لە چۆمان فیلمی سینەمایی زەر نمایش کرا

لە ناوەندی کلتوریی چۆمان فیلمی زەر نمایش کرا و چیرۆکی فیلمەکە سەرنجی ئامادەبووانی ڕاکێشا.


کاتژمێر ١٠:٠٠ی شەوی ڕابردوو لە هۆڵی ناوەندی كلتوریی چۆمان-ی سەر بە پارێزگای هەولێر، بە ئامادەبوونی بەشێک لە ڕۆشنبیران و هونەردۆستان و گەنجانی ناوچەکە، فیلمی سینەمایی'زەر' نمایش کرا.

نمایشکردنی ئەو فیلمە لە چوارچێوەی هەفتەی فیلم-دا بوو، کە لە ناوەندەکە بەڕێوەدەچێت.

فیلمی سینەمایی زەر لە دەرهێنانی 'کازم ئۆز'ە، کە خەڵکی شاری دێرسیمی باکوری کوردستانە.

'زەر' چیرۆکی گەنجێکی کوردی دێرسیم دەگێڕێتەوە بە ناوی 'ژان'، کە لە ئەنجامی هێرش و کۆمەڵکوژیی دێرسیم لەسەر دەستی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر لە ساڵی ١٩٣٨، باپیران و داپیرانی ئاوارەبوون و ڕاگوازراون و دواجار ژان لە ئەمریکا لەدایک دەبێت و گەورە دەبێت.

ژان، لە ئەمریکا مۆسیقا دەخوێنێت، بێ ئەوەی ئاشنای مۆسیقا و هونەری کوردیی و ڕەچەڵەکی خۆی بێت، ئەوکاتەی نەنە بەتەمەنە نەخۆشەکەی بە زمانی شیرینی کوردیی گۆرانیی 'زەر'ی بۆ دەچڕێت، 'ژان' سەرسام دەبێت و دەکەوێتە دوای دۆزینەوە و ناسینی نەتەوەکەی.

گەنجەکە دەگەڕێتەوە بۆ باکوری کوردستان، دەچێتە شاری دێرسیم،  دەچێتە چیا ئازادەکانی کوردستان و گەریلا دەناسێت، وردەوردە تێکەڵ بەو کۆمەڵگایە دەبێتەوە، کە لە ئەنجامی زۆرداریی دەوڵەتی تورک لێی دابڕابوو.

ژان لەڕێگای گۆرانییەکی فۆلکلۆری کوردییەوە، لە ئەمریکاوە دەگەڕێتەوە باکوری کوردستان و شوناسی خۆی بەدەستدێنێتەوە.

بینەرانی فیلمەکە بە بینینی خۆشحاڵ بوون و چیرۆکەکە سەرسامی کردن.

كازم ئۆز-ی دەرهێنەری فیلمی 'زەر' لەسەر فیلمەكە چەندین جار دەستگیركراوە و خراوەتە زیندان، بەتۆمەتی پشتیوانییكردن لە بزوتنەوەی ئازادییخوازی کوردستان.

 

ش.ف