لە پێشانگایەکدا ئازایەتی تێکۆشەرانی کورد نمایشکرا

لە پێشانگایەکدا لە شاری سلێمانی، بە ڕەنگەکان وێنەی ئازایەتی تێکۆشەرانی هەر چوار پارچە نمایش کرا.


پێشانگای شێوەکاریی و خۆشنووسیی "پێشمەرگە"، بە بەشداریی خۆشنووسان و شێوەکارانی چوار پارچەی کوردستان، لە لایەن گروپی هونەری کوردستان، لە گەلەریی ئەمنە سوورەکەی شاری سلێمانی بەردەوامی هەیە.

پێشانگای شێوەکاری پێشمەرگە پێکهاتووە لە بەرهەمی ٥٣ هونەرمەند، کە خەڵکی هەر چوار پارچەی کوردستانن، لەناویاندا ٢٥ شێوەکاری ژن و ٢٨ شێوەکاری پیاو بەشدارییان تێدا کردووە.

لە پێشانگاکە وێنەی کەسایەتییە ناودارەکانی هەر چوارپارچەی کوردستان و پێشمەرگە و شەڕڤانان نمایش کراون، کە لە هەر یەک لەو وێنانە ڕەنگە جیاوازەکان و پارچەی جلوبەرگی کوردی تێکەڵاو بە وێنەکان بە کارهاتوون.

وێنەکانی ناو پێشانگاکە گوزارشتن لە بەرخۆدان و خۆڕاگری تێکۆشەرانی کورد، ئازایەتی و نەهامەتی و سەرکەوتنی گەلی کورد لەو وێنانەدا بەرجەستە بووە، کە توانیوانە مێژوویەک لە وێنە بەرجەستە بکەن.

س.ح