لە پایتەختی ڕۆشنبیریی ڕێگری لە نمایشی فیلمی ١٤ی تەمموز دەکرێت

فیلمی ١٤ی تیرمە "تەمموز" کە لە خولی سێیەمی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی سلێمانی، بەشداری کردبوو و خەڵاتی ڕێزلێنانی فستیڤاڵەکەی پێبەخشرابوو، بڕیاربوو لە یەک تاوەکو ٧ی مانگی داهاتوو نمایشبکرێت، بەڵام لە لایەن ئاسایشی گشتیی سلێمانی-یەوە ڕێگریی لە نمایشی دەکرێت.


بڕیاربوو فیلمەکە لە سینما سالم لە شاری سلێمانی نمایش بکرێت، بەڵام بەڕێوەبەرانی سینەماکە لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەیان بەوەکرد، کە ئاسایشی گشتی سلێمانی ئاگاداری کردوونەتەوە کە فیلمەکە نمایش نەکەن، بۆ ئەوەش لە ڕاگەیەندراوەکەدا داوای ڕوونکردنەوە لە وەزارەتی ڕۆشنبیری، بەڕێوەبەرایەتی ڕۆشنبیری سلێمانی، ئاسایش و پارێزگاری سلێمانی دەکەن.

فیلمی ١٤ی تەمموز لە باکوری کوردستان بەرهەمهێندراوە و لە دەرهێنانی دەرهێنەری کورد هاشم ئایدەمیر-ە، فیلمەکە بە زمانی تورکی بەرهەمهێندراوە و بە ژێرنووسی کوردییە، کە  ناوەڕۆکی فیلمەکەش باس لە بەرخۆدانی زیندانی ئامەد دەکات لە ساڵانی ١٩٨٠-دا، کە تێیدا زیندانییە کوردەکان دەچەوسێندرێنەوە و ڕێگایان پێنادەن بە زمانی دایک قسەبکەن، لەبەرامبەردا زیندانییەکانی هەڵوێست دەردەبڕن، بەجۆرێک لە ساڵی ١٩٨٢-دا یەکێک لە پێشەنگانی پەکەکە بەناوی 'مەزڵوم دۆغان'، وەک هەڵوێستێک بەرامبەر ئەو ئەشکەنجەیەی کە لەسەریان بوو، هاوکات لەگەڵ یەکەم ڕۆژی نەورۆز، ئاگری لە جەستەی خۆی بەردا، کە ئەوەش دەنگدانەوەی بەدوای خۆیدا هێنا و تاوەکو ئێستاش مەزڵوم دۆغان وەک سیمبولی نەورۆز ناودەهێندرێت.

ئەم فیلمە لە ڕۆژی١٠ ی مانگی پێشوو، کە خولی سێیەمی فێستیڤاڵی فیلمی سلێمانی دەستیپێکرد و تیایدا ١٢٢ فیلم کە لە ٥٢ وڵاتی جیهانەوە بەشدارییان کردبوو و خەڵاتی ڕێزلێنانی پێبەخشرا، هەروەها لە زۆرێک لە سینماکانی وڵاتانی ئەوروپا نمایشکراوە.

هەروەها لە سەر داواکاری خەڵک لەو فێستیڤاڵەدا دوو جار نمایش کرا و بە هەمان شێوە لە دوای فێستیڤاڵەکە دووبارە لە سەر خواستی خەڵک داوای نمایش کردنی کرا، بۆیە وا بڕیاربوو یەک تا ٧ی مانگی ١٢ نمایش بکرێت، بۆ ئەوەش مۆڵەتی فەرمی پێدرابوو، بەڵام کەمتر لە هەفتەیەکی ماوە بۆ نمایشکردن لەلایەن ئاسایشی سلێمانی بە بێ روونکردنەوە ڕێگری لە نمایشکردنی دەکرێت.

پێگەی فەرمەی سینما سالم لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک لە ڕاگەیەنداراوێکدا ڕایگەیاندووە: لەلایەن ئاسایشی گشتیی سلێمانییەوە پەیوەندیمان پێوەکرا و پێیان ڕاگەیاندین، کە ''بە هیچ شێوازێک ڕێگە نادەین ئەم فیلمە نمایش بکرێت''، ئەگەرچی ئێمە داوای نووسراوی فەرمیمان کرد، بەڵام وەڵامیان نەبوو، تەنها جەختیان لەوە دەکردەوە كه‌ ''خۆمان تووشی سەرئێشە نەکەین''، چونکە ئەوان بە هیچ شێوازێک ڕێگە نادەن ئەم فیلمە نمایش بکرێت.

هەروەها لە ڕاگەیەندراوەکەدا بەڕێوەبەرانی سینەما سالم ئەم ئاستەنگکردنە بە سێ ئاستی مەترسیدار شرۆڤەکراوە، کە بریتین لە:

ئاستی یه‌كه‌م: ئه‌وه‌یه‌ كه‌ نه‌فییه‌كی ڕوون و ڕاشكاوی ئازادیی ڕاگه‌یاندنه و هیچ نییه‌ جگه‌ لە سانسۆرێكی ڕوون و بێپه‌رده‌، ئه‌و سانسۆره‌ی جارێك نووسه‌ران و ڕۆژنامه‌نووسان ده‌كوژێت و جارێكی تر فیلمی شۆڕشگێڕانه‌ سانسۆر ده‌كات.

ئاستی دووه‌م: ئێمە لە پیلانگێڕیی نێودەوڵەتی بە سەرپەرشتیی تورکیا و ئەمەریکا و زلهێزه‌كانی ناوچه‌كه‌ له‌ دژی بەشێک لە خەباتی ئازادیخوازانه‌ و نەتەوه‌ییمان تێدەگەین و له‌ درێژه‌ی ئه‌مە‌شدا ئه‌م هێرشانە وەک به‌شێك له‌ مێژووی نۆكه‌رایه‌تی و تەسلیمی دەسەڵاتی خۆماڵی بۆ ڕازیکردنی داگیرکەران تێده‌گەین و لەو باوەڕەداین کە دژی ئیراده‌ی گه‌لی كورد و هەموو ئەم خەباتەیشە کە ساڵانێکی درێژە لە باشوور بە خوێنی هەزاران شەهید بەرهەم هاتووە، بە تایبەت کە ده‌كرێته‌ ده‌سكه‌لای ڕازیكردنی داگیركه‌ران.

ئاستی سێیەم: ئەمە نیشانەی ترسی هەمیشەیی دەسەڵاتدارانه‌ لە هونەر و چالاکیی کلتووری بە گشتی، له‌سه‌ر به‌رهه‌می هونه‌ری و فیكری و ئه‌م فیلمه‌، کە پێویستە وەزارەتی ڕۆشنبیری، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ڕۆشنبیریی ئەم شارە و ئاسایشی سلێمانی بە بەرپرسیار دەزانین و  پارێزگاری سلێمانی، کە لە ڕووی ئیدارییەوە کەسی یەکەمی ئەم شارەیه‌، هەڵوێست و ڕوونکردنەوەیان هەبێت.

لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەشدا هاتووە: بەم پێیە ئەم بڕیارانە مەترسیی دۆخەکەمان دوو هێندەی تر بۆ گەورەتر دەکات و پێمان دەڵێت، کە ئێمە لە دۆخی نائاساییدا دەژین و ئەوەی بڕیار لەسەر کۆی گشتیی کومەڵگە دەدات، بڕیارەکانی دۆخی نائاساییە، کە لەو دۆخەدا کە هەرگیز شتێک بە ناوی ئاسایش بوونی نییە و دۆخێك تێیدا هه‌موو هاووڵاتییان وه‌ك بێ ماف، تاوانبار و قابیلی كوشتن سه‌یر ده‌كرێن.

س.ح