نەرمین كاوانی حەزدەکات ڕۆڵی شەڕڤان ببینێت لە شەڕی دژ بە داعشدا

هونەرمەند نەرمین كاوانی یەكێك لە ژنە ئەكتەرە ناسراوەكانی كورد، لەڕێگەی ڕۆژنیوزەوە، هۆکاری دەرنەکەوتنی لە چوار ساڵی ڕابردوو، ئاستەنگەکانی بەردەم ژنان لە کایەی هونەریدا دەخاتەڕوو، هاوکات نمایشکردنی دراما تورکییەکان بە زوڵم لە کۆمەڵگا ناودەبات، ئەوەش دەخاتە ڕوو کە حەزدەکات لەکاری داهاتوویدا ڕۆڵی ژنە شەڕڤانێک ببینێت لە شەڕی دژ بە داعشدا.


نەرمین ئەحمەد، ناسراو بە نەرمین كاوانی، یەكێكە لە ئەكتەرە دیارەكانی بواری شانۆ و درامای كوردی ساڵانێكە لەو بوارەدا كار دەكات، لە ساڵی ١٩٧٦ لە شاری سلێمانی لە دایكبووە، قۆناغەكانی خوێندن و بەشی شانۆی لە پەیمانگای هونەرەجوانەكان لە شاری سلێمانی تەواو كردووە، ساڵی ٢٠٠٠ ژیانی هاوسەرگیریی پێكهێناوە خاوەنی دوو كوڕە بە ناوەكانی هۆزاك و هۆزار، لە ئێستادا مامۆستای هونەرە لە یەكێك لە خوێندنگاكانی شاری سلێمانی، خاوەنی نۆ دراما و ٢٠ شانۆگەریی و شەش فیلمی درێژ و دوو كورتە فیلمە لەگەڵ یەك فیلمی سینەمایی بە ناوی شیرین و فەرهاد.

نەرمین كاوانی چۆن چووە دونیای هونەرەوە؟

نەرمین سەرەتای دەستپێکردنی كاری هونەریی بەمشێوەیە بۆ ڕۆژنیوز خستە ڕوو، "من لە خێزانێكی هونەریی نەبووم، مامۆستا مۆفەق عارف لهۆنی هانیدام ببمە ئەكتەری شانۆ، ئەو كاتە لە پۆلی سێیەمی ناوەندی بووم دواتر چومە بەشی شانۆ لە پەیمانگای هونەرە جوانەكان، لە سەرەتادا بۆ من نامۆ بوو كە بەشداری شانۆ بكەم بیریشم لەوە نەكردبوەوە كە ئەكتەربم چونكە خێزانەكەم هونەریی نەبوو، بەڵام دوای ئەوەی مامۆستاكانی پەیمانگام وتیان توانات هەیە، ئەمە بووبەهاندەری من تا زیاتر خۆشەویستیم بۆ شانۆ و نواندن زیاد بكات و بەردەوامبم.

"خێزان پشتگیری نەكات ناتوانیت ببیتە هونەرمەند"

دەربارەی پشتگیریكردنی خێزانەكەی نەرمین وتی: هەر ژنێك لێرە بێەوێت کاری هونەری بكات ، منیش خێزانەكەم زۆر پشتگیریان كردم  هەرچەندە ڕێگرییەكان، تا ئێستا هەر بەردەوامە، چونكە من ژنم و كۆمەڵگاكەشمان داخراوە لە ڕووی دینەوە زۆر شت بڤەیە و نابێت دەستی بۆ ببرێت یان بەو پێیەی (دایك)م نابێت هەموو كاتەكانم بۆ هونەر تەرخان بكەم، بەتایبەت كاتێك بەشداریی فیلم و دراما دەكەین لێرەوە ڕێگرییەكان دەست پێدەكات و كاردانەوەی بینەر دەبینیت بەڵام ئەكتەری شانۆ نوخبەیەك لە بینەری شانۆ دەیانبینین هەربۆیە كەمتر تووشی پەرچەكردار دەبنەوە.

"ژن بیت و ئەكتەر بیت لە كوردستان زۆر قورسە"

نەرمین دەربارەی پێشوازی خەڵك لە كارەكەی دەڵێت: "تێگەیشتم لەوەی ژن بیت و ئەكتەر بیت لە كوردستانیش بیت زۆر قورسە، بەڵام خۆشەویستی خەڵك سەرمایەیەكی گەورەیە و هەستێكی خۆشە كاتێك بینەرەكەت بە سەركەوتووت دەزانێت و خۆشی دەوێیت داوای بەردەوامیت لێ دەكەن كە لە پارە و جوانی گرنگترن".

بۆچی كاوانی ماوەی چەند ساڵێکە دەرنەکەوتووە؟

نەرمین كاوانی ماوەی چەند ساڵێكە دەرنەكەوتووە لەبارەی هۆكاری دەرنەكەوتنی ئاشکرایکرد کە "بەداخەوە ماوەی چوار ساڵە وەستاوم لە كاری هونەری چونكە ئیشی باش نیە و منیش نامەوێت بۆ دواوە بگەڕێمەوە بوەستم باشترە لەوەی كاری خراپ بكەم دەرهێنەرەكانیش پاشەكشەیان كردوە، چونكە كەس ئاوڕ لە هونەر ناداتەوە هەمووی دەڵێن پارە نیە، لە ئێستاشدا هەمووی كاڵ و كرچە لەگەڵ ئەوەی وەستاوین درامای خراپتر دروست دەكرێت، لەماوەی ئەم چەند ساڵەی ڕابردوو ١٠ كارم ڕەتكردوەتەوە چونكە سینارۆكانیانم بە دڵ نەبووە ئەگەر بە دڵم نەبێت ناتوانم پەسەندی بكەم.

کۆمەڵگا ڕۆڵی ئەکتەرەکان قبوڵ ناکات

دەربارەی كاردانەوەی بینەران بۆ دراما یان شانۆ كاتێك ئەكتەرێك ڕۆڵ دەبینێت نەرمین كاوانی باسی لەوەكرد، كۆمەڵگای ئێمە نەگەیشتۆتە ئەوەی قبوڵی بكات ئەكتەر ڕۆڵێك دەبینێت ئەم ئەكتەرە دەچێتە كارەكتەرێكەوە خۆی نیە، من درامای ژیلەمۆم كرد هەموو پێیان دەوتم نەرمین تۆچۆن توانیت ببیتە ئەكتەرێكی لەشفرۆش خۆ تۆ وانیت لە كاتێكدا من لە فیلمەكەدا ڕۆڵی ژنێكی خراپم دەبینی بەڵام ئێستاش وا دەزانن وام، زۆر گرنگە تێبگەن چونكە هەموو نەتەوەیەك بە كلتور و هونەرەكەی دەناسرێتەوە.

سیناریۆی لاواز هۆکاری خراپی ڕۆڵبینینی ژنانە

لە وەڵامی پرسیارێكدا كە بۆچی  ژنان  ڕۆڵی كەسێكی هار و شەڕەنگێز وەردەگرن؟ نەرمین كاوانی وتی:"ئەوانەی كاری نوسینی سیناریۆ دەكەن بەپێی مەزاجی خۆیان سیناریۆ دەنووسن هەموو ژنێك خراپ نیە و بەڵكو ژنی كورد بە میهرەبانی و ناسكی و جوانی ناسراون لاوازی سیناریۆكان هۆكارێكی سەرەكییە".

دەربارەی ئەو كێشانەی ڕووبەڕووی ئەكتەر دەبێتەوە نەرمین كاوانی ئەوەی خستەڕوو، کە ئەو "هەمیشە ماندوو بووم، لە زۆرینەی فیلمەكاندا جلی خۆم بردووە، پێویستە پسپۆڕی هونەری جل و مكیاژ و قژیش هەبێت نەوەك كەسێك بێت كە ماكیاژی بووك بكات بۆت،  زۆر جار شوێنی گرتە گرتن دیاری نەكراوە بە چەند كاتژمێر بە دوای شوێندا گەڕاوین، چۆن دەبێت ئەكتەر ئاوها مامەڵەی لەگەڵ بكرێت!، ئەمانە زۆر نەگونجاون".

نمایشکردنی دراما بیانییەکان زوڵمە لە کۆمەڵگا دەکرێت

نەرمین باسی لەوەكرد، درامای توركی و هیندی و ئێرانیەكانیش هەر هەموویان زوڵمن بۆ سەر هونەری كوردیی، بیر و باوەڕی كۆمەڵگا بە لاڕێدا دەبات بەتایبەت فیلمە توركییەكان كە هەموو فەسادییە و بیر و هۆشی گەنجەكانمانیان تێكداوە، ئێمەی هونەرمەند زۆر بە "قەناعەتین" ئەو پارەیەی لە دۆبلاژی  فیلمە توركەكاندا خەرج دەكرێت بدرێت بە بەرهەمهێنانی فیلمێكی كوردیی بەشی دوو فیلم دەكات لە كاتێكدا ئەمە ناكەن چونكە دەستێكی دەرەكی لە پشتە دەیانەوێت كلتورو هونەریی خۆمان بیر بچیتەوە، وەزارەتی ڕۆشنبیریش تا ئێستا بێدەنگن، ئەو كەناڵانە كەرتی تایبەتن بەڵام ناكرێت كەس لێیان نەپرسێتەوە.

کاوانی حەزدەکات ڕۆڵی ژنە شەڕڤان ببینێت

لەكۆتایی قسەكانیدا نەرمین كاوانی وتی: "بۆمن جێگەی خۆشحاڵیە ئەگەر بتوانم ڕۆژێك  ڕۆڵی ژنێك ببیننم كە لەگەڵ داعشدا شەڕی كردبێت، خۆزگە ڕۆڵیكی وا هەبوایە و خۆم هێنابایە جێگای ئەو ژنە ئازا و بەجەرگە شەڕڤانانە چونكە خەباتی ئەوان خەباتێكی ڕاستەقینەیە بۆ نیشتیمان و كورد بونیان".

ک.س