نەبوونی هۆڵی سینەما لە کەرکوک ماڵی هاوڵاتییەکی کردوەتە هۆڵی سینەما

بەهۆی نەبوونی هۆڵی سینەما لە کەرکوک، هاوڵاتییەک ماڵەکەی دەکاتە هۆڵی سینەما و مانگانە دوو جار بە ئامێری نمایشکردنی فیلمەکەی بەشێوازی کۆن، لەگەڵ خزم و دۆستانی کۆدەبنەوە و تەماشای فیلم دەکەن، وەک خۆشی دەڵێت: ٣٨ ساڵە ڕۆحی لەگەڵ سینەما ئاوێتە بووە و تائێستاش دووجار لەسەری گیراوە.


محەمەد نەریمان، هاوڵاتییەكی دانشتووی شاری كەركوكە و لە دایكبووی ساڵی ١٩٦٥ـە، لە ساڵی ١٩٧٥ەوە خولیای سینەما و كاركردن بووە بەسینەما، ئێستاش چەندین ئامێری نمایشکردنی فیلمی لە ماڵەكەی هەڵگرتووە بۆئەوەی لە ناو نەچێت و بیان پارێزێت و بۆ ئایندە بمنێتەوە.

هەرچەندە لە كەركوك هیچ هۆڵێكی سینەما بوونی نیە، بەڵام محەمەد نەریمان، گروپێكی سینەمای دامەزارندووە و لە ماڵەكەی خۆی هاوڕێ و خزم و خانەوادەكەی كۆدەكاتەوە و شەوانە فیلمە كۆنەكان نمایش دەكات.

ئەو هاوڵاتییە وەها باس لە چیرۆكی كارەكەی دەكات بۆ ڕۆژنیوز و دەڵێت: "خولیای سینەما و ئامێرەكانی سینەمام، لە ساڵی ١٩٧٥ەوە دەستم بە كاركردن لە سینەما کردووە لە ساڵی ١٩٨٠ یەکەم هاوی سینەمام كڕی، واتا ئامێری نمایشكردنی فلیمی سینەمایی، لەو ساڵانەوە من ئەو ئامێرانەم هەڵگرتووە و پارێزگاریم لێ كردووە".

دەشڵێت: "ئێستا ئەو كەرەستانەی لای من هەیە لە بازاڕدا نەماوە، بە تایبەتی سینەمای ٣٥ ملم و ١٦ و ٨ ملم ئەم كەرەستانە زۆر بەزەحمەت دەست دەكەوێت، تەنانەت بۆ فلیمێك كە دەست ناكەوێت ناچار دەبین لە سایتە جیهانیەكانی وەك ئەمازۆن داوا بكەین و بیكڕین بە نرخێكی زۆر بەرز و گران، ئێمە لە كەركوك وەک گروپێكین كە ئامێرەكانی سینەما كۆدەكەینەوە و یاخوود پارێزگاریان لێدەكەین، وە خولیای ئەم كارەین و گیانمان ئاوێتە بووە لەگەڵ سینەما".

محەمەد نەریمان، لە بارەی خۆشەویستی خۆی بۆ سینەما زیاتر دووا و وتی: "سینەما لە ناو دڵمانە و ناتوانین وازی لێبێنین، من چەندین جار كەوتومەتە زیندانەوە بە هۆی سینەماوە، لە ساڵی ١٩٨٧ كە دەچووم بۆ لای هاوڕێكەم لەسەر فیلمی سینەمایی و هەبوونی سینەما دەسگیركرام و ماوەی یەك ساڵ و نیو لە زیندان بووم، بەهەمانشێوە لە ساڵی ١٩٩٤ لەگەڵ خاوەنی سینەما ئەتڵەس چووین بۆ بەغدا فیلم بكڕین بەڵام بەهەمانشێوە دەستگیركرام و ساڵێك لە زیندان بووم".

ڕوونیشكردووە: کە "ئێستا لەگەڵ هاوڕكانم و خزم و كەسوكارم، مانگی دووجار ئامێری سینەماکەم دادەگیرسێنم و لە ماڵەوە فیلمە كۆنەكان نمایش دەكەم، بۆیە ڕۆحم ئاوێتەیە لەگەڵ سینەما".

ک.س