منداڵانی مەخمور کلتورەکەیان دەپارێزن

منداڵانی کامپی پەنابەرانی شەهید ڕوستەم جودی لە مەخمور، کلتور و گۆرانییە کۆنەکانیان دەپارێزن.


منداڵانی مەخمور لە ناوەندی وەقفی ژنانی مەخموردا، پەروەردەی کلتور، فۆلکلۆر و میوزیکی کوردی دەبینن، ئەو منداڵانە هەفتەی دوو ڕۆژ دەچنە ناوەندی وەقفی ژنان و بە پەروەردە بینین کلتورەکەیان باشتر دەناسن.

ئەو منداڵانە بە چوار گروپدا دابەشدەکرێن، کە بریتین لە سێ گروپی میوزیک و گروپێکی هەڵپەڕکێ.

ئاخین کارا، یەکێک لە مامۆستایانەی ئەو منداڵانە دەڵێت: تادێت بەشداربوونی منداڵەکان لەم خولانەدا زیاتردەبێت، ئێستا نزیک بە ١٧٠ منداڵی مەخموری لە ناوەندی وەقفی ژناندا پەروەردە دەبینن، تەنیا بۆ پەروەردەش نییە کە ئاوا بە گەرموگوڕی پێشوازی لە خولەکان دەکەن، بەڵکو لێرە لە دەوری یەک کۆدەبنەە و یاری دەکەن.

ئاخین وتی، لە دژی ئەو سیستمەی هەوڵدەدات منداڵان لە کلتوریان دووربکاتەوە تێدەکۆشین.

لە بارەی بەرنامە هاوینەکانیشەوە وتی: ١٥ی ئاب فێستیڤاڵێک بۆ منداڵان دەستپێدەکەین، بەڵام ئێستا بەهۆی گەرماوە تا ١٥ی تەموز ناوبڕدەدەین بە خولەکانمان.

ب.ل