"هونەرمەندان دەتوانن ڕۆڵێکی سەرەکیان هەبێت لە یەکێتی نەتەوەییدا"

گۆرانیبێژانی شاری سلێمانی، داواکارن هەموو هونەرمەندان هەوڵەکانیان بۆ یەکدەگی کورد بەخەنەگەڕ، دەشڵێن: هونەرمەندان دەتوانن ڕۆڵێکی سەرەکیان هەبێت لە یەکێتی نەتەوەیی.


داواکارییەکان بۆ یەکدەنگی کورد تەواویی هاوڵاتیانی باشوری کوردستانی گرتووەتەوە، لەو چوارچێوەیەدا گۆرانیبێژانی شاری سلێمانی بۆ ڕۆژنیوز دەدوێن.

یاسین قەرەداغی باس لەوە دەکات، کە هەر لە مێژووەوە دوژمنانی کورد بە دەرفەتیان زانیوە و لە سەر  پەرتبوون و کەرتبوونی لایەنەکان کاریان کردووە، هەروەها هەوڵی هونەرمەندانی کوردی بۆ یەکێتی نەتەوەیی بە گرنگ زانی و وتی: هەر وڵاتێک کە بتەوێت لێکۆڵینەوەی لەسەر بکەی دەبێت سەرەتا هونەرەکەی سەیرکەیت، بۆیە دەتوانم بڵێم بەشێک لە شارستانی و پێشکەوتنی گەلان بەندە بە هونەرەکەیانەوە، بۆیە هونەرمەندان دەتوانن ڕۆڵێکی سەرەکیان هەبێت لە یەکێتی نەتەوەیی.

سۆران عەبدوڵا داوای کرد، کە هونەرمەندان بە ئازادی کار بکەن و یەکگرتووبن، بەتایبەت "لەم کاتە ناخۆشانەی کە گەلەکەمان پێیدا تێپەڕدەبێت، گرنگە هەوڵدان بۆ یەکدەنگی کورد".

هەروەها محەمەد عەبدول بەگرنگی دەزانێت، کە "هەموو هونەرمەندانی باشور، باکور، ڕۆژهەڵات بێت یان ڕۆژئاوا، لە کاتی کارەسات و پرسە نەتەوەییەکاندا هەموومان یەکگرتووبین، ئەوە جێی خۆشحاڵییە کە شاندێک لە هونەرمەندان هەوڵ بۆ یەکێتی نەتەوەیی دەدەن،، بەتایبەت لە وڵاتانی دەرەوە، من بە هەموو شێوەیەک ئامادەی هەموو جۆرە هاوکارییەکم.

س.ح