هونەرمەندان هۆکاری لاوازیی هونەری کوردی لە باشور دەخەنەڕوو

دەرهێنەران و هونەرمەندانی باشوری کوردستان ڕایدەگەیەنن، بەرهەمە هونەرییەکان وەک پێویست بەرەوپێش نەچوون و لاوازن، ئاماژە بۆ ئەوەش دەکەن، هێشتا بودجەی پێویست بۆ بەشە جیاوازەکانی هونەر تەرخان نەکراوە و بەرپرسان گرنگی پێویست بە هونەر نادەن.


بە وتەی هونەرمەندان، کە لەم ڕاپۆرتەدا بۆ ڕۆژنیوز قسە دەکەن، دۆخی هونەر لە باشوری کوردستان لە ئاستی پێویستدا نییە، ئەوەش بووەتە هۆی ئەوەی بەرهەمە هونەرییە بیانییەکان شوێنی بەرهەمی ناوخۆیی بگرێتەوە و هاوڵاتیان بۆ لای خۆی ڕاکێشێت.

ناسر حه‌سه‌ن، ده‌رهێنه‌ری بواری سینەما و دراما باسی لەوە کرد، به‌هۆی ئه‌وه‌ی كۆمپانیا و سه‌رمایه‌دارەکان دۆستی هونه‌ر نین و بودجه‌یه‌كی باش لەبەردەستدا نییه‌ بۆ به‌رهه‌مهێنانی زنجیرە دراما و فیلمی سینه‌مایی و كورته‌ فیلم، نه‌توانراوه‌ وه‌ك پێویست هونه‌ری ناوخۆی باشووری كوردستان پێشبکەوێت.

لەبارەی ئەو چالاکییە هونەرییانەی ناو بەناو لە شارە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان وەک دیدار و فیستیڤاڵی هونەریی بەڕێوەدەچن، ناسر حەسەن پێیوایە ئەو چالاکیانە نه‌بوونه‌ته‌ هۆكاری ئه‌وه‌ی‌ هونه‌ری كوردی ژێرخانێك بۆ خۆی دابنێت، جەختیشدەکاتەوە:"ئه‌گه‌ر كۆمپانیای باش و بودجه‌ی باش هه‌بێت، درامای و سینه‌مای كوردی هەنگاوی باش بەرەو پێش دەنێت".

ڕۆشنا ئه‌حمه‌د، شانۆكار، پێیوایە تا ئێستا شانۆ ڕۆڵی خۆی لە کۆمەڵگادا نه‌بینیوه،‌ "ئه‌ویش به‌هۆی نه‌بوونی بودجه‌یه‌كی باشه‌وه‌، هه‌ر ئیشێكی شانۆیی ده‌كه‌ین پێویستمان به‌ بودجه‌ی باش هه‌یه‌، چونكه‌ بودجه‌ ده‌توانێت هه‌موو به‌شه‌كانی شانۆیەکی سەرکەوتوو دابین بكات".

هەروەها دەڵێت: "هه‌ركات پرۆژه‌یه‌ك هه‌بێت بۆ دروستبوونی شانۆگه‌رییه‌كی باش، ده‌بێت به‌شوێن سپۆنسه‌ردا بگه‌ڕێین، ئەگەر دەستمان نەكه‌وێت، ئه‌و كات هه‌ركارێك ده‌كه‌یت به‌ دڵی بینه‌ر ده‌رناچێت".

هەروەها بەبڕوای واحید كفری، ده‌رهێنه‌ر، لاوازبوونی هونه‌ر لە باشوری کوردستان بۆ چەند خاڵێک دەگەڕێتەوە: "وەک بێ پرۆژه‌یی و بە سیستمنەكردنی هونه‌ری كوردی له ‌لایه‌ن ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران و وه‌زارەتی ڕۆشنبیری، به‌داخه‌وه‌ تا ئێستا سینه‌مایان به‌هه‌ند وه‌رنه‌گرتوه‌ یان وه‌ك پرۆژە‌ سه‌یریان نه‌كردووه‌".

واحید كفری، باس لەوەش دەکات تا ئێستا کۆمپانیای تایبەت نییە لە باشوری کوردستان بە بەرهەمهێنانی فیلم و دراما، بۆیە بەرهەمە ناوخۆییەکان لە ئاست پێویستدا نین.

دۆخی شانۆش لە باشور کوردستان جیاواز نییە لە فیلم و دراما، بەڵکو شانۆکارانیش بەدەست هەمان سەختییەوە دەناڵێنن.

ک.ک