لە هەڵەبجە پەردە لەسەر پەیكەری حەسەن زیرەك لادرا

لەناو گۆڕەپانی بەڕێوەبەرایەتی ڕۆشنبیریی و هونەری پارێزگای هەڵەبجە پەردە لەسەر پەیكەری هونەرمەندی گەورەی كورد حەسەن زیرەک لادرا.


سەر لەبەیانی ئەمڕۆ بە ئامادەبوونی ژمارەیەک هاوڵاتیی و قائیمقامی شاری هەڵەبجە لەناو گۆڕەپانی بەڕێوەبەرایەتی ڕۆشنبیریی و هونەری هەڵەبجە پەردە لەسەر پەیكەری هونەرمەندی گەورەی كورد حەسەن زیرەک لادرا.

پەپكەرەكە بەتێچووی یەک ملیۆن دینار، کە لەلایەن هاوڵاتییەکی هەڵەبجەوە دابینکراوە، لەلایەن هونەرمەندی پەیكەرساز هونەر ساحێب-ەوە دروستکراوە.

لەبارەی چۆنیەتی دروستکردنی پەیکەرەکە هونەر ساحێب-ی پەیکەرساز بە ڕۆژنیوز-ی وت: بە ماوەی مانگێک پەیکەرەکەی بە مەوادی "فایبەر گڵاس" دروستكردووە و كارەكەشی زیاتر بەشێوەیی خۆبەخشی بووە، تەنها تێچووی مەوادەکەی وەرگرتووە.

هونەرمەندی گۆرانیبێژی كورد، حەسەن زیرەك، لەساڵی 1921 لە شاری بۆکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەدایبكووە و لە ساڵی 1972 کۆچی دوایی کردووە و لە ماوەی تەمانیدا خزمەتێکی بەرچاوی هونەری کوردیی کردووە.

ک.س