لە چاكسازیی ژنان و منداڵان پێشانگایەكی كاری دەستی كرایەوە

لە چاكسازیی ژنان و منداڵانی هەولێر، پێشانگایەك بۆ كاری هونەری و دەستی زیندانیان كرایەوە.


ئەمڕۆ بە بەشداری دوازدە  ژن، لە چاكسازیی ژنان و منداڵانی هەولێر پێشانگایەكی هونەری و كاری دەستی كرایەوە.

لە پێشانگاکەدا دەیان تابلۆی هونەری و هەڵکۆڵراو و کاری دەستی نمایشکران، کە بەشێکیان وێنەی کەسایەتییە هونەرییەکان و سەرکردەکانی کوردبوون و بەشیکیشیان نووسینی هەڵکۆڵراوبوون لە سەر تەختە، لەگەڵ چەندین کاری دیکەی دەستی وەک گوڵدان و کاری جوانکاریی و تایبەت بە ڕازاندنەوە.

کوێستان محەمەد، وەزیری كارو كاروباری كۆمەڵایەتی حكومەتی هەرێمی كوردستان، کە بەشداریی لە کردنەوەی پیشانگاکەدا کرد، لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەنووسیدا ڕایگەیاند: لە چاكسازییەكاندا زیندانیان بەردەوام كاری دەستی دەكەن، ئەوەش گرنگە بۆ ئەوەی زیندانییەكان فێری پیشەیەك بن، دووەمیش دەبێتە سەرچاوەیەكی بژێوی و داهات بۆیان .

وتیشی: بەشێک لە زیندانیان بەرهەمی ناوازە دروست دەکەن، کە هەندێکیان دوای هاتنە دەرەوەیان دەتوانن ببنە كەسانی هونەرمەند و دەستڕەنگین و چاكسازییەكان شانازی پێوە بكەن.

لای خۆشیەوە تەیب عەبدولعەزیز، بەڕێوەبەری چاكسازی ژنان و منداڵانی هەولێر، ڕایگەیاند ، هەڵساین بە كردنەوەی ئەو پێشانگایە بۆ سزادراوانی ژنان كە ١٢ سزادراو بەشداریان كردوە، ئامانجمان ئەوەیە سزاداروان ئەو بیرۆكەی هەیانە لەسەر پێی خۆیان بوەستن و دوای گەڕانەوەیان بۆ ناو كۆمەڵگا سود لە دەستڕەنگینی خۆیان ببینن و ببنە خاوەن كاری سەربەخۆی خۆیان .

لەچاکسازی ژنان و منداڵانی هەولێر، زیاتر ٢٠٠ ژن و منداڵ لەچاکسازییەکە بوونیان هەیە، کە لەو ژمارەیە نزیکەی ٥٠ کەسیان ڕاگیراون و حوکم نەدراون.

ک.س