نەبوونی بودجەی پێویست مەرگی بۆ خانووە کەلەپورییەکان هێناوە

بەڕێوبەرایەتی کەلەپوری سلێمانی ١٠٧ خانووی کەلەپوری دەستنیشان کردووە، بە ئەوەی بیکڕێتەوە و لەناوچوون بیانپارێزێت، بەڵام بەهۆی ئەوەی بودجەی پێویستی بۆ دابین نەکراوە تەنها توانیویەتی ١٤ خانوو بکڕێتەوە، ئاماژە بەوەشدەکەن هەتا ئێستا ٢٠٠ خانووی کەلەپوریی لە سلێمانی کراونەتە گەراج.


لەلایەن ئیبراهیم پاشای بابانەوە ساڵی ١٧٨٤ شاری سلێمانی دروستکراوە، لەسەرەتای دروستکردنیدا گەڕەکەکانی مەڵکەندی، کانی ئاسکان، سابوونکەران و جولەکان بنیاتنراوە، بەهۆی ئەوەی ئێستا ئەو گەڕەکانە دەکەوننە ناوەندی شاری سلێمانییەوە، زۆرێک لە خانووە کەلەپورییەکانی ئەو گەڕەکانە کراونەتە بازاڕ و دوکان و گۆڕەپانی ڕاگرتنی ئۆتۆمۆبێل، هەرچەند بەڕێوبەرایەتی کەلەپوری سلێمانی لە هەوڵی پاراستنی خانووە کەلەپورییەکانی ئەو گەڕەکانەدایە، بەڵام وەک خۆیان ئاماژەی پێدەکەن، لەسەرو دەسەڵاتی ئەوانەوە ئەو خانوانە تێکدەدرێن.

بەڕێوبەرایەتی کەلەپوری سلێمانی ١٠٧ خانووی کەلەپوری دەستنیشان کردووە بۆ ئەوەی بیکڕێتەوە و بیکاتە موڵکی بەڕێوبەرایەتییەکەی و لە لەناوچوون بیپارێزێت و نۆژەنی بکاتەوە، بەڵام لەبەر ئەوەی بودجەی پێویستیان بۆ دابین نەکراوە هەتا ئێستا تەنها ١٤ خانووی بۆ کڕاوەتەوە و لەو ١٤ خانووە حەوت خانووی بۆ نۆژەن کراوەتەوە.

هەر بە ئامانجی پاراستنی ئەو خانووانە بەڕێوبەرایەتی کەلەپوری سلێمانی بە هاوکاریی زانکۆی سلێمانی و سەنتەری سیتی لاب-ی پڕۆژەیەکیان بۆ دۆکومێنتکردنی خانووە کەلەپورییەکانی شاری سلێمانی ڕاگەیاندووە.

ئەم پڕۆژەیە بە چەند قۆناغێک ئەنجامدەدرێت، کە بریتیین لە قۆناغەکانی دروستکردنی نەخشەیەکی بنەڕەتی بۆ گەڕەکە کۆنەکان و دۆکیومێنتکردنی ئەو خانووانەی ئێستا ماونەتەوە، لە ڕێگەی گرتنی وێنە و ڤیدۆ و نەخشە کێشنیانەوە، هەروەها بڵاوکردنەوەی ئەو نەخشەو دۆکیومێنتانە لە پەرتوکێکی تایبەت و وێبسایتێکی تایبەتدا، قۆناغی کۆتایش قۆناغی نۆژەنکردنەوەی ئەو خانووانەیە، لە ئێستادا پڕۆژەکە سێ قۆناغی تەواو بووە و لە قۆناغی کۆتایدایە.

ئەو حەوت خانوەی، کە نۆژەن کراونەتەوە خانووی سۆفی کەریم و ئوتێل فەرەح و پیرەمێردی شاعیر و  ڕەوف سەراف و  بارەگای شێخ مەحمودی نەمر و سەرای سلێمانی هەروەها خانوی عوسمان حاجی ڕەشید ناسراو بە عوسمان چاوەش.

نۆژەن کردنەوەی ئەم خانووانە بەهەمان دیکۆر و تەلارسازیی و هونەری خانوە کۆنەکان بووە، دەستکاریی هیچ کام لە شێوە و تەلارسازیی خانوەکەکان ناکرێت، بەڵام ئەوەی گرفتی دروستکردووە ئەوەیە، کە زۆرێک لە خاوەن ماڵەکان خۆیان خانووەکانیان نۆژەن کردووەتەوە و سیمای کۆنی کەلەپوری خانووەکانیان تێکداوە، یاخود یەک خانوویان دابەشکردووە بۆ چەند خانوویەک و دیواریی جیاکەرەوەیان تێدا درووستکردووە، بەشێوەیەک هەندێک لە خانووەکان جیاکراوەتەوە بۆ حەوت خێزان.

هەرچەند بەمەبەستی پاراستنی خانووە کەلەپورییەکانی شاری سلێمانی، ماوەی دوو مانگە  لیژەنەیەکی هاوبەش سازکراوە، کە ئەندامەکانی پێک هاتوون لە نوێنەرانی بەڕێوبەرایەتی ئاسایش، پۆلیس، شوێنەوار، شارەوانی و قائیمقامیەتی سلێمانی، ڕۆژانە خانوو و بینای گەرەکە کۆنەکانی شاری سلێمانی بەسەر دەکەنەوە و لێپرسینەوەی لەگەڵ هەر خاوەن ماڵێک دەکەن کە دەستکاریی خانوەکەی بکات بە بێ وەرگرتنی مۆڵەت لەو لیژنانە، بەڵام ئەوەش نەبووەتە ڕێگر لەبەردەم لەناوچوونی ئەو خانوانە و هەتا ئێستا ٢٠٠ خانووی کەلەپوریی کراوەتە گەراج و بازاڕ، هەروەها بەرپرسانی کەلەپور ئاماژە بەوەدەکەن لەسەروو ئەوانەوە و بە بڕیاری شارەوانی سلێمانی هەندێک لەوخانووانە تێک دەدرێن و دەکرێنە پڕۆژەی دیکە.

بڕوا کەریم، سەرۆکی لیژنەی کەلپوور لە شوێنەواری سلێمانی سەبارەت بە هەوڵەکانیان بۆ پاراستنی ئەو خانووانە و ڕێگرییەکانی بەردەمیان دەڵێت: لەساڵی ٢٠٠٥ وە لە هەوڵی ئەوەداین سەرجەم ئەو خانووە کەلەپوریانەی ماونەتەوە بیانکڕینەوە، بەڵام بەهۆی قەیرانەکانەوە تەنها ١٤ دانەی کڕدراوەتەوە، توانیومانە ٧ دانەی لی نۆژەن بکەیەنەوە، بەڵام بەداخەوە بە بڕیاریکی شارەوانی ژمارەیەکی زۆر لەو ١٠٧ خانووە  دەستی بەسەرداگیراوە و کراون بە شوێنی بازرگانی بۆ خۆیان و تەلاری بەرزی لی دروست کراوە و بەشێکیش لە خانووەکان لەم ساڵانەدا بە هۆی بارانەوە ڕووخاون و تیاچوون.

ناوبراو سەبارەت بە نۆژەنکردنەوەی خانووەکان وتی: لاریمان نییە لە نۆژەن کردنەوەی ئەم خانووانە لە لایەن هاوڵاتیان خۆیانەوە بەو مەرجەی کە ڕووکاری دەرەوە و ناوەی هەمان ڕووکار بێت و سیمای کۆنی کەلەپوری خانووەکە  لەدەست نەدات و نەیکات بە شوێنی بازرگانی، کە لە ئێستادا زیاتر لە ٢٠٠ خانوومان لە دەست دەرچووە و هەموویان کراون بە گەراج.

خەمی کرێچییەکان

زۆرینەی ئەو خانووە کەلەپورییانە کرێچییان تێدایە، ئەو کرێچییانەش ماوەیەکی زۆرە تێیدا ماونەتەوە، بە شێوەیەک هەندێکیان هەر لەو خانووەدا هاتوونەتە دنیاوە و ئێستاش کە گەورەبوون و خێزانیان پێکهێناوە هەر لەوخانووەدا دەژین، لەکاتی ئامادەکردنی ئەم ڕاپۆرتەدا لەگەڵ سەرۆکی هەر پێنج لیژنە هاوبەشەکەی شوێنەوار چوینە ماڵی کەریمەی ئەلەکە لە سابوونەکەران، لەم خانوەدا ٦ کرێچی دەژیان، کە مانەوە و ژیان لەو خانووەدا ببووە بەشێکی گرنگ لە ژیانیان، چونکە زیاتر لە ٣٠ساڵ بوو لەوخانووەدا بوون.

 گوڵەباخ محەمەد، یەکێک بوو لەو کرێچیانەی کە ماوەی ١٢ ساڵە لە خانوویەک لە خانووە کەلەپورییەکانی شاری سلێمانیدا دەژی، دەڵێت: مانگانە ٥٠ هەزار کرێ دەدەم، ئیستا داوام لی دەکەن، کە بەزووترین کات خانوەکە جێ بهێڵین چونکە فرۆشراوە، خاوەن ماڵەکە پێمان دەڵێت ئێوە داگیرکەرن، بەڵام من هیچ جێگایەکم نییە بۆی بڕۆم، ئەگەر لێرە بڕۆم دەبێت خێمە هەڵبدەم ماڵی باوکێشم ٣٠ ساڵ لەم خانووەدا ژیاون و ئێستاش فشاریان بۆ هێناوین دەبێت بڕۆن و چۆڵی بکەین.

خانووە کەلەپورییەکانی گرنگییەکی زۆریان بۆ شاری سلێمانی هەیە، لەبەر ئەوەی بەهۆی ئەو خانووەنەوە مێژوی شاری سلێمانی بۆ چەندین نەوەی دیکە بە زیندووێتی دەمێنێتەوە، هەروەها دەبێتە هۆکارێکی ناساندنی مێژووی سلێمانی بەو گەشتیارانەی کە سەردانی سلێمانی دەکەن، ئەوەی بەدی دەکرێت، هەوڵێک هەیە بۆ پاراستنی ئەو خانووانە، بەڵام بەهۆی نەبووی بودجەی پێویست و چاوی تەماعی هەندێک لە دەسەڵاتداران و بازرگانان ئەو خانووانە لەبەردەم مەترسی لەناوچوندان.

د.ع