میدیای فەرمی عێراق دەستگیرکردنی نەجمەدین کەریمی ڕاگەیاند

دوێنی هەواڵی دەستگیرکردنی د.نەجمەدین کەریم پارێزگاری پێشووی کەرکوک بڵاوکرایەوە، هەرچەندە نووسینگەکەی ڕەتیکردەوە، بەڵام میدیای فەرمی عێراق لەزاری باڵیۆزی عێراق لە لوبنان دەستگیرکردنەکەی پشتڕاستکردووتەوە.


ئەگەرچی سکرتێرە تایبەتەکەی هەواڵی دەستگیرکردنی د. نەجمەدین-ی ڕەتکردەوە، بەڵام "توڕی ڕاگەیاندنی عێراق" کە تۆڕێکی فەرمییە و سەر بە حکومەتی عێراقە، دەستگیرکردنی پارێزگاری پێشوی کەرکوکی ڕاگەیاندووە.

تۆڕی ڕاگەیاندنی عێراق، لە‌سه‌ر زاری عه‌لی عامری باڵیۆزی عیراق له‌ لوبنان بڵاویكردووەتەوە‌، "به‌دواداچوون بۆ پرسی ده‌ستگیركردنی نه‌جمه‌دین كه‌ریم پارێزگاری له‌سه‌ر كارلادراوی كه‌ركوك لەگەڵ بەرپرسانی لوبنان دەکەین،  كه‌ له‌لایه‌ن پۆلیسی ئینته‌رپۆڵه‌وه‌ به‌پێی یاسا لە فڕۆکەخانەی 'حەریریی' لە بەیروتی پایتەخت ده‌ستگیر كراوه".

هەرچەندە نووسینگەکەی د.نەجمەدین هەواڵەکەی ڕەتکردووەتەوە، بەڵام باسی لەوەکردووە، کە د. نەجمەدین یەکشەمەی ڕابردوو سەردانی لوبنانی کردووە.

دکتۆر نەجمەدین کەریم، پارێزگاری پێشووی کەرکوک و ئەندامی پێشوی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی، دوای ڕووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەر نەگەڕایەوە کەرکوک، هەروەها لەلایەن حکومەتی عێراقەوە چەند سکاڵایەکی بە ماددەی جیاواز لەسەر تۆمارکراوە و دادوەر بڕیاری دەستگیرکردنی داوە.

هەر لەو چوارچێوەیەدا، میدیای فەرمی یەکێتی-ش بلاویکردووەتەوە، کە "هه‌ندێك لایه‌ن داوا له‌ باڵیۆزی عیراق له‌به‌یروت ده‌كه‌ن، كار بۆ ئازاد كردنی د. نه‌جمه‌دین كه‌ریم بكات".

س.ح