محەمەد مورسی كۆچی دوایی كرد

میدیای میسر بڵاویكردەوە محەمەد مورسی سەرۆكی لەسەركار لابراوی ئەو وڵاتە لەكاتی بەڕێوەچوونی دانیشتنی دادگایكردنیدا توشی جەڵتەی دڵ بووەو كۆچی دوایی كردوە.


میدیای میسر بڵاوی كردەوە لەكاتی پرۆسەی دادگایی كردن لەسەر دۆسیەی پەیوەندیەكانی مورسی لەگەڵ قەتەر، ناوبراو لەدانیشتەكەدا داوایكردوە ڕێگەی پێبدرێت قسە بكات، بەڵام كاتێك هەستاوە بۆ قسەكردن كەوتووەو بێهۆش بوە، ئەوەش بەهۆی جەڵتەی دڵەوە بووەو دواتر كۆچی دوایی كردوە.


دوای كۆچی دوایی مورسیش، سوپاو هێزەكانی ناوخۆی میسر باری نائاساییان لەوڵات ڕاگەیاند.


محەمەد مورسی لەساڵی 1951 لەگوندی (عودوە)ی سەربەپارێزگای شەرقییە لەدایك بووەو پێنجەمین سەرۆك كۆماری میسربووە.


ساڵی 1977 بووەتە ئەندامی ڕێكخستنەكانی كۆمەڵەی ئیخوان موسلیمین و بەرلەوەرگرتنی پۆستی سەرۆكی میسر سەرۆكی پارتی ئازادی دادپەروەری بووە، لەساڵانی 2000 بۆ 2005 ئەندامی ئەنجومەنی گەلی میسر واتە پەرلەمان بووە، پێشتر ئەندازیار و مامۆستای زانكۆبووە خاوەنی دكتۆرابووە لەئەندازیاری بەرهەمدا.


ئەو تۆمەتانەی ئاراستەی مورسی كرابوون بریتی بوون لە پەیوەندی كردن لەگەڵ قەتەر و لایەنی بیانی و بڵاوكردنەوەی نهێنی ئاسایشی دەوڵەت و چەند تۆمەتێكی تر.

ماوەی سەرۆكایەتییەكەی لە 24ی حوزەیرانی 2012 پۆستی سەرۆكایەتی میسری وەرگرت و لەدوای كودەتاكەی ساڵی 2013 لەپۆستەكەی دوورخرایەوەو لەوكاتەشەوە زیندانیكراوە.

د.ح