‌هێمن موکریانی شاعیری، گەل و ژان و ئەوین

شاعیری ناوداری کورد، "هێمن موکریانی" شاعیری، گەل و ژان و ئەوین دوای تەمەنێک تێکۆشان بۆ گەل و خزمەت بە ئەدەبی کوردی، ٣٤ ساڵ لەمەوبەر لە وەها ڕۆژێکدا کۆچی دوایی کرد.


'سەید محەمەد ئەمین شێخولئیسلامی موکری' ناسراو بە 'هێمن موکریانی' کوڕی 'سەید حەسەنی موکری'ـە و دایكی ناوی زەینەب و كچی شێخی بورھان بووە كە ئێستا بنەماڵەیەكی ناسراوی موكریانن، هێمن لە شەوی ١٨ی مانگی نیسانی ساڵی ١٩٢١ـدا لە گوندی 'لاچین'ی سەربە شاری مەهاباد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەدایکبووە.

هێمن لە سەردەمێکدا لە دایک بوو کە تازە شەڕی یەکەمی جیهانی کۆتایی هاتبوو و دەسەڵاتی ئێران کەوتبووە دەست ڕەزا خانی پەهڵەوی پاشای ئێران، کە بە هاوتای ئاتاتورک لە تورکیا دادەنرێت و بەپێی ئەو ئەرکەی پێیان سپێردراوە، هەوڵی تواندنەوە و لەناوبردنی ئەتنیکەکانی ناوچەکە دەدەن، ڕەزاخان لە سەرەتای بە دەسەڵات گەیشتنیدا دەست بە تواندنەوەی گەلانی ئێران دەکات و وەک جلوبەرگ و زمانی نەتەوەکانی دیکەی ناو جوگرافیای ئێران، پوشینی جلوبەرگی کوردی قەدەغە دەکات و بە دامەزراندنی خوێندنگا حکومییەکان هەوڵی سڕینەوە و لەناوبردنی زمانی کوردی دەدات، ھێمن لەم كەشوھەوایەدا گەورە دەبێت، بەش خوراوی و كۆیلایەتی مرۆڤ وەكوو خوێن لە مێشك ودەمار و ئێسك و پێستی دا دەگەڕێ و دەبێتە سەربەندی ژیانی.

هێمن لە كاتی منداڵیدا گوێ لە حەكایەتەكانی دایە مرۆت دەگرێ، كە پیرەژنێكی دنیا دیو‌ی گوندەکەیان بووە و زۆر شتی بەنرخی لێ فێر دەبێت، بەهۆی ئەوەی ئەوکاتە لە گوندەکەیاندا خوێندنگا نەبووە، سه‌ره‌تای خوێندنی ‌لای مامۆستا 'سه‌عید ناكام' لە گوندی لاچین ده‌ستپێدەکات، مامۆستا سەعید پێش ئەوەی ئەلف‌وبێی فێر بكات، بزنۆكێ و مەڕنۆكێی حسێنی حوزنی موكریانی بۆ دەخوێنێتەوە و ھێمن لە بەری دەكات و ھەروەھا شێعرەكانی شێخ ڕەزا و زۆر شتی دیكەی لێ فێر دەبێت، بەڵام باوكی دەینێرێتە شاری مه‌هاباد و له خوێندنگای "سه‌عاده‌ت"ـدا دەست بە خوێندنی فه‌ره‌می دەکات، بەهۆی ئەوەی هیچ زمانێک جگە لە کوردی نازانێت لەلایەن هاوپۆلەکانییەوە ڕووبەڕووی گاڵتەکردن دەبێتەوە، بەڵام وەک باس دەکرێت قوتابییەکی زیرەک بووە و تا پۆلی چوارم سەرکەوتووانە لەوێ دەخوێنێت.

هەر لەو سەردەمەدا هێمن دەست بە نووسینی شیعر دەکات و هەندێک جار بۆ هەژاری هاوڕێی دەیانخوێنێتەوە کە هەژار لە پێشەکی  دیوانی سەیفولقوزاتدا، بەم جۆرە باسی دەکات: "بۆ نەگبەتی ھێمن وە شیعر ھاتبوو، ھەروا گارەگارەی دەھات، جار و بارە شێعرێكی نیوە و كۆڵەی خواری لاپانی دادەنا، بە فیزەوە نیشانی دەدام، یانی ھا بم ناسە، من چیم، منی كڵۆڵ نەمدەتوانی مێعریش بكەم".

هێمن لە تەمەنی ١٧ ساڵیدا دەست لە خوێندن هەڵدەگرێت و لە گوندەکەی خۆیان خەریکی کاری کشتوکاڵ دەبێت و شەوانەی تەمەنیدا بە خوێندنی کتێب و نووسینەوەی شیعر تێپەڕ دەکات، بەڵام باوکی پێیدەزانێ و دەفتەری شیعری دەسووتێنیت.

لەو سەردەمەدا تازە ناوی 'کۆمەڵەی ژێ کاف' دەکەوێتە سەر زمانەکان کە لە مەهاباد دامەزراوە، هێمن پەیوەندیی بە کۆمەڵەکەوە دەکات و لەناو کار و خەباتی سیاسیدا جێی دەگرێت و وەک پێشمەرگە دەبێتە ئەندامی کۆمەڵەی ژێ کاف، ناوی "هێمن"ـیش دەگەڕێتەوە بۆ ئەو ئەندامبوونەی لە کۆمەڵەکەدا کە لەو سەردەمەدا ئەندامەکان ناوێکی نهێنیان هەبووە، هێمن خۆی وەها باسی دەکات: "من ھیچم لە پێشمەرگایەتی لێ حاڵی نەبوو و ھیچ كەڵكێكم لێی وەرنەگرت، تەنیا ئەو خێرەی بۆ من ھەبووە، ئەویش كە ئەو ناوە دوورودرێژەی لە كۆڵ خستم".

ھێمن لەناو "ژێ کاف" دەبێتە دەستەی نووسەرانی گۆڤاری نیشتمان و دواییش گۆڤاری ئاوات، دوای دامەزراندنی حزبی دیموکرات کە درێژەپێدەری کۆمەڵەی ژێ کافە، ھێمن بۆ یەكەم جار لە مزگەوتی سووری مەھاباد لە بەرامبەر خەڵکدا شێعر دەخوێنێتەوە و دەبێتە 'سكرتێری دەستەی سەرۆکایەتی نەتەوەیی دیموكرات' و دوای ئەوەش لە كۆمیسیۆنی ڕاگەیاندنی حیزبدا دەستبەكار دەكات، لەناو دامودەزگای "كۆماری مەهاباد"ـدا بۆ دانانی كتێبی كوردی بۆ فێرگەكانی كوردستان كاری كردووە، لە گۆڤارەكانی ئەو کاتەی حیزب وەك؛ "كوردستان، ھاواری كورد، ھاواری نیشتمان، گڕوگاڵی منداڵان و ھەڵاڵە"ـدا شێعر و وتاری بڵاو كردۆتەوە، پێشەوا قازی محەمەد شانازی پێوە كردووە و وتوویەتی؛ "شێعرەكانی پڕ مانان ودەبێ تەواوی ئەندامانی حیزب لە بەری بكەن و بیكەنە پڕۆگڕامی تێكۆشینی خۆیان".

بە کشانەوەی هێزەکانی سۆڤیەت لە ئێران و هێرشی سوپای پاشایەتی ئێران و هەڵهاتنی سوپاکەی قازی، کۆمار دەڕووخێت و ئاواتەکانی هێمنیش دەمرن کە خۆی لەو بارەیەوە دەڵێت: "ئەو ڕووداوە دڵتەزێنە و ئەو كارەساتە جەرگ بڕە ھەموو كوردێكی بە شەرەفی خەمناك و تازیەبار كرد".

دوای ڕووخانی کۆمار و لە سێدارەدانی قازی و هاوڕێیانی، لەسەر داوای دایکی هێمن لەگەڵ کچێکی خاڵی خۆی هاوسەرگیری دەکات و بەرهەمی ئەم هاوسەرگیرییەش کوڕێک دەبێت بەناوی "سەڵاح".

ساڵی ١٩٥٣ لەسەروبەندی کۆدەتای سەربازی لە ئێراندا، هێمن لە گردبوونەوەیکدا لە ناوەندی مەهاباد، شیعری "دەبڕۆ ئەی شاھی خائین، بەغدا نیوەی رێت بێ" دەخوێنێتەوە و بەو هۆیەوە قاچاخ دەبێت و ماوەیەکی درێژ بە شاخەکانەوە دەبێت و دەچێتە باشور و ماوەیەکیش لە بەغدا وەک پەنابەر ژیان دەکات و بە دەستپێکردنی ناڕەزایەتییەکان لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لە ساڵی ١٩٧٩ دەگەرێتەوە بۆ مەهاباد. 

دوای سەرکەوتنی شۆڕشی گەلانی ئێران دژی دەسەڵاتی پاشایەتی ئێران، لە ساڵی ١٩٨٥ لە شاری ئورمیە، بەردی بناغەی گۆڤاری سروە دادەنێت و یەكەم ژمارەی گۆڤارەكە لە سەرەتای ھاوینی ئەو ساڵە دەگاتە دەستی خەڵك، ھێمن لەو بارەوە دەڵێت:‌ "ئومیدەوارم ئەم سروەیە ھەر بێ و ھەر دڵان ببووژێنێتەوە و ھەر گوڵان بگەشێنێتەوە و ھەر دڵی كوردان خۆش بكا".

دوای تەمەنێک خەبات و تێکۆشان لە ڕێگەی نیشتمان و ئەدەب و زمانی کوردیدا و پاش ساڵێک لە دەرچوونی گۆڤاری سروە، 'سەید محەمەد ئەمین شێخولئیسلامی موکری' ناسراو بە 'هێمن موکریانی'، شەوی ١٨ی مانگی نیسانی ساڵی ١٩٨٦، لە شاری ئورمیەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کۆچی دوایی کرد و ڕۆژێک دوای ئەوە لەسەر وەسیەتی خۆی لە گۆڕستانی "بوداغ ‌سوڵتان"ی شاری مەھاباد بە ئامادەبوونی جەماوەێکی زۆر بە خاک سپێردرا.

هێمن موکریانی لە تەمەنی ئەدەبیی خۆیدا، خزمەتێکی زۆری بە زمانی کوردی کرد و بەو هۆیەوە یەکێک لە شاعیرە هەرە بەناوبانگەکانی کوردستانە کە شیعرەکانی لەلایەن زۆرێک لە گۆرانیبێژە بەناوبانگەکانەوە کراوەتە گۆرانی و سرود.

بەشێک لە بەرهەمەکانی مامۆستا هێمن موکریانی بریتین لە؛

دیوانی ھێمن

بارگەی یاران

تاریک و ڕوون (شیعر و پەخشان)، ١٩٧٤

پاشەرۆک (شیعر و پەخشان)

توحفەی موزەففەرییە (فۆلکلۆری کوردی، کە کاری 'ئۆسکارمان'ـە و ھێمن وەریگێڕاوەتە سەر زمانی کوردی)

شازادە و گەدا

قەڵای دمدم

ھەواری خاڵی

چەپکێ گوڵ، چەپکێ نێرگز

ئەفسانە کوردییەکان (کاری قەنات کۆردۆ کە ھێمن وەریگێڕاوەتە سەر زمانی فارسی)

ناڵەی جودایی، شیعر ١٩٧٩

پاشەرۆکی مامۆستا ھێمن، کۆمەڵە وتار، مەھاباد ١٩٨٣

لە ئێستادا پەیکەرێکی مامۆستا هێمن موکریانی کە بەدەستی هونەرمەندی ناوداری کورد هادی زیائودینی دروستکراوە لە مەیدانێکی شاری مەهاباد دانراوە، هەروەها ماڵی هێمن لە شاری مەهاباد کراوەتە بنکەی پاراستنی ئاسەواری ناودارانی فەرھەنگ و ھونەری شاری مەھاباد و ناوی "سەرای هێمن"ی لێنراوە.

ک.س