هونەرمەندانی سلێمانی بە ڕەنگەکان گوزارشتیان لە خۆڕاگریی ڕۆژئاوا کرد

هونەرمەندانی شێوەکاری سلێمانی، لە پێشەنگایەکدا بە تابلۆ هونەریەکانیان گوزارشتیان لە بەرخۆدانی ژنانی شەرڤان و ئازارەکانی ڕۆژئاوا کرد، لەبەرامبەر بەداگیرکاریی دەوڵەتی تورک.


ئەمڕۆ لەهۆڵی مۆزەخانەی سلێمانی، کۆمەڵێک هونەرمەندی شاری سلێمانی بە هاوکاریی بەڕێوبەرایەتی گشتی ڕۆشنبیری و هونەری سلێمانی، پێشانگایەکی شێوەکارییان لەژێر ناونیشانی 'ڕەنگەکانی ڕۆژئاوا'، کردەوە.

لە پێشەنگاکەدا ١٩ شیوەکار بە ١٩ تابلۆ بەشدارییان کردبوو، سەرجەم تابلۆکان گوزارشت بوون لە بەرخۆدانی شەرڤانانی ژن لە ڕۆژئاوای کوردستان و ئازاری خەڵکی ڕۆژئاوا، کە بەهۆی ئەو داگیرکاریی و کۆمەڵکوژیانەی لەلایەن دەوڵەتی تورکەوە کرایە سەریان ڕووبەڕوویان بوویەوە، هەروەها بەشێک لە تابلۆکان گوزارشتیان لەو کۆمەڵکوژیانە دەکرد کە لەشەنگال و شوێنەکانی دیکە بەسەر گەلی کورددا هاتووە.

نەهرۆ شەوقی، یەکێک لە شێوەکارەکان لەبارەی ئەو هۆکارانەی بوونەتە هۆی ئەوەی تابلۆ بۆ ڕاۆژئاوای کوردستان بنەخشێنن وتی: ئەو جینۆسایدەی کە بەرامبەر گەلەکەمان لە ڕۆژئاوای کوردستان کرا، بووە هۆی بیرۆکەیەکی پێشەنگاکەمان، بەپێویستمان زانی کە هونەرمەندیش بەم شێوەیە ڕۆڵ و قسەی خۆی هەبێت، چونکە کورد لە هەر پارچەیەک بێت برینەکانی وەک یەکە.

پێشانگاکە بۆ ماوەی سێ ڕۆژ بەردوام دەبێت، ئەمڕۆ کە ڕۆژی یەکەمی بوو ژمارەیەکی بەرچاو لە هاوڵاتیانی شاری سلێمانی سەردانی پێشەنگاکەیان کرد.

د.ع