هاوڵاتیانی قەسرێ وەک نەریتێک لە دەرەوەی مزگەوت نوێژی جەژن دەکەن

وەك نەریتێكی كۆنی خۆیان، دانیشتوانی شارەدێی قەسرێی سەر بە شارۆچكەی چۆمان، لە ڕۆژی جەژن هەموویان كۆدەبنەوەو لە دەرەوەی مزگەوتەكان بەشداری نەریتی نوێژی جەژن دەكەن.


هەرچەندە لە زۆرینەی شار و شارۆچکەکان و تەنانەت گوندەکانیش، نوێژی جەژن بە جەماعەت لە مزگەوتدا دەکرێت، بەڵام دانیشتوانی شارەدێی قەسرێی سەر بە شارۆچكەی چۆمان- لە پارێزگای هەولێر، جیاوازن و وەک مامۆستایەکی ئاینی باسی دەکات، جگە لەوەی نەریتێکی خەڵکی سنوورەکەیە، دەڵێت "پێغەمبەر 'د.خ' لە دەرەوەی مزگەوت نوێژی جەژنی کردووە".

بە وتەی مامۆستا مەلا ئادەم قەسرەیی وتارخوێن و پێشنوێژی مزگەوتی گەورەی قەسرێ، بۆ رۆژنیوز، نەریتی نوێژی جەژن لە دەرەوە لە سەردەمی پێغەمبەرمانەوە هاتووە، كە "پێغەمبەری ئیسلام 'د.خ' تەنیا یەك نوێژی لە ناوەوەی مزگەوت كرد، ئەویش لەبەر بارن و كەش و هەوا، ئەگەرنا هەموو نوێژەكانی لەدەرەوەكردووە".

ئەو مامۆستا ئاینییە باس لەوە دەکات، کە لەسەر ئەو باوەڕە ئەوان لە سنوری شارەدێی قەسرێ ساڵانە لە ڕۆژی جەژن بۆ هێشتنەوەی ئەو نەریتەو كۆبوونەوەی هەموو موسڵمانانی ناوچەكە لە یەك شوێن و لە دەرەوەی مزگەوتەكان دەبێت.

دوای تەواوبوونی نوێژی جەژن و وتاری جەژن، هەموویان پێكەوە گەردەن ئازایی لە یەكتری دەكەن و بە شێوەی گروپ گروپ دەڕۆنە ماڵان و سەردانی خەڵك، بۆ ئەوەی گیانی پێكەوەیی و ئاشتیانە لەنێوانیاندا نەمرێت.

س.ح