ناوەندی ئەندێشە ١٠ کتێبی ناساند و مانگی داهاتوو بۆ هەمیشە دادەخرێت

ناوەندی ڕۆشنبیری و هونەری ئەندێشە ١٠ کتێبی ناساند، کە یەکێک لەو کتێبانە دەوران-ی سەلاحەدین دەمیرتاش ی بوو و پاشان بەڕێوەبەری ناوەندنی هونەری و ڕۆشنبیری ئەندێشە، هەواڵی داخستنی کتێبخانەکەی بۆ هەمیشە ئاشکرا کرد.


پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ، ناوەندی ڕۆشنبیری و هونەری ئەندێشە، لە شاری سلێمانی ١٠ کتێبی ناساند کە یەکێک لەو کتێبانە دەوران-ی نووسەر و پەرلەمانتار سەلاحەدین دەمیرتاش بوو، پاشان بەڕێوەبەری کتێبخانەکە هەواڵی داخستنی یەکجاری کتێبخانەکەی دا.

ئەو کتێبانەی کە ناسێندران، بریتی بوون لە کتێبەکانی نیشتمانی سارا و شەوگەڕەکان ـ ی میران ئەبراهام، ئیستانبوڵ کە سامان گهری وەرگێڕانی بۆ کردووە، ‌بەسیاسەتکردنی ئیسلام کە شێرکۆ کرمانج نووسیویەتی، هەروەها باوکی ئەو وبەشی من پەرینووش سەنیعی نووسیویەتی و لەلایەن ڕووناک شوانی وەرگێڕانی بۆ کراوە و یەکێکی دیکە لەو کتێبانە کتێبی دەوران-ی سەلاحەدین دەمیرتاشە کە فەرهاد چۆمانی وەرگێڕانی بۆ کردووە.

دەوران کۆمەڵە چیرۆکە، ١٤ چیرۆکی لەخۆگرتووە، کە بە زمانی تورکیی نووسراونەتەوە، چیرۆکەکان فەنتازیین و گوزارشت لە چەوساندنەوە و نەهامەتییەکانی گەلی کورد دەکەن لە باکوری کوردستان، کە لەسەر دەستی دەسەڵاتدارێتی تورکیا بەسەریاندا دێت، هەروەها باس لە بێکاریی و نادادیی سیستمی داد دەکات لە تورکیا.

هەژار مەجید بەڕێوەبەری ناوەندی رۆشنبیری و هونەری ئەندێشە، هیچ روونکردنەوەیەکی دەربارەی داخستنی ئەو ناوەندە نەدا و ئاماژەی بەوە کرد کە ئەوە بڕیارێکی" قەتعییە"و لە بەرواری ١ی مانگی داهاتوو بە تەواوی ناوەندەکە دادەخرێت.

ناوەندی ڕۆشنبیری و هونەری ئەندێشە، کتێبەکانی بە کۆمپانیای بڵاف پەیف دەسپێرێت و ئەوانیش سەرجەم کتێبەکان بە سەر کتێبخانەکانی دیکەدا دابەش دەکەن.

لە کۆتاییشدا هەر یەک لە وەرگێڕەکان فەرهاد چۆمانی و میران ئەبراهام واژۆیان لە سەر ئەو کتێبانە کرد کە بلاو کرانەوە.

 ب.ش