هەفتەن: ڕێبەر ئاپۆ جارێکی دیکە شۆڕشی لای گەلانی بندەست زیندوو کردەوە

مەزڵوم هەفتەن، ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری کۆدار لە ساڵڕۆژی لەدایکبوونی عەبدوڵا ئۆجالان و دامەزراندنی پژاکدا، دەڵێت: ڕێبەر ئاپۆ توانی جارێکیتر وێنەی شۆڕش لەلای گەلانی بندەست زیندوو بکاتەوە، پژاکیش ئەمڕۆ ئەرکی مێژوویی خۆی لەچوارچێوەی هڵی سێیەمدا بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بەجێ دەهێنێت.


لە ساڵیادی لەدایکبوونی عەبدوڵا ئۆجالان ڕێبەری گەلی کورد و دامەزراندنی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان- پژاک کە چواری ئەم مانگەیە، مەزڵوم هەفتەن ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەریی کۆمەڵگای دیموکراتیک و ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان-کۆدار، ئەو یادە لە گەلی کورد و تێکۆشەرانی ڕێگای ئازادیی و پیرۆز دەکات  و پەیامی خۆی دەخاتەڕوو.

مەزڵوم هەفتەن دەڵێت: لەدایکبوونی ڕێبەر ئاپۆ زیندووبوونەوەی گەلێکە، بەوهۆیەوە ئەو ڕۆژە بۆ گەلی کورد واتایەکی تایبەتی هەیە، چونکە ئاپۆ لە کاتێکدا دەستی بە خەبات کرد، دوژمن بەسەر کوردستاندا بە تەواوی زاڵ بوو بوو، هیچ خۆڕاگرییەکی بەرچاو لە کوردستاندا نەمابوو، تەنانەت کورد حاشای لە خۆی دەکرد.

هەفتەن دووپاتیشی دەکاتەوە، "بۆ ئەوەی لە واتای دەرکەوتنی ڕێبەر ئاپۆ تێبگەین، دەبێت بارودۆخی ئەو کاتە بزانین کە کورد پێیدا تێپەڕیوە، بەجۆرێک ڕێبەر ئاپۆ لەسەرەتای شۆڕشی کوردستاندا بە ڕەخنەی توند لە دۆخی کۆمەڵگای کورد دەستیپێکردووە و پێیوابووە هیچ بنەمایەکی کوردبوون نەماوە و کورد خیانەت لە خۆی و نرخەکانی دەکات".

ئەو ئەندامەی کۆدار ئاماژە بەوەشدەکات، لە ڕابردوودا بە هەموو ناوێکی وەک چەپ و سۆسیالیست و کۆمۆنیست ڕێگە بە کورد دەدرێت کار بکات، بەڵام بە ناوی کورد و کوردستان هیچ ڕێگایەکیان پێ نەدراوە، "بەڵام ڕێبەر ئاپۆ لەوکاتەدا لە مەیدان دەردەکەوێت و دەڵێت  'کورد گەلێکە خاوەن ناسنامە و چاند و مێژووی تایبەتی خۆیەتی و پێویستە بەوشێوازە بناسرێت کە خۆی هەیەتی' تا ئەمڕۆش بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کورد لەسەر ئەو بنەمایە بەڕێوەدەچێت.

پێشیوایە ڕێبەر ئۆجالان کۆتایی بەو دابڕانە مێژووییە هێناوە کە لە کوردا دروست بووبوو، نەک هەرئەوەندەش، بەڵکو گرێیداوەتەوە لەگەڵ مێژووەکەی خۆیدا.

مەزڵوم هەفتەن دەڵێت: ڕێبەر ئاپۆ جارێکیتر وێنەی شۆڕشی زیندوو کردەوە و ئەو ڕاستیەی خستە بەرچاو، کە بندەستان دەتوانن چارەنووسی خۆیان بگۆڕن و سەرکەوتن بەدەستبێنن، هەربۆیە لە ڕۆژگاری ئەمڕۆدا ئاپۆ وەک سیمبولی خۆڕاگری و تێکۆشان لە هەرێمەکە و جیهاندا دەناسرێت.

لەبارەی ساڵیادی دامەزراندنی پژاک'یش هەفتەن وتی، پژاک بەپێی پێویستی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بە قۆناخێکی نوێ لە خەبات و تێکۆشان بە پێی ئەندێشەکانی ڕێبەر ئاپۆ دروستبووە و ڕەنج و تێکۆشانێکی زۆر و بە سەدان شەهیدی داوە.

هەفتەن وەها بەردەوامیی بە قسەکانی دا "ئەمڕۆ قۆناغێکی تایبەتە و کاتی دیاریکردنی چارەنووسە کە پژاک بە پلان و پرۆژە بە بنەما گرتنی ئەندێشەی ڕێبەرئاپۆ و هێڵی سێهەم بەشداری لەم قۆناغەدا دەکات و ئەمڕۆش ئەرکی مێژوویی خۆی بۆ دەستەبەر کردنی ئازادی و دیموکراسی بۆ گەلانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بەجێدەهێنێت".

لە کۆتاییدا بانگەوازیی بۆ یەکێتیی نەتەوەیی و یەکڕیزی حزبە کوردییەکان کرد و وتیشی: هەرچەندە دوژمنانی دەرەکی و هەندیک لایەنی ناوخۆیی لە بەردەم یەکیەتی کوردان ئاستەنگی دروست دەکەن، بەڵام بە هەموو زەحمەتیەکانەوە دەتوانرێت یەکیەتی نەتەوەیی دروست بکرێت و سەرکەوتن بەدەست بهێنرێت.

س.ح