هونەرمەندانی کەرکوک: تەوژمی كلتوری بێگانە هەناسەی هونەری كوردی دەبڕێت

هونەرمەندانی شاری كەركوك، باس لەوە دەكەن، هونەری بێگانە بەشێوەیەکی بەر فراوان خزاوەتە ناو هەرێمی كوردستانەوە ئەمەش زیان بە هونەر و كلتوری نەتەوەی كورد دەگەێنێت، میوزیسانێكیش، دەڵێت: دوژمنان كاتێك دەتوانن نەتەوەیەك داگیربكەن كە كلتوریان لە ناو بەرن.


گۆرانی بیانی و كلتور و هونەری دەرەكی، خەریكە دەبێتە جێگرەوەی هونەری ڕەسەن و كلتوری هەزاران ساڵەی گەلی كورد لە هەرێمی كوردستان، بەشێوەیەك کە ئاوازە ڕەسەنەكانی گۆرانییە كوردییەكان لە لایەن بەشێک لە هونەرمەندانی ناوخۆوە دەشێوێنرێت و بەشێوازێکی بیانی دەوترێتەوە، هونەرمەندان و موزیسیانانی شاری کەرکوک لەو بارەیەوە بۆ ڕۆژنیوز دەدوێن.

ڕزگار حەمە ڕەئوف، هونەرمەند و موزیسیان دەڵێت "داگیركەرانی كورد بەردەوام لە هەوڵی ئەوەدابوون بێن كەلتوری ئێمە داگیربكەن و وڵاتمان داگیربكەن، دیارە داگیركاری تەنها بە تۆپ و تەیارە ناكرێت، ئەو تەوژمە لە هێنانی مویزیك و كلتوری بێگانە بۆ ناو هونەر و كلتوری كوردی دیارە بۆ خۆی جۆرێكە لە داگیركردن، بەداخەوە هەندێك لە كەناڵەكانی ڕاگەیاندن بە پەرۆشەوە پێشوازی لەو تەوژمە داگیركارییە دەکەن".

دەشڵێت: "گرنگە وەزارەتی ڕۆشنبیری بە پلەی یەك دواتر سەندیكای هونەرمەندان و هەموو ئەو ڕێكخراوانەی كە بۆ خزمەتی هونەر و كلتور دامەزراون هەوڵەكانیان چڕ بكەنەوە بۆ ڕێگریكردن لە لەناوچوونی كلتور و هونەری كوردی، ئەكرێت لەمە بەدواوە كار بكرێت بۆ پێشخستنی هونەر و كلتوری كوردی، بەداخەوە دەڵێم تەوژمی كلتوری بێگانە خەریكە هەناسەی هونەری كوردی دەبڕێت".

حەمە ڕەئوف كەركوكی، یەکیکی دیکە لە هونەرمەند و گۆرانبێژە دیارەکانی شاری کەرکوکە و لەسەر دۆخی هونەری کوردی وتی: "دەربارەی دۆخی هونەری كوردی تا ڕادەیەك من گەشبینم، گەشبینم چونكە كۆمەڵێك گەنج و لاوی دەنگخۆش هەیە ئەگەر هاوكاری بكرێن ئایندەیەكی باشیان دەبێت بۆ هونەری كوردی، تەنها ڕەخنەی من لەسەر ئەو هونەرمەندانە ئەوەیە هەر وەك چۆن ئێمە دەستمان پێكرد، بۆیە دەبێت هەرەیەك و ببێت بە خاون ستایل و گۆرانی تایبەتی خۆیان و تۆزێك دووربكەنەوە لە لاسایی گۆرانی بیانی، بەڕاستی ئەو جۆرە زۆر كاریگەری كردۆتە سەر هونەری كوردی".

ئاماژەی بەوەشكرد: "لە ئێستادا نەك ئەوەی كار بە ئاوازەكانی خۆمان ناكرێت، بەڵكو ئێستا ئاوازی بیانی زۆر دەهێنرێتە هەرێمی كوردستان و دەكرێن بە گۆرانی، هیوادارم بتوانن لە چوارچێوەی هونەری كوردیدا خۆیان ببینەوە، هەروەك دەزانین فۆلكۆری كورد زۆر دەوڵەمەندە، دەتوانرێت لەو فۆلكلۆرانە ئاوازی تازە دەربهێنرێت و دووربكەنەوە لە هونەر و كلتوری بێگانە".

خەندە كەركوكی، خانمە هونەرمەندی گۆرانیبێژی شاری كەركوك، لەسەر هەمان پرس بەمشێوەیە بۆچوونی خۆی دەربڕی و وتی: "سەبارەت بە ڕەوشی هونەر ئەوەی كە من بتوانم باسی لەسەر بكەم لایەنی گۆرانی وتنە، هونەری كوردی تا ڕادەیەك باشە ناڵێین خراپە، بەڵام ئەوەندە هونەری بێگانە زۆر بووە لەگەڵ هونەری كوردی تێكەڵ بووە و خەریكە هونەر لە بەرچاوی خەڵك دەكەوێت، بەوجۆرە هونەرانە کاریگەری خراپ دروست دەبێت، بەشێوەیەك هونەری كوردی خەریكە مۆركی خۆی لەدەسدەدات، بۆیە داوام لەو گەنجانە هەیە كە تازە لەگەڵ هونەر ئاشنا دەبن تكام وایە لە هونەری بێگانە دوور بكەنەوە، چونكە ئەو شێوازە هێنانە ناوەی كلتوری بێگانە بۆ ناو كوردستان، ئامانج لە ناوبردنی كلتور و هونەری كوردە".

ک.س