نەجمەدین کەریم ئازاد کرا

نەجمەدین کەریم، پارێزگاری لەکارلادراوی کەرکوک، کە لەلایەن پۆلیسی ئینتەرپولەوە لە بەیروت دەستگیرکرابوو، ئازادکرا.


کەمێک پێش ئێستا هەندێک میدیا هەواڵی ئازادکردنی نەجمەدین کەریم، پارێزگاری لەکارلادراوی کەرکوک-یان بڵاکردەوە.

دوای ئەوەی شەوی ڕابردوو هەواڵی دەستگیرکردنی لە میدیاکاندا بڵاوکرایەوە، ئەمڕۆ تۆڕی ڕاگەیاندنی عێراق، لە‌سه‌ر زاری عه‌لی عامری باڵیۆزی عیراق له‌ لوبنان بڵاویكردەوە‌، "به‌دواداچوون بۆ پرسی ده‌ستگیركردنی نه‌جمه‌دین كه‌ریم پارێزگاری له‌سه‌ر كارلادراوی كه‌ركوك لەگەڵ بەرپرسانی لوبنان دەکەین، كه‌ له‌لایه‌ن پۆلیسی ئینته‌رپۆڵه‌وه‌ به‌پێی یاسا لە فڕۆکەخانەی 'حەریریی' لە بەیروتی پایتەخت ده‌ستگیر كراوه".

د. نەجمەدین کەریم، پارێزگاری پێشووی کەرکوک و ئەندامی پێشوی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی، دوای ڕووداوەکانی ١٦/١٠/٢٠١٧ نەگەڕایەوە کەرکوک، هەروەها لەلایەن حکومەتی عێراقەوە چەند سکاڵایەکی بە ماددەی جیاواز لەسەر تۆمارکراوە و دادوەر بڕیاری دەستگیرکردنی داوە.

 

ش.ف