هونەرمەندان بۆ پشتگیری لە ڕۆژئاوای کوردستان ئامادەکاری بۆکۆنسێرتێک دەکەن

هونەرمەندانی میوزیک ژەن و گۆرانیبێژ، لە شاری سلێمانی بە مەبەستی پشتگیریکردن لە ڕۆژئاوای کوردستان و ئیدانەکردنی هێرشەکانی دەوڵەتی تورک ئامادەکاری بۆ ئەنجامدانی کۆنسێرتێکی جەماوەری دەکەن.


بە مەبەستی پشتگیریکردن لە تێکۆشان و ئیرادەی خەڵکی ڕۆژئاوای کوردستان و شەڕڤانان، بەڕێوەبەرایەتی گشتی ڕۆشنبیری سلیمانی، بەشی هونەرەکانی موزیکی سلێمانی، هەڵدەستێت بە ئەنجامدانی کۆنسێرتێکی هونەری.

کۆنسێرتەکە لە لایەن فەرمانبەرانی بەشی هونەرەکانی میوزیکی سلێمانی-یەوە دەبێت کە چەند سرودێکی نەتەوەیی تایبەت بۆ بەرخۆدانی ڕۆژئاوا ئامادە دەکەن و لە بەر دەرکی سەرا کە ناوەندی سەرەکی شاری سلێمانیی و هاوکات شوێنێکی دیاری ئەو شارەیە نمایش دەکەن.

ئامانجی هونەرمەندان لە ئەنجامدانی ئەم کۆنسێرتە، هەڵوێست نیشاندانە بەرامبەر بارودۆخی ڕۆژئاوای کوردستان و پشتگیریکردنی هێز و ئیرادەی شەڕڤانانە.

جێگای ئاماژەیە بەڕێوەبەرایەتی هونەرەکانی میوزیک، لە ئامادەکاریدایە بۆ ئەنجامدانی ئەو کۆنسێرتە، بەڵام کاتەکەی و ژمارەی ئەو هونەرمەندە گۆرانیبێژ و موزیکژەنانەی بەرشداری کۆنسێرتەکە دەبن، جارێ دیاری نەکراوە.

ک.س