نزیکەی ١٥٠ ساڵە دوو چاخانە لە ڕواندز چا دەدەنە میوانەکانیان

چاخانه‌ی سه‌ید جه‌بار و چاخانه‌ی ڕواندز، دوو چاخانه‌ی دێرینی شارۆچکه‌ی ڕواندزی سه‌ر به‌ پارێزگای هه‌ولێرن، که‌ یه‌کێکیان نزیکەی ١٠٠ ساڵ و یەکێکیشیان نزیکەی ٥٠ ساڵە چا دەدەنە میوانەکانیان.


ئێوارانی چاخانه‌کانی ڕواندز زیاتر له‌ کاته‌کانی دیکە جمه‌یان دێت، بوونی که‌شێکی ئارام  له‌ چاخانه‌کاندا، لەگەڵ ئەو تەمەنە زۆرەی هەیانە، وایکردووه هونه‌رمه‌ندان و ڕۆشنبیران و که‌سایه‌تیه‌ کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان و هاوڵاتیان ڕۆژانە ڕوویان تێبکەن.

چاخانه‌ی سه‌ید جه‌بار، کۆنترین چاخانه‌ی ڕواندزه، که‌ له‌ ساڵی ١٩٢٠ دروستکراوه‌، ئێستا چاخانه‌که ده‌که‌وێته‌ ده‌روازه‌ی بازاڕی ڕواندز و پێشتریش له‌ ناوه‌ڕاستی بازاڕ بووه‌، پاش کۆچی دوای سه‌ید جه‌بار، له‌ ئێستادا چاخانه‌که‌ ناونراوه‌ چاخانه‌ی کۆن، یه‌کێک له‌ کوڕه‌کانی به‌ ناوی سه‌ید ته‌ها، به‌ هه‌مان دیزاینی جاران دروستی کردۆته‌وه‌.

مام هه‌مزه‌، یه‌کێکه‌ له‌وانه‌ی چاخانه‌کانی ڕواندز وه‌ک شوێنێک بۆ حه‌سانه‌وه‌ و به‌سه‌ربردنی کاته‌کانی ده‌بینێت و زۆرترین ڕۆژه‌کانی هه‌فته‌ش سه‌ردانی چاخانه‌ ده‌کات، ئەو ده‌ڵێت: هه‌ر که‌سێک له‌ ڕواندز ون بوو ده‌توانی له‌ چاخانه‌کاندا بیدۆزیته‌وه‌.

ده‌شڵێت: چاخانه‌کان وایکردووه‌ ڕواندزی جارانمان هه‌ر له‌به‌رچاو بێت.
 نرخی یه‌ک چایه‌ بە‌ ٢٥٠ دیناره‌، چاخانه‌ی سه‌ید جه‌بار له‌لایه‌ن  سامی ڕواندزی سه‌رپه‌رشتی ده‌کرێت، سامی ده‌ڵێت: ماوه‌یه‌ک کۆنکان و دۆمینه‌مان دانا، دواتر ده‌رکه‌وت وه‌ک جاران خه‌ڵک نایه‌ته‌ چاخانه‌کامان، ئێستاش ئه‌و یاریانه‌مان هه‌ڵگرتووه‌،  هه‌ست ده‌که‌ین خه‌ڵک ڕووی تێده‌کاته‌وه‌.

چاخانه‌ی ڕواندز، یه‌کێکی دیکەیه‌ له‌ کۆنترین چاخانه‌ی ئه‌و شارۆچکەیە،‌ که‌ له‌ سه‌ره‌تای ساڵی ١٩٧٠ دانراوه‌ و له‌لایه‌ن مام عەبدوڵا ڕواندزی و کوڕه‌کانی سه‌رپه‌رشتی ده‌کرێت و ساڵی ٢٠٠٨ نوێکراوه‌ته‌وه،‌ وه‌ک خۆشه‌ویستی بۆ شارۆچکه‌که‌یان، چاخانه‌که‌یان ناوناوه‌ چاخانه‌ی ڕواندز.

مام عەبدوڵا ڕواندزی ته‌مه‌نێکه‌ له‌گه‌ڵ چاخانه‌که‌ی به‌رده‌وامه‌ و له‌ ئێستاشدا ئاماده‌ نییه‌ ده‌ستبه‌رداری چاخانه‌که‌ی بێت و به‌ یه‌کێک له‌ کوڕه‌کانی وتووه‌، که‌ ده‌بێت دوای مردنیشی چاخانه‌که‌ی هه‌ر به‌رده‌وام بێت، مام عەبدوڵا ده‌ڵێت: چاخانه‌کانی ڕواندز له‌ هاوین و زستانیش بازاڕیان خۆشه‌، به‌ڵام له‌ زستاناندا چا‌ خواستی زیاتری له‌سه‌ره‌.

باسی له‌وه‌شکرد، که‌ ته‌نها ئه‌م ساڵ نه‌بێت ئه‌گه‌رنا پێشتر زۆپای داریان به‌کارهێناوه‌.

دیواری چاخانه‌کان پڕن له‌ وێنه‌ی یادگاری و دێرینی ناو چاخانه‌کان، ئه‌و که‌سانه‌ی سه‌ردانی چاخانه‌کانی ڕواندز ده‌که‌ن، ده‌ڵێن بوونی که‌شێکی هێمن و بێده‌نگ وایکردووه‌ چاخانه‌کان هه‌مان سه‌نگ و چێژی جارانی ڕواندزیان هه‌بێت.

ک.ک