوە و شیعرەكانی گۆران وەرگرتووە و كردویانە بە گۆرانی، لە ١٨/١١/١٩٦٢ لە شاری سلێمانی كۆچی دوایی كردووە.

ش.ف