هەورامان بێ گەشتیار نابێت و کەموکورتیشی هەیە

هەورامان ناوچەیەكی شاخاوی گەشتیارییە، ساڵانە لە هەموو وەرزەکاندا گەشتیار بۆ بەسەربردنی کاتێكی خۆش سەردانی دەکەن، بەشێکی سەرەکی هەورامان دەکەوێتە سنووری پارێزگای هەڵەبجەوە، بەڵام بەهۆی كەمی خزمەتگوزارییەوە گەشتیاران ڕەخنە لە حكومەتی هەرێم دەگرن و داوادەکەن گرنگی زیاتر بە دەڤەرەکە بدرێت.


جیاواز لە وەرزی بەهار، کە بە وەرزێکی تایبەت بۆ سەیران و گەشت ناودەبرێت، هەورامان لە وەرزەکانی هاوین، پایز و زستانیشدا گەشتیاران ڕوویتێدەکەن، بەهۆی پشتگوێخستنی شوێنە گەشتیارییەکانی هەورامان، هاوڵاتیان ڕەخنە لە دەسەڵاتداران و لایەنی پەیوەندیدار دەگرن.

لەگەڵ دەسپێكی وەرزی زستان و سەرما و سۆڵە، زۆرێك لە خاوەن چێشتخانە و كەبابخانەكانی هەورامان خۆیان ئامادە دەكەن تا لەكاتی هاتنی گەشتیاریی زستانە بەباشی پێشوازی لە گەشتیاران بکەن، چونکە هاوشێوەی وەرزەکانی دیکە لە زستانیشدا هەورامان بێ گەشتیار نییە.

دەربارەی گەشتیارانی هەورامان لە وەرزی زستاندا، لوقمان حمەڕەحیم خاوەنی یەكێك لە كەبابخانە و چێشتخانەكانی هەورامان دەدوێت و دەڵێت: ئێمە لەگەڵ هاتنی وەرزی زستان بەتایبەتی كاتی بەفر باین خۆمان ئامادەدەكەین بۆ پێشوازی لە گەشتیاران، هەموو كاتێك شوێنەكەمان كراوەیە و ڕۆژی پشوومان نییە، بۆ گەشتیارانیش هەوڵ دەدەین خواردنی خۆش و بەتام ئامادە بکەین.

سازگار علی یەكێكبوو لەو گەشتیارانەی لە شاری سلێمانییەوە سەردانی هەورامانی کردبوو بە مەبەستی بەسەربردنی کاتێکی خۆش، بەمشێوەیە باسی لە سروشتی ناوچەکە کرد "هەورامان شوێنێكی زۆر خۆش و دڵگیرە، بەڵام خزمەتگوزاریی كەمە، دەبێت حكومەت كارێك بكات تا ئەم شوێنە جوانە جوانتر بكرێت، ئێمەش لەم سەرمایەدا هاتووین بۆ ئەم ناوچەیە تا كاتێكی خۆش بەسەربەرین".

س.ح