نه‌بوونی درامای كوردی بینەری بەرەو درامای توركی بردووە

هونه‌رمه‌ندان نیگەرانن لە دۆخی درامای كوردی، پێیانوایە لە قەیراندایە، بۆیە بینەر پەنای بردووەتە بەر تەماشاكردنی دراما توركی و بیانییەكان، بەوتەی بەڕێوەبەری كۆمپانیایەكی تایبەت بە بەرهەمهێنانی فیلم و دراما، لە ٢٠١٥-وە تا ئێستا تەنها چوار دراما لە هەرێم بەرهەمهاتوون.


له‌ باشوری كوردستان، تا دێت بڵاوكردنه‌وه‌ و پیشاندانی دراما توركی و بیانییەكان ڕوو له‌زیادبوون ده‌كه‌ن، هونه‌رمه‌ندانیش، نیگه‌رانن له‌ په‌راوێزخستنی درامای كوردی و بەرهەمنەهێنانی درامای خۆماڵی، له‌و باره‌یه‌وه‌ بۆ ڕۆژنیوز قسەیانكرد.

یاسین قادر به‌رزنجی، هونه‌رمه‌ند، وتی:"وه‌كو كورد، له‌سه‌ره‌تای به‌رهه‌مهێنانی فیلم و پیشه‌سازیی هونه‌ری دراماداین، درامای كوردی ئیستا له‌قه‌یرانێكی سه‌ختدایه‌، ئه‌و پلانانه‌ی كه‌ لایه‌نه‌ به‌رپرسه‌كانیش‌ دایده‌ڕێژن پلانی زانستی و لۆژیكی و هونه‌ری نین".

بەرزنجی وتیشی:"لێره‌ و له‌وێ، كۆمپانیا و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییە گشتییەكان و وه‌زاره‌تی ڕۆشنبیری و به‌ڕێوه‌به‌رێتییەكانی هونه‌ری سینه‌ما، كارێكی هونەری به‌رهه‌مده‌هێنن، بەڵام ئه‌مه‌ نه‌بووه‌ته‌ هۆی دروستبوونی پیشه‌سازیی به‌رهه‌مێنانی درامای سه‌ركه‌وتوو، بینه‌ری كوردیش پێویستی به‌ته‌ماشاكردنی هونه‌ری خۆیه‌تی به‌زمانی خۆی، بەڵام هونه‌ری فیلمسازی و دراما له‌سه‌ره‌تادایه،‌ بۆیه‌ بینه‌ری كورد به‌شێوه‌یه‌كی گشتی به‌دیار فیلم و دراما دوبڵاژكراوه‌ توركی و كۆری و عه‌ره‌بییه‌كانه‌وه‌ داده‌نیشن".

ئەو هونەرمەندە پێشی وایە، بەهۆی ئه‌وه‌ی مه‌یدانه‌كه‌ چۆڵه بۆ نمایشی درامای بیانی، تاوه‌كو درامای باشی به‌رهه‌مهێنراوی كوردیمان نه‌بێت، كاڵای به‌هێزمان نه‌بێت جێ به‌و كاڵا بیانییانەی دیكە له‌ق بكات، ئه‌و كاڵایانه‌ هه‌ر دره‌وشاوه‌دارتر ده‌بن و بینەر هه‌ر سه‌یری ده‌كه‌ن، بینەر ‌كاتێك سه‌یری هونه‌ری كوردی ده‌كات، كە دراما و شانۆی باشت هه‌بێت، بەڵام كه‌ نه‌تبوو، بینەر ڕوو ده‌كاته‌ بینینی هونه‌ری دیكە.

به‌یان زه‌ریفی، هونه‌رمه‌ند، وایدەبینێت، بۆ پێشخستنی هه‌ر كارێك، پێویسته‌ بودجه‌یه‌كی باشت هه‌بێت، تا بتوانیت كارێك بكه‌یت ببێته‌ وه‌ڵام بۆ به‌رامبه‌ره‌كه‌ت، بەڵام به‌داخه‌وه‌ نه‌ گروپێك، نه ‌سه‌رمایه‌دارێك نییه‌ پشتگیریی له‌ هونه‌رمه‌ند بكات، ئه‌وه‌ی هه‌یه‌، حكومه‌ت و وه‌زاره‌تی ڕۆشنبیرییه‌، بەڵام ئه‌وانیش وه‌ك پێویست نین بۆ هاوكاریكردنی هونه‌رمه‌ندان بۆ بەرهەمهێنانی درامای كوردی.

زه‌ریفی وتیشی:"به‌داخه‌وه‌ پشتگیریكردن له‌ هونه‌ری كوردی ناكرێت تا پاشه‌كشه‌ به ‌درامای توركی و بیانی بكرێت، هونه‌ری كوردی له‌قه‌یراندایه‌، جێگای نیگه‌رانیشه‌ حكومه‌ت یاسایەكی نییه‌، كه‌ ڕێگیری له‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی فیلم و درامای بیانیی دوبڵاژكراو بگرێت".

فوئاد جه‌لال، به‌ڕێوبه‌ری كۆمپانیای 'مه‌ستی فیلم' بۆ ده‌رهێنانی دراما و فیلم، لەبارەی ئاماری بەرهەمهێنانی دراما لە هەرێمی كوردستان قسەی بۆ ‌ڕۆژنیوز كرد، ئاشكرایكرد، له‌ ساڵی ٢٠١٥-وە تا ئێستا، له‌ هه‌رێمی كوردستان تەنها چوار دراما  به‌رهه‌مهاتوون‌.

ساڵانە لە کەناڵە ئاسمانى و ناوخۆییەکانى هەرێمى کوردستان، چەندین دراماى دۆبلاژکراوى بیانى پەخشدەکرێن، کە زۆریینەیان دراماى تورکین.

دراما تورکییەکان لەگەڵ ئەوەى دیمەنەکانى ناوى لەگەڵ کلتورى کوردى ناگونجێت و بووەتە هۆى نیگەرانى خێزانەکان، چەندین سوکایەتیشى تێدایە بە نەتەوەى کورد و نەتەوەکانى دیکە، بەڵام هەموو ئەمانە سەرنجى وەزارەتى ڕۆشنبیرى حکومەتى هەرێمى کوردستانى ڕانەکێشاوە بۆ ئەوەى هەڵوێستێک لە بەرامبەر بەخشکردنى ئەو درامایانەدا نیشانبدات.

د.ع