هەفتەی چاندی کوردستان لە برۆکسل دەستیپکرد

پێنجەمین خولی هەفتەی چاندی کوردستان لە برۆکسلی پایتەختی بەلجیکا دەستیپێکرد.


هەفتەی چاندی کوردستان کە لەلایەن ڕێکخراوە کلتوری و کۆمەڵایەتییە کوردەکانەوە ڕێکخراوە، ئێوارەی دوێنێ لە برۆکسەلی پایتەختی بەلجیکا دەستیپێکرد.

لەسەر دەرگای هۆڵی بەڕێوەچوونی فێستیڤاڵەکە نووسراوە: 'ژنم، هەبوونم، بزوتنەوەم'.

کەمال ئاکتاش، پەرلەمانتاری پارتی دیموکراتی گەلان لە مەراسیمی کرانەوەی فێستیڤالەکەدا ئامادەبوو لە بارەی گرنگی چاند و کلتورەوە قسەی بۆ ئامادەبووان کرد.

کیەلت ڤان ئاختەر، پەرلەمانتارێکی بەلجیکیش لە مەراسیمەکەدا قسەیکرد و وتی، زۆر گرنگە مرۆڤ لە وڵاتی خۆی بە زمانی خۆی قسەبکات و پەروەردە ببینێت، هەروەها باسی لە فشاری حکومەتە داگیرکەرەکانی کوردستان بۆسەر گەلی کورد کرد و شەرمەزاری کرد، لەکۆتاییشدا وتی: ئێمە لە هەموو دۆخێکدا پشتگیریی گەلی کورد دەکەین.

ئەنستیتیوتی کوردی برۆکسل، کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان و ناوەندی جڤاکی کورد فێستیڤالی هەفتەی چاندی کوردستان بەرێوەدەبەن.

لەم هەفتەیەدا هونەرمەندانی کورد بەرهەمە هونەرییەکانیان پێشکەش دەکەن، هەروەها لە فێستیڤاڵی ئەمساڵ دا بەشێکی تایبەت بەرنامەکانی منداڵانیش داندراوە.

س.ح