هونەرمەند ڕۆستەم عەزیز پڕۆژەیەکی هونەری بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی کۆمەڵگا دەستپێکرد

ڕۆستەم عەزیز هونەرمەندی شێوەکار، پڕۆژەیەکی هونەری دەربارەی چارەسەرکردنی کێشەکانی کۆمەڵگا لە باخی گشتی شاری سلێمانی دەستپێکرد.


ئەمڕۆ لە باخی گشتی شاری سلێمانی، هونەرمەندی شێوەکار ڕۆستەم عەزیز و چەند هونەرمەندێکی دیکە پڕۆژەیەکی هونەرییان پێشکەشکرد بەمەبەستی بەرەو پێشبردنی کۆمەڵگایەکی دیموکراتیک و کۆمیناڵ کە بتوانێت گفتوگۆ بکەن و کێشەکانی کۆمەڵگا چارەسەربکەن.

"گفتوگۆ بکە و بەشداربە"

لە شاری سلێمانی چەندین جێگای مێژوویی و کلتوری دەڕوخێنرێت، هونەرمەند ڕۆستەم عەزیز و هونەرمەندانی دیکە کە بەشداری پڕۆژەکەیان کردووە، دەیانەوێت خەڵک لەم کێشانە هۆشیار بکەنەوە.

گفتوگۆکان دەربارەی کۆمەلایەتی، ئابوری، کلتوری و سیاسی بەڕێوەدەچێت، لەو جێگایەی کە کارە هونەرییەکانیان نیشاندا پانکارتی" ئێمە لێرەین، ئێوەش وەرن! گفتوگۆ بکە، بەشداربە" هەڵواسراوە.

هاوکات تابلۆیەکی ڕەش هەڵواسراوە بۆ ئەوەی خەڵک هەڵوێستی خۆیان بە وشەیەک یان ڕستەیەک دەرببڕن، ئەو کەسانەی کە بەشدار دەبن و هەڵوێست دەردەبڕن، نوسینەکانیان نیشان دەدرێت، پڕۆژەکەش ئەمڕۆ دەستیپێکردو بڕیار وایە بۆ ڕۆژانی داهاتووش بەردەوام دەبێت.

سەبارەت بە چۆنێتی و ئامانجی پڕۆژەکەیان، ڕۆستەم عەزیز هونەرمەند ئاماژەی بۆ ئەوەکرد، ئەوان هەوڵ دەدەن تێبگەن کە کەسایەت و کۆمەڵگا چۆن دەتوانن بەشداری ئەو گفتوگۆیە ببن، هاوکات ئامانجێکی دیکەش ئەوەیە کە لەڕێگای هونەرەوە گەل بەشداری چارەسەرکردنی کێشەکانی کۆمەڵگا ببێت.

ڕۆستەم عەزیز هونەرمەندی شێوەکار، ساڵی ١٩٧٦ لەدایکبووە، خەڵکی سلێمانیە، ساڵی ١٩٩٣ دەستی کردووە بە کاری هونەری و بەشی هونەری خوێندووە.

ب.ش