هونەرمەندان یەکدەنگن بۆ یەکڕیزی کورد

هونەرمەندانی شاری سلێمانی پێشوازی لە داواکاری هەر دوو هونەرمەند دیار دێرسیم و خەلیل خەمگین، دەکەن کە بۆ خەباتی یەکێتیی نەتەوەیی هونەرمەندانی کوردستان و پێکهێنانی یەکێتیی نەتەوەیی کورد هەوڵ دەدەن و پێشەنگایەتی دەکەن، لەم بارەیەوە هونەرمەندان دەدوێن و بووچونی خۆیان لەسەر یەکڕیزیی کورد لە ڕێگەی هونەرەوە دەخەنەڕوو.


لە دوو ڕۆژی رابردوودا، بە بەشداری هەردوو هونەرمەند دیار دێرسیم و خەلیل خەمگین لەگەڵ هونەرمەندانی سلێمانی، پلاتفۆری هونەرمەندانیان پێکهینا، کە ئەرکی سەرەکیی پلاتفۆرمەکە ئامادەسازیی دەبێت بۆ سازکردنی کۆنسێرتێکی نەتەوەیی بە بەشداریی هونەرمەندانی هەرچوار پارچەی کوردستان، کە بڕیارە مانگی ٥ی ئەمساڵ بەڕێوەبچێت.

خەلیل خەمگین، دەربارەی سەردانکرنیان بۆ لای هونەرمەندانی شاری سلێمانی، وتی: مەبەستمان لە سەردانکردنمان بۆ لای ئەم هونەرمەندانە، لە دەرەوەی هەموو بیروباوەڕ و ڕێکخستنە سیاسییەکان ئەوەیە، کە خۆمان هەوڵدەدەین بۆ دروستکردنی یەکێتی نەتەوەیی، تا پرسە مێژوویی سیمبولییەکانمان بە هونەر زیندوو بکەینەوە.

دیار دێرسیم-یش دەڵێت: لەم سەدەیەدا کە کورد ڕووبەڕووی داگیرکاری و کۆمەڵکوژیی بووەتەوە، ئەگەر یەکێتی نەتەوەیی دروستبکەین دەتوانین ئەم سەد ساڵە بکەینە سەد ساڵی کوردان و ڕێگربین لە کۆمەڵکوژیی و کلتوری خۆمان بپارێزین و بە بێدەنگیمان لە بەردەم مێژوودا تاوانبار نەبین.

هەروەها شیلان عوسمان'ی هونەرمەند، وتی: ئەم هەوڵە بۆ ئەوەیە کە هونەرمەندان لە هەر چوارپارچەی کوردستان پێکەوە تەبا بین و پێکەوە کۆنسێرتێکی نەتەوەیی گەورە ئەنجام بدەین.

جەزای ساز یەکێکی دیکە لە هونەرمەندانە و باسی لەوە کرد: یەکبوون لە هەموو پرسەکاندا گرنگی خۆی هەیە، بە تایبەتی ئێمەی هونەرمەندان لە پرسێکی نەتەوەییدا ئەگەر یەکگرتووبین پەیامەکانمان جوانتر دەگات، چونکە هونەرمەند خاوەن پێگەیەکی گەورەیە و دەبێت بە یەک دەنگ بۆ ئازادی و یەکگرتووی پڕ بە گەروو هاوار بکەین.

نیان عەبدوڵا' هونەرمەندیش، ئاماژەی بە ڕۆڵی ژنان دا و وتی: زۆر گرنگە کە ژنانیش ڕۆڵیان لە بەرەوپێشبردنی گەل هەبێت و نیشانی بدەین، کە گەلێکی پێشکەوتووین، ئەم جۆرە کۆڕ و کۆبوونەوانەش بۆ یەکتر ناسینی هونەرمەندانی هەر چوارپارچە تایبەتمەندی هەیە و ڕێگەخۆشکەرە بۆ یەکگرتوویمان و بۆ دوژمنانیش دەیسەلمێنین، کە ئەگەر هەر یەکە و لە هەر شوێنێک بین ئەوا یەکگرتوویی کۆمان دەکاتەوە.

لوقمان سەلیم، هونەرمەندیکی دیکەیە و دەڵێت: هیوادارم ئەم جۆرە کۆبوونەوانە بەردەوامی هەبێت، چونکە کوردی هەر پارچەیەک بین لە ئەنجامدا لە نەتەوەیەکین و دەبێت پێش ئەوەی کە حزبی بین نەتەوەیی بین و گەلەکەمان خۆشبوێت، داواکاریش لە هەموو لایەنە سیاسییەکان دەکەین کە تێزە نەتەوەییەکانمان بپارێزین بە بێ لەبەرچاوگرتنی بەرژەوەندی حزبییەکان.

س.ح