لە چالاکیی گەریلادا ٦ سەربازی تورک کوژران

لە ئەنجامی چالاکیی گەریلاکانی هەپەگە دژی سوپای داگیرکەری تورک لە ناوچەی سەرحەد، شەش سەربازی داگیرکەر کوژران.


ئەمڕۆ ناوەندی ڕاگەیاندنی هێزەکانی پاراستنی گەل- هەپەگە، لەسەر چالاکیی گەریلاکانی لە ناوچەی سەرحەد، دژی سوپای داگیرکەری تورک ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: ڕۆژی ١ی ئەم مانگە کاتژمێر ٠٧:٠٠ی بەیانی، هێزەکانمان دژی گردێکی پاسەوانیی لەبەردەم بارەگای سەربازیی کۆرخان لە ناوچەی باشان سەربە ئیدر چالاکییان ئەنجامدا، لەو چالاکییەدا لە چوار قوڵەوە سەربازەکان کرانە ئامانج و لە ئەنجامدا چوار سەرباز کوژران و دووی دیکەش برینداربوون، دوای چالاکییەکە سوپای تورک بە هێلیکۆپتەر کوژراو و بریندارەکانی دوورخستەوە.

هەروەها هاتووە: ڕۆژی ٢ی ئەم مانگە کاتژمێر ١٠:٠٠ی پێش نیوەڕۆ، هێزەکانمان لە ناوچەی بایەزیدی ئاگری، دژی سوپای داگیرکەری تورک لە بارەگای سەربازی ڤەدات ئۆزکایا، چالاکیی نیشانشکێنیان ئەنجامدا، لەو چالاکییەدا دوو سەربازی دووژمن کوژران.

لە کۆتاییشدا هاتووە: ڕۆژی ٢ی ئەم مانگە کاتژمێر ٠٨:٤٥ خولەکی بەیانی، هێزەکانمان لە گردی شەهید ئاخین لە خواکورک دژی سوپای داگیرکەری تورک چالاکییان ئەنجامدا، لە چالاکییەکەدا، گورزی قورس لە مۆڵگە و حەشارگەکانی دووژمن درا، بەڵام ژمارەی کوژراو بریندارەکان ڕوون نەبووەتەوە.

 

ش.ف