هەزارمێرد شوێنێکی گرنگی مێژوویی بەڵام فەرامۆشکراو

ئەشکەوتی هەزارمێرد لە شاری سلێمانی، لەگەڵ ئەوەی شوێنەوارێکی گرنگی مێژووی و گەشتیارییە بەڵام فەرامۆشکراوە، بەڕێوەبەری شوێنەواری سلێمانی دەڵێت: زانیاری تەواومان نییە لەسەر ئەو شوێنەوارە و باوەڕیشمان بەو دوو لێکۆڵینەوەیە نییە کە لە سەدەی ڕابردوو لەسەر ئەشکەوتەکە کراوە، بۆیە داوامان لە دوو زانکۆی جیهانی کردووە بۆ ئەوەی پشکنینی نوێ بۆ ئەشکەوتەکە بکەن.


ئەشکەوتی هەزارمێرد، ئەشکەوتێکی گەورەیە، دەمێکی بەرفراوانی هەیە بەڵام قوڵییەکەی کەمە، بە ١٣ کیلۆمەتر دەکەوێتە باشوری ڕۆژئاوای شاری سلێمانی و بەتەنیشت شاخی بەرانانەوەیە، بە دووەم گەورەترین ئەشکەوت لە دوای ئەشکەوتی شاندەرەر ناسراوە، لەپاڵ ئەشکەوتی هەزارمێرد پێنج ئەشکەوتی دیکەی بچووک هەن، کە دەکەونە لای ڕاست و چەپی ئەشکەوتەکە بەڵام دەمەکانیان فراوان نییە و مرۆڤ ناتوانێت بە ئاسانی بچێتە ناویان بەڵام قوڵیان زۆرە لەخوار ئەشکەوتی هەزار مێردەوە گوندێک هەیە، هەر بەناوی هەزارمێردەوە ناونراوە، لە ئێستادا تەنیا ٢ ماڵ لەو گوندەدا ماوون.

بۆچی ناونراوە هەزارمێرد؟

ڕاوبۆچوونی جیاواز هەیە لەسەر ناوی ئەشکەوتی هەزارمێرد، بەشێکیان دەڵێن: لەبەرئەوەی  ئەشکەوتەکە گەورەیە جێگای هەزار پیاو بووەتەوە واتە هەزار پیاوی مەرد، یان ناوی ئەم ئەشکەوتە ڕەگ و ڕیشەی لە هەزار مێگەوە هاتووە بەمانای ئەوەی ئەم ناوچەیە لەبەهاراندا ئاو و سەوزایی و مێرگی زۆری هەیە.

کێن ئەوانەی لێکۆڵێنەوەیان لەسەر هەزارمێرد کردووە؟

گاروود (ئانی – ئەلیزالیب) ژنە زانایی بەناوبانگ کە لێکۆڵینەوەی لە چاخەکانی بەر لە میژوو کردووە، لە ساڵی ١٩٢٨ لەلایەن دەزگای نێردراوی هاوبەشی قوتابخانەکانی ئەمریکا، لەگەڵ کۆمەڵەی بێرسی سلادن پێکەوە پشکنینیان لەسەر ئەشکەوتە گەورەکەی هەزارمێرد کردووە کە ماوەی ١٨ ڕۆژ لەناو ئەشکەوتەکە و لاکانی و بەردەم ئەشکەوتەکە و ناوەڕاستەکەی لە پشکنینی بەردەوامدا بوون و لە ئەنجامدا گاروورد گەیشتە ئەوەی ئەم ئەشکەوتە چینەکانی بەسەر ٣ سەردەمی شارستانیەتدا دابەش بکات.

چینی یەکەم: پاشماوە دۆزراوەکانی ئەم چینە بۆ سەردەمی نوێ لە مێژوو دەگەڕێتەوە واتە سەردەمی شارستانی ئیسلامی تێیدا کۆمەڵێک گۆزە و گڵێنەی جۆراو جۆری تێدا دۆزاوەتەوە. لەگەڵ ٣ گۆڕ کە یەکێکیان گۆڕی منداڵ بووە و لەگەڵ هەر گۆڕێکیشدا گۆزەیەک نێژراوە، لەگەڵ ئەوەشدا ٣ پارچە ئاسن دۆزراونەتەوە کە یەکێکیان سەری تیری بۆ بەرگریکردن لە خۆیان بەکاریان هێناوە، هەروەها ٢ پارچە دراویش دۆزراوەتەوە یەکێکیان سەردەمی بێزەنتینیە ئەوەی تریان هی سەردەمی ساسانییە.

چینی دووەم: ئەم چینە چینێکی تەنکە هەندێک بەردە ئەستێی جۆری ئۆرگانیشی (گریماڵدی)، لەبەردەئەستێی ئەشکەوتی شانەدەر (زەرزی) دەچێت واتە بۆ چاخی بەردینی سەروو یان ناوەڕاست دەگەڕێتەوە.

چینی سێیەم: ئەم چینە لە ئەشکەوتەکەدا یەکێکە لە گرنگترین بەشەکانی کنەو پشکنینەکەی گاروود، لەم چینەدا شوێنی ئاگردان و ئامێری بەردە ئەستیش دۆزراوەتەوە، بەڵام شوێنەکانیان لە یەک جۆر پیشەسازی بوون کە نزیک بوون لە جۆری ناسراو بە (مۆستیری) لە چاخی بەردینی کۆن.

ئەم بەردانە کە لەم چینەدا دۆزراونەتەوە بۆ ٣٠ بۆ ٥٠ هەزار ساڵ پێش زاینی دەگەڕێتەوە  کە هاوکات ئەم چینە لەگەڵ دۆزراوەی یەکێک لە چینی ئەشکەوتی شانەدەر لە یەکتری دەچن هەروەها هاوشێوەی ئەم بەردە ئەستێیانە لە فەلەستین لە ئەشکەوتی زەویتە و ئەشکەوتی شەکەبە دۆزراونەتەوە جگە لەوەش هاوشێوەی هەندێک بەردە ئەستێ بیابانەکانی خۆرئاوای شامن.

پێش گاروود لەلایەن سپایزەر لە ساڵی ١٩٢٦، کنە و پشکنین کراوە لە هەمان شوێن بۆ دەرخستنی زانیاری لەسەر چاخە کۆنەکانی مێژوو بەڵام زانیاری لەسەر ئەم لێکۆڵێنەوەیە نیە و پشتگوێخراوە.

هەزارمێرد شوێنەوارێکی گرنگ بەڵام فەرامۆشکراو

لەگەڵ ئەوەی ئەم ئەشکەوتە یەکێکە لە شوێنەوارە گرنگەکان، بەڵام کاتێک گەشتیار ڕوو دەکاتە ناوچەکە هیچ زانیارییەکی دەربارەی دەست ناکەوێت تەنیا وەک شوێنیکی نامۆ دێتە بەرچاویان.

ئارام شوانی، وتەبێژی گەشتوگوزاری سلێمانی، سەبارەت بەنەبوونی ڕێبەری زانیاری بۆ گەشتیاران بە ڕۆژنیوزی ڕاگەیاند، ئەوەی پێویست بوو بەڕێوەبەرایەتی شوێنەواری سلێمانی بیکات ئێمە کردوومانە و لە جیاتی ئەوان ڕێبەرمان بۆ دروستکردوە لە بۆنە گرنگەکاندا بەسەر گەشتیاراندا لە ناو فڕۆکەخانەکان دابەش دەکرێت کە بە ٨ زمان نوسراوە و پشتی بە لێکۆلێنەوەکەی گاروود بەستووە.

هاوکات کەمال ڕەشید، بەڕێوەبەری شوێنەواری سلێمانی بە ڕۆژنیوزی وت: ئەگەر ئێمە زانیاری تەواومان نەبێت لەسەر ئەشکەوتەکە چۆن بتوانین ڕێبەری زانیاری دروست بکەین و پشت ببەستین بەو لێکۆڵێەوانەی کە لە ڕابردوودا کراوە لەلایەن گاروود و سپایزەر، هەربۆیە ئەم زانیاریانە ڕەتدەکەینەوە، وتیشی: پەیوەندیمان کردوە بە زانکۆی شیکاگۆ و زانکۆی لێڤەرپۆلی بەریتانی کە لەهەموو جیهاندا تەنیا ئەم  دوو زانکۆیە کار لەسەر پشکنینی شوێنە مێژوویەکان دەکات، وا بڕیارە لە چەند ساڵی داهاتوودا ئەو دوو زانکۆیە تیمێکی شارەزا بنێرن بۆ لێکۆڵینەوەیەکی نوێ لە سەر ڕاستی و دروستی ئەو دوو لێکۆڵینەوەیەی پێشتر.

ئەوەی ماوە لەسەر ئەشکەوتەکە بوترێت جگە لە نەبوونی زانیاری ڕێگای گەیشتن بە ئەشکەوتەکە هێشتا هەر خۆڵە و چاڵ و چۆڵی زۆری تێدایە، لەگەڵ ئەوەشدا ژینگەکەی لەلایەن بەشێک لە هاوڵاتیانەوە ناپارێزرێت و لەسەر دیوارەکانی کۆمەڵێک ئاماژەی نەشیاوی تێدا نوسراوە، بتڵی ئاو و پاشماوەیەکی زۆریشی تێدا فڕێدراوە.

ک.س