نەتەوەیەکگرتووەکان: نیوەی زیندانیانی سیاسی ئێران کوردن

ڕیپۆرتەری تایبەتی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ مافەکانی مرۆڤ لە ئێران لە نوێترین ڕاپۆرتی خۆیدا ئاماژەی بەوەداوە کە فشار دەخرێتە سەر کەمەنەتەوەکانی ئێران و ئاشکرایدەکات کە نیوەی زیندانیانی سیاسی ئێران کوردن.


ئەمڕۆ نوێترین ڕاپۆرتی جاوید ڕەحمان ڕیپۆرتەری تایبەتی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ مافەکانی مرۆڤ لە ئێران، گەیشتە دەست ڕاگەیەندنەکان و بڵاوکرایەوە.

جاوید ڕەحمان لە ڕاپۆرتەکەیدا کە لەسەر دۆخی مافەکانی مرۆڤ لە ئێران ئامادەی کردوە ئاماژەی بەوە داوە کە ئێران لە ١٠ ساڵی ڕابردوو ڕێگەی بەهیچ ڕیپۆرتەرێکی نەتەوەیەکگرتووەکان نەداوە کە بڕواتە ئێران و لە دۆخی مافەکانی مرۆڤ لەو وڵاتە بکۆڵێتەوە، بۆیە بۆ ئامادەکردنی ڕاپۆرتەکان، زانیارییەکانیان لە نووسراو و سەرچاوەکانی جیاواز لەوانە: ڕێکخراوە ناحکومییەکان، پارێزەرانی مافەکانی مرۆڤ، دەوڵەتانی دیکە و ڕاگەیاندنەکان، لەسەر بنەما و پێوەرەکانی ئەنجومەنی مافەکانی مرۆڤی نەتەوەیەکگرتووەکان، وەرگیراوە و تاووتوێ کراوە.

لە ڕاپۆرتەکەدا ئاماژە بە لافاوەکەی ئەمساڵ لە ئێران کراوە و هەروەها باس لە کاریگەری بەهێزی نەرێنی گەڕانەوەی گەمارۆ ئابورییەکانی ئەمریکا بۆسەر دەوڵەتی ئێران کردووە.

لەسەر ئازادی ڕادەربڕین لە ئێران لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە: فراوان بوونی سنووردانانەکان لەسەر ئازادی ڕادەربڕین، ڕەوتی پێشلکاری مافی ژیان و مافی دەستپێگەیشتن بە دادگای دادپەروەرانە کاریگەر بووە و کاربەدەستانی دەزگای دادی ئێران بەردەوامن لە دەرکردنی سزای سێدارە و بە تایبەتی منداڵەکان لە سێدارە دەدەن.

لە بەشێکی دیکەی ڕاپۆرتەکەدا ئاماژە بە بەردەوامی دەستگیرکردن و زیندانیکردنی دەرەوەی یاسای هاوڵاتیانی بیانی یان کەسانی خاوەن دوو ڕەگەزنامە کراوە و دەڵێت: ئێران هیچ پێشکەوتنێکی لەو بوارەوە نەبووە.

ڕاپۆرتەکە هەروەها باس لەوە دەکات کە؛ بەرگریکارانی مافەکانی مرۆڤ، ئەندامانی کۆمەڵە کەمینەکان، پارێزەران، ڕۆژنامەنووسان، چالاکوانانی یەکێتییەکانی کرێکاری و بازرگانی و ژنانی دژبەری حیجابی زۆرەملێ، بەردەوام لەژێر فشاردان، دەستگیر و زیندانی دەکرێن و هەوڵدان بۆ ترساندنیان بەردەوامە.

لەسەر سزای لە سێدارەدان راپۆرتەکە ئاماژەی بەوەداوە کە لە ساڵی ٢٠١٨ـدا حەوت کەس لەوانەی لە منداڵیدا تاوانیان ئەنجامداوە لە سێرارە دراون و لە ئێستاشدا ٩٠ کەسی دیکە کە لە تەمەنی منداڵیدا تاوانیان کردووە حوکمی سێدارەیان لەسەرە و مەترسی لە سێدارەدانیان هەیە.

فشار لەسەرچالاکوانان

لە راپۆرتەکەدا ئاماژە بەوەکراوە: کاربەدەستانی ئێران لە ساڵی ڕابردوو فشارەکانیان بۆسەر چالاکوانانی یەکێتییەکانی کرێکاران، شوفران، مامۆستایان و کرێکارانی کارگەکان زیادکردووە، ئەو کەسانەی نارەزایەتی دەردەبڕن زیندانی دەکرێن و قامچییان لێدەدرێت.

ژنان

لەسەر سەرکوتکردنی ژنان لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە: کردنەوەی دۆسییە بۆ ئەو کەسانەی دژی حیجابی زۆرەملی ناڕەزایەتییان دەربڕیووە، کە ئەوەش بە واتای سەرکوتکردنی ژنانێکە کە بەشێوەیەکی ئاشتیانە داوای مافی خۆیان دەکەن.

کەمینەکان

ڕاپۆرتەکە لەسەر فشار بۆسەر کەمینەکانی ئێران دەڵێت: لە کۆماری ئیسلامی ئێران-دا کەسانێک کە دینێکی دیکە هەڵدەبژێرن، تەنانەت ئەو دین و ئایینزایانەی لە یاسای ئێران دانیان پێدانراوە، مەترسی ئەوەیان لەسەرە کە بە تۆمەتی "هەڵگەڕانەوە لە دینی ئیسلام" و سزای لە سێدارەدان ببنەوە، راپۆرتەکە هەروەها باس لە هەڵاواردنی دینی دژ بە شوێنکەوتووانی دینەکانی دیکە دەکات، ئازار و فشار دژ بە بەهاییەکان یەکێکی دیکەیە لە نموونەکانی فشار بۆسەر کەمینەکانە کە ئاماژەی پێکراوە و دەڵێت: لە ٤٠ ساڵی ڕابردوو زیاتر لە ٢٠٠ بەهایی لە سێدارەدراون، ڕاپۆرتەکە هەروەها باسی فشار، هەڵاواردن و پێشلکاری دژبە دەروێشە گونابادییەکان، سونەکەن، یارسانەکان و ئەندامانی حەلقەی عیرفان دەکات.

فشار بۆسەر کوردەکان

لە ڕاپۆرتەکەدا بۆ یەکەمجار گرنگی بە فشارەکان بۆسەر کوردەکان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەلایەن دەوڵەتی ئێرانەوە دراوە و دەڵێت: "ناوچە کوردنشینەکان لەوانە پارێزگاکانی؛ ئورمیە، سنە و کرماشان هیچ گەشەپێدانێکیان نییە و ڕێژەی بێکاری تێیاندا زۆر بەرزە، کوردەکان لە پۆستە باڵاکان دانانرێن، زمانی کوردی لە خوێندنگاکان بە شێوەی فەرمی ناوترێنتەوە و گروپە ناحکومییەکان بە شێوەی نافەرمی زمانی کوردی دەڵێنەوە.

هەروەها لە راپۆرتەکەی نەتەوەیەکگرتووەکاندا بۆ یەکەمجار دان بەوەدانراوە کە "نیوەی زیندانیانی سیاسیی ئێران کوردن"، ڕاپۆرتەکە هەروەها ئاماژەی بە کەڵک وەرگرتن لە هێزی لەڕادەبەدەر و کۆمەڵکوژی نایاسایی کۆڵبەران لەسەر سنوورەکانی پارێزگاکانی؛ سنە، کرماشان، ئورمیە و بەلوچستان کردووە و نیگەرانی خۆی لەو بارەیەوە دەربڕیووە.

لە بەردەوامیشدا ئاماژەی بە مینە بەجێماوەکانی سەردەمی شەڕی ئێران و عێراق کراوە و دەڵێت: بەپێی ڕاپۆرتەکان نزیکەی ٢٠ ملیون مین لە ماوەی شەڕی ئێران و عێراق لە ناوچە سنوورییەکان چێندراون کە مەترسی لەسەر ژیانی خەڵک دروست دەکەن و جێگەی نیگەرانییە.

لە کۆتایی ڕاپۆرتەکەشدا داوا لە ئێران کراوە کە ڕێگە بە ڕێپۆرتەری نەتەوەیەکگرتووەکان بدات بۆ ئەوەی لە ناوخۆی ئێران هەلومەرجی مافەکانی مرۆڤ تاووتوێ بکات، هەروەها هەڕەشە لەسەر بەرگریکارانی مافەکانی مرۆڤ لاببرێت، زیندانییەکانی خاوەن دوو ڕەگەزنامە ئازاد بکرێن و کەمینەکان نەکرێنە ئامانجی فشارەکانی دەوڵەت. 

ک.س