هونەرمەندە ڕەسەنەكانی هەورامان لە پێشانگایەکی شێوەکاریدا

لە شارەدێی خورماڵ وێنەی بەشێك لە هونەرمەندە ڕەسەنەكانی هەورامان لە پێشانگایەکی شێوەکاریدا خرانەڕوو.


بەیانی ئەمڕۆ لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی ڕۆشنبیری خورماڵەوە، بەناونیشانی هونەر لەپێناو هونەردا، یەكەمین پێشانگای شێوەكاری، بۆ شێوەكار هاوكار گوڵپی لە پاركی گشتی ناوبازاڕی شارەدێی خورماڵ لە پارێزگای هەڵەبجە كرایەوە.

لەكردنەوەی پێشانگاكەدا ژمارەیەكی بەرچاو لەهاوڵاتیان و بەڕێوەبەری ڕۆشنبیری و هونەری پارێزگای هەڵەبجە بەشداربوون، تابلۆکان سەرجەمیان وێنەی بەشێک لە هونەرمەندە ڕەسەنەكانی ناوچەی هەورامان، وەك (عوسمان كێمنەیی، حەمە حسێن، شەفیق كەمنی، عەلی گوڵپی، سەباح هەورامی، فەتحوڵای ئەمینی و چەند هونەرمەندێكی دیكە)بوون.

هاوكار گوڵپی لەباری پێشانگاکەوە وتی: پێشانگاكە بەئامانجی خزمەتكردنە بە هونەرمەندەكانی ناوچەی هەورامان كە ساڵانێكە خزمەتی زۆریان بەهونەری هەورامی كردوە، لەڕێگەی ئەوانەوە هونەری ناوچەی هەورامان بەدەرەوە ناسێندراوە، هەروەها ئامانجێکی دیکەی پێشانگاکە ئەوەبووە هونەری شێوەكاری بخرێتە خزمەتی هونەری گۆرانیەوە.

ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد کە سەرجەم تابلۆکانی ناوپێشانگاکە ١٦ دانە بوون، كە پێوانەی هەر یەکێکیان ٥٠ سانتیمەترە بە ٧٠ سانتیمەترە، ئەو ماددانەشی تێیدا بەكارهاتوون لەدروستكردنی وێنەكاندا، تەنها قەڵەمی دار بووە لەگەڵ خەڵوز، "بەكارهێنانی ئەو دوو ماددە سادەییەش بۆ ئەوەیە خەڵكی هەورامان سودیان لەسروشت وەرگرتووە".

ک.س