مێژووی زەڕنگەریی لە شاری سلێمانی

لە شاری سلێمانیی نزیکەی ٧٠ ساڵە زەڕەنگەریی بوونی هەیە، زەڕنگەرەکان بە ماندووبونێكی زۆر و چەندین قۆناغی جیا جیا پارچەیەکی دیاریکراو لە زێڕ درووست دەکەن، بەڵام ئەوانیش بەهۆی هاوردەکردنی زێڕی ئامادەکراوەوە، خەمی لەناوچوونی پیشەکەیانە.


سەرەتای زەڕنگەریی وەک پیشە(دروستکردن) لە شاری سلێمانی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ١٩٥٠ و کە لە سەر دەستی جوولەکەکان، هاتووەتە شارەکە و تا ئێستاش بەردەوامە، بەڵام کڕین و فرۆشتنی زێڕ مێژوویەکی دێرینتری هەیە.

لە سەرەتای سەرهەڵدانی پیشەکەدا لە سلێمانی، زەڕەنگەرەکان لەلایەن ئینگلیزەکانەوە قاڵبە زێڕەکانیان پێدەفرۆشرا، کیلۆی بە ٤١٥ دیناری عێراقی و باجەکەشیان لێدەستاندن، کە تا ساڵی ١٩٨٢ ئەم ڕێگایە بەکارهێندراوە و دواتر بازرگانەکان خۆیان قاڵبە زێڕەکانیان لە ئێران و دوبەی و تورکیاوە هاوردە  کردووە یان سودیان لە زێڕی ئەو هاوڵاتیانە وەرگرتووە، کە زێڕەکانیان فرۆشتووەتەوە، تا ئێستاش هەمان ئەو ڕێگایانە  بەکاردێت.

شێوازی دروستکردنی پارچە جیاوازەکانی زێڕ، لەگەڵ گۆڕانی ئامێرەکان، گۆڕانکاریی بەسەردا هاتووە، لە ڕابردوودا زەڕەنگەرەکان تەواوی کارەکانیان بەدەستی خۆیان و ئامێری سەرەتایی وەک "چەکوش" ئەنجام دەدا، بەڵام لەئێستادا بەهۆی ئەو بەرەوپێشچونانەی کە لە بوارەکادا ڕوویداوە ئامێری جۆراوجۆر و پێشکەوتوو بەکاردەهێندرێن لە تواندنەوە و گەرمکردن و ڕاکێشان و زاخاوکردنی زێڕەکە.

 دروستکردنی پارچەیەکی زێڕ، بە چەند قۆناغێکی جیا جیادا تێدەپەڕێت، تا دەگاتە ئەوەی ئامادەبێت بۆ فرۆشتن، لەسەرەتادا یان دەبێت زێڕەکە بە قاڵب بەردەست بێت، یان سوود لەو پارچە زێڕە  خراپ بوانە وەردەگیڕێت، کە زەڕەنگەرەکان لە هاوڵاتیانی دەکڕنەوە، یانیش لەڕێگەی ئەو خۆڵەی لە پێکهاتەکەیدا زێڕ هەیە.

ئەگەر زێڕەکە بە قاڵب لەبەردەست نەبوو، ئەوا پارچە زێڕەکان دەخرێنە ناو کوپەڵەیەکی لە خۆڵ دروستکراو بە ناوی "بۆتە" و پاشان دەخرێتە کورەیەکەوە، کە پلەی گەرمییەکەی ٨٠٠-٩٠٠ پلەیە و بە هۆی دوو ماددەوە بە ناوی "بۆرە و تەنە" دەتوێندرێتەوە.

پاش تواندنەوەی زێڕەکە، دەستدەکرێت بە دیارییکردنی (عەیار)ی زێڕەکە، ئەمیش لەڕێگەی تێکەڵ کردنی مس یان زیو  دەبێت و زێڕەکە پۆلێن دەکرێت لە ژێر ناوی زێڕی عەیارە ١٨، عەیارە ٢١ و عەیارە ٢٤، کە بەپێی هەبوونی زێڕی ساغ لەناو پارچەکەدا دیاریی دەکرێت، هەتا ڕێژەی زێڕ زیاتر بێت، عەیارەکەی بەرزتر دەبێت و نرخی گرانتر دەبێت، بەڵام تەنکتر و ناسکتر دەبێت، بەپێچەوانەشەوە.

دوای تواندنەوە و جیاکردنەوە، زێڕە تواوەکە دەکرێتە ناو قاڵبێکی ئاسن کە ڕێژە-ی پێدەوترێت، ئینجا قاڵبە زێڕەکە لە ئاو هەڵدەکێشرێت تا بە تەواویی سارد دەبێتەوە، پاشان قاڵبە زێڕەکان بە ئاگر گەرم دەکرێت و لە ئامێری ڕاکێشان دەدرێت، کە ئامێری زێر ڕاکێشانی پێدەوترێت و لە دوو بەش پێکهاتووە، بەسێکیان ئەلەمنیۆمە و ئەویدکەیان تەل، چەندین جار ئەو زێڕە ڕادەکێشنەوە تا بە تەواویی تەنک دەبێتە و ئامادە دەبێت بۆ درووستکرردنی پارچە دیارییکراوەکانی زێڕ، لەوانە، گۆبەرۆک، پشتێنی لیرە و چنراو، قوبە، سەرپەرچەم، دوگمە و دۆلاب، لولە و زنجیر، حێل و مێخەک، ملە شیلان، سەرووکڵاو و دەیان جۆری دیکە.

لە کاتی ئامادەکردنی ئەم ڕاپۆرتەدا، زەڕەنگەرێک بەناوی کاوە****، سەرقاڵی دروستکردنی مێخەکبەندێک بوو، وەک سەرەتا زێڕە ڕاکێشراوەکەی دەکرد بە پارچە پارچەی بچوک، بەقاڵب و شێوازی جیاواز، بۆ پێکەوەلکاندنی پارچە بچوکەکانێش پارچە زێڕی تری بەسەردا دەتواندەوە.

قۆناغی دوای پێکەوەلکاندنی پارچە بچوکەکان، بریتییە لە زاخاوکردن، کە بە دوو ڕێگا دەکرێت، ڕێگای یەکەم زاخاوی وشک و ڕێگای دووەم زاخاوی کارەبایی، کە پێشی دەوترێت ''هەلاش''، لەم قۆناغەدا زێڕەکە ئەو ڕەنگە ڕەشەی نامێنێت کە بەهۆی گەرمکردن و توانەوەوە وەریگرتووە و ڕەنگێکی جوانی بریقەدار وەردەگرێت و دوای چەند جوانکارییەکی سادەی دیکە زێڕەکە ئامادە دەبێت بۆ فرۆشتن.

ئێستاش جگە لە بەرهەمی ناوخۆیی، لە وڵاتانی وەک دوبەی، ئێران و چەند وڵاتێکی دیکە زێڕی ئامادە هاوردە دەکرێت و ئەمەش زەڕەنگەرەکانی ناوخۆی نیگەران کردووە و پیشەکەیان ڕووی لەکزییە، لەم بارەیەوە جەلالە سوور، کە چەندین ساڵە خەریکی پیشەکەیە، باسی لەوەکرد، کە بازرگانەکان لە وڵاتانی دیکەوە زێڕ هاوردە دەکەن، ئەمەش وایکردوە پیشەکەمان تا ڕادەیەک کاڵ ببێتە و لە ئێستادا ڕووی لە کزییە.

جیاواز لەم پیشەیە، زۆربەی پیشە دێرینەکانی دیکە کە دەیان ساڵە سەرچاوەی بژێویی سەدان خێزانن، بەهۆی بەرهەمی دەرەکییەوە بەرەو لەناوچوون دەچن و حکومەتی هەرێمێش گرنگیەکی ئەوتۆی پێنادات، بەڵام پیشەوەرەکان لای خۆیانەوە هەوڵدەدەن بۆ پاراستنی پێشەکانیان، لەڕێگای فێرکردنی شاگرد یان منداڵەکانیان.

بەپێی ئەو زانیەریانەی لەبەردەستدان ژمارەی پیشەوەرانی زێر لە ئێستادا  لە شاری سلێمانی نزیکەی ١٢٠کەس دەبێت.

ش.ف