مام خالید ماڵەکەی کردووەتە مۆزەخانە

هاوڵاتییەکی گوندێکی سنوری شارۆچکەی کۆیە، ماڵەکەی خۆی کردووەتە مۆزەخانەیەکی بچوک و ژمارەیەک کەلوپەلی مێژویی ناوچەکەی کۆکردوەتەوە و باس لەوە دەکات، دەیەوێت لەو ڕێگەیەوە شێوازی ژیانی ڕابردوو پیشانی نەوەی نوێ بدات.


خالید سابیر، ناسراو بە مام خالید، دانیشتووی گوندی بۆگدی سەر بە شارەدێی ئاشتیی شارۆچکەی کۆیەیە، ئەو لە ماڵەکەی خۆیدا زیاتر لە ۱۱٥ پارچەی مێژوویی و کەلەپووری کوردیی پاراستووە و هاوشێوەی مۆزەخانەیەک نمایشیان دەکات.

ئەو کەلوپەلانەی مام خالید کۆکردونەتەوە جیاوازن، وەک ئەو کەرەستە کۆنانەی لە ڕابردوودا بۆ شەڕ بەکارهاتوون بە جۆرە جیاوازەکانی چەقۆ، خەنجەر و تفەنگەوە، هەروەها کەرەستەی کشتوکاڵکردن و چرا و تەشی و چەندین کەلوپەلی دیکەش.

مام خالید بۆ ڕۆژنیوز باسی لەوە کرد، ئەو پارچە شوێنەواریانەی ئەو کۆیکردونەتەوە، گوزارشت لە ژیانی ڕابردووی کوردان دەکات، بەشێوەیەک گوندنشینەکان لەسەر دەستی خۆیان ژیاون و زۆربەی ئەو کەلوپەلانەی بۆ ئاژەڵداریی و کشتوکاڵ بەکاریانهێناون، خۆیان دروستیان کردوون.


 
لە بارەی ئامانجی لە کۆکردنەوەی ئەو پارچە شوێنەواریانە، مام خالید ئاماژە بۆ ئەوە دەکات، دەیەوێت لەو ڕێگەیەوە نەوەکانی ئێستا بزانن لە ڕابردوودا گوندنشینەکان چۆن ژیاون و کەرەستە پێویستییەکانی سەردەمی ڕابردوو چۆن بوون.


س.ح