هونەری بێگانە پاشەکشە بە هونەری کوردیی دەکات

ئەکتەرێک، ڕایدەگەیەنێت، کە لە باشوری کوردستان هونەر لە قەیراندایە و بەرهەمە هونەرییەکان زۆر کەم و لاوازن، ڕەخنە لە میدیاکان دەگرێت، کە تەنیا گرنگیی بە بەرهەمی بیانیی دەدەن، دەشڵێت: وەزارەتی ڕۆشنبیریی هیچ پلان و بەرنامەیەکی نییە بۆ بەڕێوبەرایەتییەکانی ڕۆشنبیریی.


سەربەست ئەحمەد، ئەکتەر و شانۆکار سەبارەت بە ڕەوشی ڕۆشنبیریی و هونەری کوردیی لە باشوری کوردستان بۆ ڕۆژنیوز دەدوێت.

سەربەست ئەحمەد، پێیوایە، کە ئێستاهونەر لە باشوری کوردستان لە قەیراندایە و وتی: بەرهەمە هونەرییەکان زۆر کەم و لاوازن و گرنگیی بە کلتور و فەرهەنگ و هونەری کوردیی نادرێت.

سەبەست، ئاماژەی بە هۆکاری کەوتنە قەیرانی هونەری کوردیی کرد و وتی:"کەناڵ و میدیا کوردییەکان زۆر کەمتەرخەمن بەرامبەر بە دەرهێنەر و هونەرمەند و بەرهەمە کوردییەکان، ئەوەندەی گرنگیی بە دۆبلاژ و نیشاندانی کلتور و هونەری وڵاتانی بێگانە دەدەن، گرنگیی بە بەرهەمی کوردیی نادەن و پەراوێزیان خستووە".

ئەو هونەرمەندە، کە دانیشتووی شارۆچکەی کەلاری ئیدارەی گەرمیانە ڕەخنەشی لە وەزارەتی ڕۆشنبیریی گرت و وتی: وەزارەتی ڕۆشنبیریی هیچ پلان و بەرنامەیەکی نییە بۆ بەڕێوبەرایەتییەکانی ڕۆشنبیریی، ئەوەی گرنگیی پێدەدەن تەنها ناوەندەکانن هیچ گرنگییەک بە شارۆچکە و شارەدێکان نادەن، لەکاتێکدا پڕن لە چیرۆکی جۆراوجۆر بۆ کاری هونەریی.

ش.ف