"هونه‌ر ده‌توانێت له‌پێناو ئاشته‌وایی و یه‌کڕیزیی ڕۆڵی گه‌وره‌ ببینێت"

هونه‌رمه‌ندانی بواری شانۆ و دراما داوا ده‌که‌ن هونه‌رمه‌ندانی هه‌ر چوار پارچه‌ی کوردستان، له‌پێناو یه‌کگرتن و بوون به‌ خاوه‌نی یه‌ک ناسنامه‌ی نەتەوەیی، کار بۆ یه‌کێتی نەتەوەیی بکه‌ن و دەڵێن "هونه‌ر ده‌توانێت له‌پێناو ئاشته‌وایی و یه‌کڕیزیی ڕۆڵی گه‌وره‌ ببینێت".


هونه‌رمه‌ندانی به‌شداربووی یه‌که‌مین دیداری هونه‌ری گه‌رمیان بۆ سینه‌ما و شانۆ، له ‌لێدوانیاندا بۆ ڕۆژنیوز، یه‌کگرتنی هونه‌ری هه‌ر چوار پارچه‌ی کوردستان و دروستبوونی یه‌کێتییە‌‌کی نه‌ته‌وه‌یی کورد به‌ گرنگ دەزانن. 

له‌ ڕاسپارده‌کانی یه‌که‌مین دیداری هونه‌ری گه‌رمیان بۆ سینه‌ما و شانۆ، کە کۆتایی مانگی ڕابردوو بەڕێوەچوو، بڕیاردرا ئه‌و دیداره‌ له ساڵی داهاتودا بکرێته‌ دیدارێکی هونه‌ری هه‌ر چوار پارچه‌ی کوردستان و هونه‌رمه‌ندانی  هه‌ر چوار پارچه‌ به‌شدار بن. 

سه‌ربه‌ست ئه‌حمه‌د، هونه‌رمه‌ند، بۆ ڕۆژنیوز وتی: ڕێکخستنی نێوماڵی کورد، له‌ هه‌موو شت زیاتر بۆ هونه‌ر گرنگتره‌، گرنگتریش ئه‌وه‌یه‌ هونه‌ر ئه‌و هه‌نگاوه‌ بنێت و کار بکات بۆ کۆکردنه‌وه‌ی هونه‌رمه‌ند و شاره‌زاییانی بواری هونه‌ر، هه‌ڵبه‌ت هه‌نگاو نراوه‌ و تاڕاده‌یه‌کی پێویست ئامانج پێکراوه‌، به‌ڵام هه‌وڵی دیکەی ده‌وێت.

وتیشی: بۆ دۆخی ئێستای کورد، یه‌کڕیزیی نێو ماڵی کورد له‌هه‌موو شت گرنکتره‌، پێویسته‌ هونه‌رمه‌ندان له ‌هه‌ر چوار پارچه‌ی کوردستان، هه‌وڵه‌کانیان به‌گەڕبخه‌ن، بۆئه‌وه‌ی بتوانن یه‌کێتیه‌کی نه‌ته‌وه‌یی به‌هێز دروست بکه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی کورد بکه‌نه‌ خاوه‌نی یه‌ک ناسنامه‌.

هەروەها ئه‌سوه‌د فایق، هونه‌رمه‌ند، وتی: به‌داخه‌وه‌ هونه‌ر نه‌یتوانیوه‌ نێو ماڵی کوردی یه‌کبخاته‌وه‌ و بگره‌ له‌زۆر شوێن په‌رته‌وا‌زەیی دروست کردووه‌، له‌کاتێکدا ده‌کرا، هونه‌ر ده‌ورێکی باڵای هه‌بوایه‌ له‌ به‌ره‌وپێشچونی یه‌کڕیزی نێو ماڵی کوردان و ببوایه‌ به ‌مینبه‌رێک، یه‌کێتی نه‌ته‌وه‌یی به‌م هونه‌ره‌ی ئێستای باشور دروست نابێت، که‌ پڕه‌ له‌ ململانێی ناشرین و سه‌خت.

پشکۆ محه‌مه‌د، هونه‌رمه‌ند، بۆچوونی وایە: هونه‌ر هه‌وڵیداوه‌ یه‌کڕیزیی نێو ماڵی کوردی له‌ئاست هه‌ر چوار پارچه‌ی کوردستان دروست بکات و یه‌کێتییه‌کی نه‌ته‌وه‌یی بهێنێته‌ به‌رهه‌م، به‌ڵام هه‌نگاوه‌کان سه‌ره‌تایین و پێویسته‌ هه‌وڵی زیاتر بدرێت بۆ ئه‌مه‌ش پێویسته‌ دیداری سینمایی و گفتوگۆی گه‌وره‌ له‌نێوان هونه‌رمه‌ندانی هه‌ر چوار پارچه‌ی کوردستان ببه‌سترێت.

ئەوەشی وت: هونه‌ر ئه‌و بواره‌یه‌، ئه‌توانێت ڕۆڵی گه‌وره‌ ببینێت له‌پێناو ئاشته‌وایی و یه‌کڕیزیی، ئه‌و خۆشه‌ویستیه‌ی بۆ کۆبانێ  هه‌بووه‌ له ‌ڕابردوودا له‌نێو هونه‌ر و بواره‌کانی دیکە، سه‌لمێنه‌ری ئه‌وه‌یه‌، که‌ هه‌وڵدراوه‌ بۆ یه‌کێتی نه‌ته‌وه‌یی.

ک.ک