هاوردەکردنی ئەم کێکە تورکییە قەدەغە کرا

کێکێکی تورکیی کە حەبی تێدا دۆزرایەوە و چەند بەرهەمێکی دیکە کە گومانیان لەسەر هەبوو، دوای لێکۆڵینەوەی پێویست کۆکراونەتەوە هاوردەکردنیان بۆ هەرێمی کوردستان قەدەغە کرا.


دوای ئەوەی لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستاندا دەرکەوت لە کێکی "Luppo"، کە کێکی تورکییە، حەب هەیە، بەپێی لێدوانی بەختیار مەلا ئەحمەد، وتەبێژی یەکێتی هاوردە و هەناردنکارانی هەرێمی کوردستان بۆ ڕۆژنیوز، هاوردەکردنی ئەو کێکە بۆ هەرێمی کوردستان قەدەغە کراوە.

بەختیار مەلا ئەحمەد ئاماژەی بەوەدا کە حەبەکە بە شێوەیەکی پلان بۆ داڕێژراو لەناو کێکەکە دانراوە و وتی: بۆ نمونە لەناو یەک کارتۆندا تەنیا یەک حەب دۆزرایەوە.

لەسەر زیانەکانی ئەو کێکە، بەختیار مەلا ئەحمەد وتی: ناوی حەبەکە نازانم، پزیشکەکان باشتر دەزانن، بەڵام پشتڕاست کراوەتەوە کە کاریگەرییەکی خراپ لەسەر مێشک و زاکیرەی منداڵان دادەنێت.

سەرۆکی یەکێتی هاوردە و هەناردنکارانی هەرێمی کوردستان لە کۆتاییشدا وتی: نەک تەنیا لەسەر کێک، گومان لەسەر هەندێک بەرهەمی دیکەش هەبووە، کە خراپن و زیانیان هەیە، دوای لێکۆڵینەوەی پێویست، هاوردەکردنی ئەو کێک و بەرهەمانە بۆناو هەرێم قەدەغە کراوە، هەروەها دەست بەسەر هەموویاندا گیراوە.

جێگای ئاماژەیە، دەستپێکی مانگی ڕابردوو لە شارۆچکەی پیرەمەگرونی پارێزگای سلێمانی، لەناو کێکێکی تورکی حەب دۆزرایەوە، لیژنەی چاودێری قائیمقامیەت دەستی بەسەر ئەو کێکە کە ناوی "Luppo"ـیە داگرت و ناردیان بۆ بەڕێوبەرایەتی تەندروستی بۆ ئەوەی لێکۆڵینەوەی لەسەر بکرێت، بەڵام تا ئێستا نە قائیمقامیەت و نە تەندروستیی ئەنجامی لێکۆڵینەوەکانیان ئاشکرا نەکردووە.

ش.ف