نوێکردنەوەی دیواربەندی شەقامی سالم بەهۆی ناڕەزایەتییەکانەوە ڕاگیرا

پڕۆژەی نوێکردنەوەی وێنەکانی دیواربەندی شەقامی سالم، لە سلێمانی بەهۆی دروستکردنی وێنەی هوتێلێکی بازرگانی تێیدا، ناڕەزایی هاوڵاتیان و پەرلەانتارانی لێدەکەوێتەوە و داوادەکەن لەبری بینای بازرگانی بایەخ بە کلتور و شوێنەوارە مێژووییەکان بدرێت، بەپێی بە دواداچوونی ڕۆژنیوزیش بەهۆی ناڕەزایەتییەکانەوە بۆ ماوەی چەند ڕۆژێک کارکردن لە پرۆژەکەدا ڕاگیرا.


دیوارە ڕاگرەکەی شەقامی سالم یان (دیواربەندی شەقامی سالم)ی شاری سلێمانی، کە لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا، وێنەی شاعیر و کەسایەتیەکانی لەسەر کێشرابوو، ببووە بەشێک لە سیمای جوانی شار و لەڕێگەی تابلۆکانەوە مێژوو و کلتوری کوردی دەناساند بە گەشتیاران و نەوەی نوێ، بەڵام لە ئێستادا دوای ئەوەی بۆ جاری سێێەم نۆژەن دەکرێتەوە، ١٠ وێنە لە نەخشەی سەرەتاییدا دیاریکراوە بۆ ئەوەی لەسەر دیوارەکە بکێشرێت، یەکێک لە وێنەکان، وێنەی ئوتێل شاری جوانە ئەوەش هەر لە سەرەتای دەستپێکردنیەوە ناڕەزایی هاوڵاتیانی لێ کەوتەوە و بە ڕیکلامێکی بازرگانی دەیخەمڵێنن و داوادەکەن هاوشێوەی وێنەکانی پێشوو بایەخ بە وێنەی مێژوویی و کەسایەتییەکان بدرێت.

فەرهاد عەلی، هاوڵاتییەکی شاری سلێمانیە و دەڵێت: ئوتێل شاری جوان بە من چی کە من نەتوانم بچمە ناو ئوتێلەکە بە چی بچم خۆ پارەم نیە؟! لەبەرچاوماندایە کە ئەمە ئوتێل شاری جوانە پێویست ناکات وێنەی بکێشرێت و نابێتە سمبوڵی سلێمانی، بەڵکو ڕیکلامێکی بازرگانییە پێویستیشە بکرێتەوە بە وێنەکانی پیشوو یان مێژووی سلێمانی بێت.

زاهیر کەریمە ڕەش، کە یەکێکە لە سەرمایەدارانی شاری سلێمانیی و خاوەنی چەندین تەلارە لەناو شارەکەدا و لە دروستکردنی تەلارەکانیدا بایەخی بە پاراستنی شێوازی کلتوری کوردیداوە، لەبارەی پرۆژەکە و دروستکردنی وێنەکان وتی: "پێویستە پەلە نەکەین لەوەی ئەنجامی ئەو وێنەیە چی دەبێت، هیشتا زووە بۆ ئەوەی ڕای خۆمانی لەسەر بڵین، چونکە هیشتا کارەکە تەواو نەبووە، ئێمە دڵسوتاویی کلتورمانین، بۆیە هاوخەمی و ڕەخنەمان هەیە لەسەر ئەوەی کە چی درووست دەکریت بۆ شارەکەمان، دەکرا زۆر شتی جوانتر درووست بکرێت بەتایبەت وێنەی کەسایەتییە دیارەکان و شاعیران".

پڕۆژەی نوێ کردنەوەی دیواربەندەکە تەنها نیگەرانی و مشتوڕی لە ناو هاوڵاتیان درووست نەکردووە، بەڵکو بەشێک لە پەرلەمانتارانیش نیگەرانن و لەو بارەیەوە، مەم بورهان قانع، ئەندام پەرلەمانی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی هەرێمی کوردستان، بە ڕۆژنیوزی ڕاگەیاند، "پێویستە ئەم پڕۆژەیە ڕابگرن، چونکە ئەوەی لەم وێنەیدا دیارە لە کۆی ١٠ وێنە کە دروست دەکرێت تەنها یەک وێنە بە ئاشکرا دەناسرێتەوە، ئەویش وێنەی ئوتێل شاری جوانە، کە ئەوەش پڕۆژەیەکی بازرگانییە لە کاتێکدا بە درێژای مێژووی شاری سلێمانی چەندین پڕۆژەی تر هەن دەبوو لەم دیواربەندەدا جێگایان بۆ بکرایەتەوە، یان گونجاوتر بوو بۆ ئەم دیواربەندە کلتوری مێژوویی یان مێژووی سیاسی، یان کارەکتەرە گەورەکانی مێژووی کوردی نیشانبدایە، نەک چەند بینایەک کە لە ناویشیاندا بە زەقی بیانایەک بناسریتەوە،ئەو پەرلەمانتارە ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد کە داوای لە وەزیری ڕۆشنبیری کردووە پرۆژەکە ڕابگرێت".

سەردەشت مەحموود، وتەبیژی شارەوانی سلێمانی، بۆ وەڵامی ڕەخنەکان لە پرۆژەکە وتی: پڕۆژەی نوێ کردنەوەی ئەم دیوارە تەنیا کێشانی وێنەی ئوتێل شاری جوان نیە، بەڵکو چاوەڕوانبن زۆر وێنەی تری تێدایە کە تایبەتە بە مێژووی شاری سلێمانی لە کۆنەوە تا ئێستا کە بە چ قۆناغێکدا تێپەڕیووە و ئیستا بووە بەچی و پێشکەوتنەکانی چین".

داوای لە هاوڵاتیانش کرد پێش تەواوبوونی وێنەکان، ڕەخنە نەگرن و کارەکە بچوک نەکەنەوە، چونکە هیشتا تەواو نەبووە، ئەنجامەکەی ببینن دواتر بریاری لەسەر بدەن.

پڕۆژەی دیواربەندی شەقامی سالم، لەلایەن هەردوو شێوەکار ڕەئوف حەسەن و خەسرەو ئیسماعیل، بۆ جاری سێیەم نوێ دەکرێتەوە و سپۆنسەری کارەکەش کۆمپانیای "ئاسیاسێل" لە ئەستۆی گرتووە ڕۆژنیوز، سەبارەت بە ڕەخنەکان و پرۆژەکە پەیوەندی بە کۆمپانیای ناوبراوەوە کرد، پەیوەندییەکان بەردەست نەبوون، بەڵام بەپێی بەدواداچوونەکان،  پڕۆژەی دیواربەندی شەقامی سالم، بەهۆی ناڕەزایەتییەکانەوە بۆماوەی چەند ڕۆژێک ڕاگیرا.

ک.س